سەدر دوا مۆڵەت دەداتە حکومەت

رێبەری رەوتی سەدر دوا مۆڵەت بە حکوومەتی وڵاتەکەی دەدات و ماوەیەکیش دیاری دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/9/2018، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە وتارێکدا رایگەیاندووە، ئەگەر حکوومەتی عێراق بەدەنگ داواکەیەوە نەچێت، ئەوا "کاردانەوەیەکمان دەبێت هیچ کەس بیری بۆ ناچێت و تەختی گەندەڵکاران دەهەژێنێت".

موقتەدا سەدر ماوەی چەند رۆژێکی وەک مۆڵەت دایە حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەسرە و بەدەنگەوەهاتنی داواکاریی خۆپیشاندەران و رایگەیاندووە، "ئەگەر تا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کێشەکانی بەسرە چارەسەر نەکرێن"، ئەوا ئەو تەختی گەندەڵکاران دەهەژێنێت.

لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی 2018ـەوە، هاووڵاتییانی بەسرە و دواتریش شارەکانی دیکەی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی شیرین و کارەبا و بێکاریی گەنجان، خۆپیشاندان دەکەن.

بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، نزیکەی یەک هەزار خۆپیشاندەر کوژراون و بریندار بوون، جگە لە دەستگیرکرانی سەدانی دیکە.

بەسرە کەوتووەتە باشووری عێراق، بە یەکێک لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە رووی سامانی سروشتییەوە دادەنرێت و شادەماری ئابووریی عێراقە، بەڵام حکوومەتی ئەو وڵاتە تەنانەت ئاوی خواردنەوەشی بۆ ئەو خەڵکە دابین نەکردووە.




PM:02:00:06/09/2018