سبەینێ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق رادەگەیەنرێت

عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق سی ڤی كاندیدانی كابینە نوێیەكەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد و بڕیارە سبەینێ حكومەتی نوێ رابگەیەنرێت.

ماڵپەڕی "غەد پرێس" بەپشتبەستن بەزانیارییەكانی لەناو پەرلەمانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، عادل عەبدولمەهدی راسپَردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق سی ڤی كاندیدانی كابینە نوێیەكەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران كردوە، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ئەزموون و كارەكانیان لەپێش پڕۆسەی دەنگدان لەسەر كابینەی نوێیەكە.

ئەوەشی ئاشكراكردوە، بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبێتەوەو عەبدولمەهدی و كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێیەكەی بەشداری بكەن و دواتر دەنگ لەسەر حكومەتی داهاتوو بدرێت، ئەگەر سبەینێ كۆبوونەوەكەش بەڕێوەنەچوو، ئەوە بەدڵنیاییەوە دوو سبەی ئەنجام دەدرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەئێستادا تەنها دەنگی ناڕازی سوننەكان هەیە بەرامبەر كاندیدكردنی چەند كەسێك بۆ پۆستی وەزارەت لە حكومەتە چاوەڕوانكراوەكەی عەبدولمەهدی.




PM:12:52:22/10/2018