ئەمڕۆ هەینی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی گشتی، كە وەزیرێك و پێنج پەرلەمانتاری ئێستا و دوو وەزیری پێشوو لەنێویاندایە، دەستەی دەستپاكی لە عێراق، فەرمانی دەستگیركردن و لێپێچینەوەی بۆ ٦٠پەرلەمانتار و بەرپرسی ناوخۆیی وڵات دەركرد.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ ٣٨ بەرپرسی دیکەی عێراقی بەتۆمەتی گەندەڵی دەرکردووە، کە بەشێکیان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقن و کەسێکیشیان پارێزگارە و دوو کەسی دیکەشیان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکانن، شەش کەسیشیان بەڕێوبەری گشتین هەروەها کەسێکی تریشیان جێگری وەزیرە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو: لەنێو ئەو بەرپرسانەدا کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، وەزیرێکی ئەم کابینەیەی حکومەت و دوو وەزیری کابینەکەی عەبادی، هەروەها پێنج ئەندامی ئەم خولەی پەرلەمانیشی تێدایە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا هەر پەرلەمانتارێکی لەلایەن دەستەی دەستپاکیی عێراقەوە سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت مافی پارێزبەندی لەسەر لادەبرێت و دەتواندرێت دەستگیر بکرێت.
رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، وێڕاى ئەو هەنگاوانەى حکومەتى عێراق، تا ئێستا خۆپیشاندانەکانى عێراق بەردەوامییان هەیە و خۆپیشاندەران تا ئێستا وەڵامێکییان وەرنەگرتووە کە جێی ڕەزامەندییان بێت.