"دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی كێشەكان چارەسەر ناكات"


لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، خۆپێشاندان لە عێراق دەستی پێ كرد و لەماوەی پێنج رۆژی گەرمی رووداوەكان، زیاتر لە ١٠٠ خۆپێشاندەر كوژران و هەزارانیش بریندار بوون. هاوکات شرۆڤەكارێکی سیاسی لە عێراق دەڵێت"  دەست لەكاركێشانەوەی  عادل عەبدولمەهدی كێشەكان چارەسەر ناكات، چونكە كێشەكە پێش ئەو دەستی پێ كردووە".


واسق جابری، شرۆڤەكاری سیاسی عێراق ئەمڕۆ یەک شەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ڕایگەیاند" ئەوەی روو دەدات تاقیكردنەوەیەكی باشە و پێویستە حكوومەت و پارتە سیاسییەكان گوێ بۆ داواكاری خۆپێشاندەران بگرن، ئەمڕۆ پڕۆژەی راستەقینەی دەوڵەت لە عێراق دەستی پێ كردووە بە گوشاری خەڵك و شەقام بەكردەنی بووەتە هاوبەشی بڕیاری سیاسی".


ئەو شرۆڤەكارە دەشڵێت: دەست لەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی كێشەكان چارەسەر ناكات، چونکە کێشەکە پێش ئەو دەستیپێکردووە، ئەوكات روو لە بۆشایی دەستووری و پشێوییەك دەكەین كۆتاییەكەی دیار نییە و رەنگە بگەین بە دۆخێكی نادیار و مەترسیدارتر لە بوونی گەندەڵی، بۆیە حكوومەت هەندێك چارەسەری دۆزیوەتەوە و دەبێت چاوەڕوانیان بكەین.


لە ٢٥ی تشرینی یەكەم خۆپێشاندانەكان دووبارە دەستیان پێ كردەوە و بەهەمانشێوە دەیان كوژراو و هەزاران برینداری تری لێ كەوتەوە و بەردەوامە، خۆپێشاندەران داوای گۆڕینی رژێمی سیاسیی عێراق دەكەن.
 



AM:09:58:03/11/2019