وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە پشووی شەممە و نیوەی ساڵ هەڵدەوەشێنێتەوە

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند" ئەگەر خۆپیشاندانەكان بەردەوام بێت، پشووی نیوەی ساڵ و ڕۆژانی شەممە هەڵدەوەشێننەوە".

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عیراق لە زاری زمیا ڕوبەیعی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بڵاویكردەوە" كە ئەگەر خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی زانكۆ لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بەردەوام بێت و لەسەر بەیكۆت سووربن، ئەوا پشووی نیوەی ساڵ "پشووی بەهارە" كەمدەكەینەوە یان بەتەواوی هەڵیدەوەشێنینەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە پشووی ڕۆژانی شەممەش هەڵبوەشێنینەوە".

 

لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند" کە ناتوانن ساڵی خوێندن دوابخەن یان هەڵبوەشێننەوە، چونكە زانكۆكان لە پارێزگاكانی باكور و ڕۆژئاوای وڵات و شارەكانی دیكە بەرەو تەواوبوونی کۆرسی یەكەم دەچێت و دەست بە پڕۆسەی تاقیكردنەوەی وەرزی دەكەن".

 

پێشتریش وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە ٢٠ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو، كە پشووی ڕۆژانی شەممە هەڵدەوەشێننەوە و پشووی نیوەی ساڵ كەمدەكەنەوە و داواشی لە خوێندكاران و كارمەندانی كەرتی پەروەردە كردبوو پابەندی دەوام بن.

 

 



PM:07:50:26/11/2019