خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەكانی باشوور دەستی پێكردەوە

ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە شارەكانی بەغدا و باشووری عیراق دەستی پێكردەوە و دەروازەکانی ناوچەی سەوز لەشارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخرا.

 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، دوای ئەوەی هاوپەیمانی بنیادنان دوێنێ یەکشەممە بەفەرمی قوسەی سوهەیل-ی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق پێشکەشی سەرۆک کۆمار کرد دەنگی ناڕەزایەتیی خۆپیشاندەران لە بەغدا بەرزتر بوونەوە.

 

میدیاکانی عێراق ئاماژەیان بەوەکردووە" وەك ئامادەكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هاتنەئارای هەر پێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراو، هێزە ئەمنییەكان دەروازەكانی ناوچەی سەوزیان داخستووە و رێوشوێنی توندشیان لە دەورووبەری ناوچەكەدا، گرتووەتەبەر".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە ئێواره‌ى رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ ٤ كوتله‌ى په‌رله‌مان به‌فه‌رمى ناوى قوسه‌ى سوهه‌یلیان ناردوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار وه‌ك پاڵێوراى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌ و پێیان وایه‌ پاڵێوراوى ئێرانه‌.

 

هاوکات دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکدا عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند" لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای مانگی ١٠ تاوەکو ئێستا ٢٦ حاڵەتی تیرۆرکردنی چالاکوانان تۆمارکراوە".

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون. 

 



PM:12:02:23/12/2019