جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی دەڵێت" بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای عێراق و چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە کە لە ئەنجامی دابەزینی بەهای نەوت دروستبوە، عێراق تاوتوێی قەرزی دەرەکی دەکات".
لە راگەیەندراوێکدا، نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی. د. فوئاد حسێن، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجەی کردوە بە ئامادەبونی پارێزگاری بانکی ناوەندی، بریکاری وەزارەت، بەڕێوەبەرانی بانکی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانی کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە کاریگەرییە ئابورییەکانی دابەزینی نەوت و رێککەوتنی ئۆپیک کراوە کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت عێراق رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل هەناردەی نەوت کەمبکاتەوە، هەروەها جێگرەوەی کورتهێنان بە داواکردنی قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی یان قەرزی دەرەکی تاوتوێ کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بەخشینی باج لەسەر هەموو ئەو پێداویستیانەی دێننەوە ناو وڵاتەوە کراوە، جگە لە هاوکارییە مرۆیی و رێکخراوەییەکان.