مالیكی: تا مانگی رەمەزان قەیرانی ئەلقاعیدە‌و داعش چارەسەر دەكەین

نوری‌ مالیكی‌ باس له‌ كێشه‌و ئاڵۆزیه‌كانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار ده‌كات و داواش له‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ سه‌ر به‌ داعشن بێنه‌ ناو ریزه‌كانی‌ حكومه‌ته‌وه‌ و هاوكاریان بكه‌ن‌و پێیشوایە لە مانگی رەمەزاندا عێراق پێشوازیی لە ئەنبارێكی نوێ دەكات.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ له‌میانه‌ی‌ وتاری‌ هه‌فتانه‌ی‌ خۆیدا، نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق باسی‌ له‌ كێشه‌ و ئاڵۆزیه‌كانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار كرد.

له‌به‌شێكی‌ وتاره‌كه‌دا مالیكی‌ داوایكرد سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌پێناو بنیاتنانه‌وه‌ی‌ پارێزگای‌ ئه‌نباردا كۆنگره‌یه‌كی‌ نیشتیمانی‌ ببه‌ستن.

هه‌ر مالیكی‌ وتیشی‌: پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان یه‌كهه‌ڵوێست بن و جیهاد له‌ دژی چه‌كداره‌كانی داعش و رێكخراوی قاعیده‌ رابگه‌یه‌نن.

مالیكی‌ له‌میانه‌ی‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: كێشه‌ و ئاڵۆزیه‌كانی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار له‌مه‌ زیاتر درێژه‌ ناكێشێت و له‌مانگی‌ ره‌مه‌زاندا عێراق پێشوازی‌ له‌ ئه‌نبارێكی‌ نوێ ده‌كات.




PM:02:21:28/05/2014