سەرلەنوێ جارێکی تر ئێران ئەو داوایەی دووپاتکردەوە کە پێشتر کردبووی بە رادەستکردنی ١٢٠ سەرکردەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
رۆژی پێج شەممە ١٨ ی تەموز میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە ئێران لیستێکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە، کە داوای رادەستکردنی ١٢٠ سەرکردە و ئەندامی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان دەکات.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەری کە لە پارێزگای ئەلبورز لە باکووری ئێران سازکرابوو، کازم غەریب ئابادی، ئەندامی کاروباری نێودەوڵەتی لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ناوی ئەو کەسانەی لەو لیستەدا هاتووە بە "تیرۆریست” وەسف کرد و داوایکرد کە بەمزوانە دەبێت " دادگایی بکرێن".
سەرکردەو نوێنەرانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندانجار لە میدیاکاندا جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەوان کاروباری سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەکەن نەک سەربازی و لەو دۆخەی هەرێم تێدەگەن کە پیایدا گوزەردەکات و نابنە کێشەی زیاتر بۆی.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدەن، ئەوە لە کاتێکدایە ئۆفیس و بارەگای زۆرێک لەو حزبانە لە هەرێمی کوردستانن.
ساڵی ڕابردوو بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق، زۆرێک لە بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی لەو ناوچانە چۆڵکران، یان چەکی گەورەی تێدا نەهێڵراو زیاتر چەکی بچووکیان تێداماوە بۆ پاسەوانیکردنی سەرکردەو کادیرانیان.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە عێراق پابەند بووە بە ڕێککەوتننامەی ئیمزاکراوی نێوان تاران و بەغدا، بە چەک داماڵینی گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان و جێگیرکردنیان لەناو کەمپداو، دەبوایە پێش ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بەرتەواوی جێبەجێکرایە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی مەترسی لەسەر ئەمنی قەومی وڵاتەکەی چەندان هێرشی درۆن و مووشەکی کردە سەر بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە و پارتی ئازاد لە نزیک هەولێر و بارەگاکانی کۆمەڵە لە زرگوێزی نزیک سلێمانی.
ئەم هێرشانەش لەسەروبەندی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ژینا ئەمینیدا بوون کە سەرتاسەری ئێرانی گرتبوەوە.