پارێزگاری سلێمانی بۆ سەرژمێری چەند بڕیارێكی دەركرد

پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی تشرینی دووەم چەند بڕیارێكی دەربارەی پڕۆسەی سەرژمێری دەركرد و ڕایگەیاند، دەسەڵات دەدرێتە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان ڕێكاری پێویست بگرنەبەر.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگار و سەرۆكی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە سلێمانی لە گشتاندنێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕۆژانی ٢٠و ٢١ی ئەم  مانگەدا هاووڵاتیان لە ماڵەكانیان بمێننەوە و دۆكۆمێنتی داواكراو و زانیاری پێویست بخەنە بەردەست تیمەكانی سەرژمێری.

هەر لە گشتاندنەكەدا هاتووە"پێویستە هەمووان هاوكار و هەماهەنگی تیمەكانی سەرژمێری گشتی بن و كارئاسانی تەواویان بۆ بكەن".

جەختیشكراوەتەوە، پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە میدیاییەكان باجی تایبەتیان پێوبێت بۆ ڕووماڵ و دەسەڵاتیش دەدرێتە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان بەمەبەستی دابین كردنی ئارامی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان ڕێكاری پێویست بگرنەبەر.




PM:07:41:17/11/2024