بە کۆمپانیا و حزبی دەسەڵاتدار، خەریکە سەرچنار وشک دەکەن..دوو پرۆژەی تر بەڕێوەیە


بە چەند کۆمپانیایەکی وەبەرهێن و بەرپرسانی یەکێتی لەناو حکومەتدا خەریکە سەرچاوەی ئاوی سەرچنار لە سلێمانی وشك دەکەن، هەرچەندە بە بڕیاری داواکاری گشتی سلێمانی و فشاری میدیاکان پرۆژەیەك لەسەر سەرچاوەی کانی سەرچنار راگیراوە، کەچی دوو پرۆژەی تر بەناوی (سەرچنار سیتی) مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە و پرۆژەیەکی تریش بەناوی " تاڤگە سیتی " خەریکی وەرگرتنی ڕەزامەندیە.
  
بەپێی بە دواداچوونەکانی ماڵپەڕ و سۆسیال میدیای " سپی " دوو پرۆژەی نیشتەجێبوون کە یەکێکیان ناوی (سەرچنار سیتی)یە و ئەوی دیان ناوی (تافگە سیتی) یە دەیانەوێت پرۆژەی نیشتەجێبوون لە سەر ئەستێڵی سەرچاوەی کانی سەرچنار و ناوچە گەشتیاریەکەی دروست بکەن. پرۆژەی (سەرچنار سیتی) دەکەوێتە باکوری ناوچەی گەشتیاری سەرچنارەوە، ئەم پرۆژەیە دۆسیەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵی  ٢٠٢٢ و پێکهاتووە لە ٥ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، ماوەیەکە ئەو پرۆژەیە دەستی بە کارەکانی کردووە، شوێنەکەی دەکەوێتە سەر ئەستێڵی ئاوی سەرچنار کە لە ٣٧% ی ئاوی شاری سلێمانی دابیندەکات. 

ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەرێوەبەری ئاوی سلێمانی بە نوسراوێکی فەرمی رەتکراوەتەوە، کە واژۆی "سەربەست عوسمان قادر"ی بەرێوەبەری پێشووی ئاوی سلێمانی لەسەرە کە لە ئێستادا خانەنشینە.  

لە نووسراوەکەی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دا کە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە رۆژی ٢٦/٦/٢٠٢٢ دا ناردووە، نووسیوویەتی " وەک خۆتان ئاگادارن و دەزانن ئەو ناوچەیە شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی سەرچنارە و ئەگەر بکرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، ئەگەری پیسبوونی ئاوی پرۆژەی سەرچنار هەیە، کە شاپرۆژەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوەی شارەکەمانە، لەگەڵ پرۆژەی ئاوی دوکانی ١ دووکانی ٢".

  
هەروەها لەو نووسراوە فەرمییەدا هاتووە" داواکارین کاری جدی بکرێت بۆ پاراستنی ئەم سەرچاوە گرنگەی ئاوی شارەکەمان و پاراستنی لە لەناوچوون و پیسبوون و پێویستە ناوچەکانی دەوروبەری پرۆژەی ئاوی سەرچنار بپارێزرێت و بکرێت بە سەوزایی". لە برگەیەکی تری نوسراوەکەدا باس لەوەشکراوە،" بە نوسراوی فەرمی ٤٣٤٣ لە رێکەوتی ٢٣/٧/٢٠١٨ دا داوای تەرخانکردنی ئەو زەویەمان لە شارەوانی سلێمانی کردووە، کە دەکەوێتە پشت دەریاچەی ئاوی سەرچنار، ناوچەی پشت تاڤگە و کانە بەردەکان و پشت بەنداوی رووخاو و کارگەی چیمەنتۆ تا بکرێت بە مەحمی گبیعی" پارێزارو" و بکرێتە سەوزایی و پرۆژە و دامودەزگای لەسەر دروستنەکرێت". 

سەرباری ئەم ناڕەزایەتییە، ئەم پرۆژەیە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوەو لە سەرەتای کارکردندان و شۆفڵ و ئامێرەکانی تر، کاری تێدا دەکەن و زەویەکە رێکدەکەنەوە.

 پرۆژەی دووەم، یەکەی نیشتەجێبوونی " تاڤگە سیتی "یە، ئەم پڕۆژەیە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە سەریهەڵداوە کاتێک سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە نوسراوێکی فەرمی داوا لە فەرمانگەی ئاوی سلێمانی دەکات کە رای خۆیانیان پێ رابگەیەنن لەسەر ئەو پرۆژەیە کە لەسەر موڵەکەکانی ژمارە ٨٣/ ١٠٨تا ١١٩/١٠٨ کەرتی ٣٥ ی کانی سپیکە ئەنجام دەدرێت.



 رۆژی ٢٥/٩/٢٠٢٤ بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی،" بەختیار تاهیر رەوف» بە نوسراوێکی فەرمی وەڵام سەرۆکایەتی شارەوانی دەداتەوەو دەڵێت" بۆ ئاگاداری بەڕێزتان ئەو شوێنەی لە نوسراوەکەتاندا دیاریکراوە، ( UP stream ) دەریاچەی سەرچنارە و بە ئەنجامدانی پرۆژەکە زیان دەگەینێت بە سەرچاوەی ئاوی سلێمانی کە شاپرۆژەی سەرەکی دابینکردنی ئاوە بۆ شاری سلێمانی و لەوانەیە ڕێڕەوی ئاوی سەرچنار بگۆڕێت و ئەگەری پیسبوونی ئاوی سەرچناریش لە ئارادا دەبێت". هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو زەویانە ئیفراز کراون بۆ خانوو، نەک یەکەی نیشتەجێبوون و چەند خانوویەکیشی تیداکراوەو لەکاتی راکێشانی تۆڕی ئاوی ناوچەکە حساب بۆ خانوو کراوە، نەک باڵەخانە.

 دوای بە دواداچوونی " سپی " ئەوە ڕوونبوەوە کە ئەو پرۆژەیە بە تەنها زەرەری نییە بۆ ئاوی سەرچنار، بەڵکو قوتابخانەی سەرچناریش بەشێکە لەو پرۆژەیەو دەبێت تێکبدرێت.

 پێش ئەم پرۆژەیەش، پرۆژەیەکی تر بەناوی پرۆژەی " نیشتەجێبوون و گەشتیاری " کاسۆکار " کە خاوەنەکەی حسین مەلا ساڵح بوو لە گردی تاڤگەی سەرچنار و کارگە کۆنەکەی چیمەنتۆی سەرچنار، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و ئیدارەی شارەکەوە مۆڵەتی پێدرا کە ڕووبەرەکەی ٢٤٠ دۆنمە لە حاڵەتی دروستکردنی ئەو پرۆژەیەش هاوشێوەی ئەم تازانە زیانی گەورەی بە سەرچاوەی ئاوی سەرچنار دەگەیاند، ئەو پرۆژەیە لەلایەن داواکاری گشتی و بە کاریگەری میدیاکان تا ئێستا راگیراوە.

 لەساڵی ٢٠١٨ دا لە نزیک سەرچاوەی ئاوی سەرچنار بە رەزامەندی پارێزگاری سلێمانی" هەڤاڵ ئەبوبەکر"، بەنزینخانەیەک کرایەوە کە زەرەری تەندروستی بە ئاوەکە گەیاندووە، لە کۆندا دادگا بڕیاری داوە ئەو بەنزینخانەیە لاببرێت، بەڵام تا ئەم بەروارە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.

ژمارەیەك لە کۆمپانیا لە شاری سلێمانی بە پاڵپشتی ئیدارەو حزبی دەسەڵاتداری ناوچەکە چەند ساڵێکە سەرقاڵی موڵکەکانی دەوری سەیرانگای سەرچنارن بە مەبەستی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرچنار شوێنێکی گەشتیاریەو یەکەکان بەهایان زیاترە و سەرچاوەی ئاوی لێ نزیکە.

ڤیدیۆی ئەم راپۆرتە لەم لینکەوە ببینە..




PM:12:52:28/11/2024