ئامادەکردنی: لوقمان غەفوور
پیت هیگسێت، لاوە گەنجە تەمەن ٤٤ ساڵەکەی خەڵکی ویلایەتی مینیسۆتا، بوو بە وەزیری بەرگری ئەمریکا، کە ماوەی چەند ساڵێک وەک فەرماندەی پیادەی سوپای ئەمریکا لە عیراق خزمەتی کردووە.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٤ی جێنیوەری میوانداری پیت هێگسێت-ی کرد وەک وەزیری بەرگری داهاتووی وڵاتەکەی ئەویش دوای چەند هەفتە مشتومڕی گەرم لەسەر بڕوانامەکەیی و مێژووی گوماناوی بەکارهێنانی کحول.
دەنگدانەکە بە ئەنجامی ٥٠-٥٠ بوو، ئەویش دوای ئەوەی ٣ ئەندامی پیرانی کۆمارییەکان دژی وەستان و دەنگیان پێنەدا، بەڵام جەی دی ڤانس جێگری ترەمپ هاوکێشەکەی راستکردەوەو بوو بە ٥٠ دەنگی ناڕازی بەرامبەر ٥١ دەنگی ڕازی و دەنگدانەکە لە بەرژەوەندی هێگسێت کۆتایی هات.
هێگسێت جگە لەوەی کەسێکی سەربازی بوو، لەهەمان کاتدا، شیکارکارێکی سیاسی بەرچاوی کەناڵی فۆکس نیوزە .
ئەو لە شاری مەنیئاپلس-ی ویلایەتی مینیسۆتا لەدایکبووە و ساڵی ٢٠٠٣ وەک ئەفسەرێکی پیادە لە پاسەوانی نیشتمانی مینیسوتا ڕاسپێردراوە.
ساڵی ٢٠٠٦ دوای ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەی لە کوبا، هێگسێت خۆبەخشانە لە بەغدا و سامەرا لە عێراق خزمەت دەکات، لەوێ سەرەتا وەک سەرۆکی فەوجی پیادە و دواتر وەک ئەفسەری ئۆپەراسیۆنە مەدەنی-سەربازییەکان خزمەت دەکات. لە ماوەی مانەوەی لە عێراق، خەڵاتی برۆنزی پێبەخشراوەو میدالی دووەمی ئەستێرەی وەرگرتووە.