ئەو درۆنانەی ئاراستەی سلێمانی کران لە کوێ کەوتنەخوارێ؟
کێ لەپشت ئاراستەکردنی درۆن و مووشەکەکانەوەیە؟
هەردوو شەوی رابردوو، ٣٠ ی حوزەیران و ١ ی تەمووز فڕۆکەخانی کەرکوک و کەمپێکی ئاوارەکانی زاخۆ و بارەگای هێزەکانی ٧٠ لە سلێمانی و ئۆفیسی سەرکردایەتی دژە تیرۆر کرانە ئامانج. فڕۆکەخانەی کەرکوک بە سێ مووشەکی گراد ٢٠٢٣ کرانە ئامانج، یەکێکیان نەتەقیەوە، یەکێتی تریشیان لە گەرەکێکی کەرکوک کەوتە خوارەوە. ئەو دوو درۆنەی ئاراستەی سلێمانی کران، یەکێکیان سەریکرد و لەگەرەکێک کەوتە خوارەوە، ئەوەی تریان لە نزیک ئۆفیسی سەرەکەی دژەتیرۆر لەناو هێزەکانی ٧٠ دا کەوتە خوارەوە کە بەپێی زانیارییەکان نزیکی ٣٥ مەتر لەو ئۆفیسەوە کەوتۆتە خوارەوە کە دەنگوباسی ئەوە لە ئارادایە وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری یەکێتیش لە ساتی هێرشەکەدا لەوێ بووبێت.
ئەو هێرشانە دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئێراندا دێت، لەو بارەیەوە هەندێک بۆچوون و شیکردنەوە لە نێو ناوەندی سیاسی کوردیدا راڤەی جیا جیای بۆ دەکەن. هەندێک پێیانوایە ئەو هێرشانە ئێرانی لە پشتە لە رێگای میلیشیا شیعە وەلائییەکانی سەر بەخۆیانەوە ئەنجام دەدەن، هەندێکی دی پێیانوایە کە داعش بێت، بەڵام ئەوەی کار ئاسانی بۆ ئەو هێرشانە دەکات ناکۆکی ناوخۆی نێوان حزبەکانی کوردستان بێت. بۆ هەریەکە لەمانە پاڵپشتی و بەهانەی خۆیان هەیە.
ئایا ئێران لە پشت ئەم هێرشانەوەیە؟
بۆچوونێک هەیە ئەم هێرشانە دەگەڕێننەوە بۆ بەردەوامی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و دابەشکردنەوەی جوگرافیای ناوچەکە لە پێش هەمووشیانەوە عێراق بە حوکمی هاوسنووری لەگەڵ ئێران و نا سەقامگیری لەم وڵاتەدا، لەم نێوەشدا ئێران نایەوێت هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچەکانی سلێمانی بەتایبەتی لە دەستبدات کە سنورێکی درێژی لەگەڵ ئێران هەیە، ئەو ولاتە پەیوەندیەکی پتەو و مێژوویشی لەگەڵ یەکێتیدا هەیە، بەڵام لە ساتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران، یەکێتی لە چەند رۆژی یەکەمدا بێدەنگ بوو، دواتریش سەرۆکەکەی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە زیاتر وەسف و پیا هەڵدانی ئەمەریکا و ترەمپ بوو نەک سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر هێزەکانی ٧٠ و بنکەیەکی سەرەکی دژە تیرۆری یەکێتی کە بەرپرسەکەشی لەکاتی بۆردومانەکەدا لەوێ بووە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر هەیە ئەو هێرشە ئامانجەکەی رۆشن بێت و دژە تیرۆری کردبێتە ئامانج کە پەیوەندیەکی راستەوخۆی راهێنان و زانیاری گۆڕینەوە لەگەڵ هێزە ئەمەریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعشدا هەیە.
بۆچوونی لەو شێوەیەش لە ئارادایە کە ئاراستەکردنی درۆنەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی یەکێتی لە سلێمانی و شەوی پێشرتیش بۆ سەر فڕۆکەخانەی کەرکوک کە پارێزگارەکەی یەکێتی یەو کارگۆی فڕۆکەخانەش بە دەست کۆمپانیایەکی یەکێتییەوە، هۆشداری و ئاگادار کردنەوەیەکە لە لایەن ئێرانەوە بۆ یەکێتی کە نابێت لەگەڵ ئاراستەی تورکی - ئەمەریکیدا بڕوات و دەبێت سنورێک بهێڵیتەوە ئەو هێرشانەش لە کاتێکدایە کە ئیبراهیم کالن سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا لەو دەمەدا لە هەولێر بوو جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی، لەگەڵ قوباد تاڵەبانیش کۆبوبوەوە. دەکرێ ئاماژەیەک بێت بۆ تورکیاش کە رێگا نادات شوێن پێی لە هەرێم و کەرکوک قایمتر بکات.
ئایا هێزی کوردی لە پشت ئەم هێرشانەوەیە؟
بۆچوونێکی تر هەیە کە لە هەندێک ناوەندی ناو یەکێتییەوە راڤەی بۆ دەکرێت کە زیاتر لە ( گومانەوە بەرامبەر یەکتری سەرچاوەی گرتووە) گوایە لە هێرشی درۆنەکان بۆ سەر سلێمانی، فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامانج بووەو رەنگە لە رێگای داعشەوە ئەو هێرشانە کرابێت، بەڵام دەستی هێزێکی کێبەرکاری یەکێتی بێت بۆ نموونە ( پارتی ) بە پارە ئەوە کارەیان لەناو داعش و گرووپە توندڕەوەکانەوە بۆ کردبێت، تا ئاسمانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رووی فڕۆکەکانی تورکیادا نەکرێتەوە، لە کاتێکدا پرسی کردنەوەی ئاسمانی فڕۆکەخانەکە لە رۆژەڤدایە لەنێوان بەرپرسانی یەکێتی و بگرە عێراقیش لەگەڵ تورکیا و، لە رۆژانی رابردوودا لەسەردانێکی مەحمود مەشهەدانی سەرۆک پەرلەمانی عێراق بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاری چاوگێڕانەوەی بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا نیشاندا.
بۆردومانکردنی سلێمانی پێشاندانی وێنەیەکی نا ئارامە بە شارەکەو فڕۆکەخانە و رەنگە لە ئایندەدا ببێتەهۆی ئەوەی لە بەر باری ئەمنی لەلایەن تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕوودا نەکاتەوە.
لە رۆژانی ئایندەدا و ئەو رووداوانەی روو دەدەن راستی و شاشی ئەم بۆچوونانە یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام چاودێران زۆریان لەو باوەڕەدان ناوچەکە لەبەردەم گۆڕآنکاری و دابەشکردنەوەی جوگرافیای سیاسی و رێکخستنەوەیەکدایە، ئەمەش لەبەر رۆشنای براوەو و دۆڕاو لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا.
PM:02:55:02/07/2025