شوان حەمە
ڕۆژ چوار شەممە ٩ ی تەمووزی ٢٠٢٥ شاندی حکومەتی سوری و بەڕێوەبەری خۆسەر بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی و بە سەرپەرشتی ئەمەریکاو فەرەنسا کۆبوونەوە.
شاندی کوردی بە سێ هێلیکۆپتەری ئەمریکی لە حەسەکەوە بۆ دیمەشق گوازراونەتەوە.
هەریەک لە مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و فوزە یوسف و ڕیاز دەرار، نوێنەرایەتی هەسەدە و خۆسەرییان کردوو، هەروەها، ئەحمەد شەرع لەگەڵ سێ وەزیری حکومەتەکەیدا ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە.
سەرەتا تۆم بەراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا و ئەحمەد شەرع کۆبوونەتەوە، دواتر کۆبوونەوەی مەزڵوم و شەرع بە ئامادەبوونی تۆم بەراک و باتیست فیفر نێردەی فەرەنسا بۆ سوریا دەستی پێکردووە.
هەڵوێست و داواکانی شەرع:
١. شەرع ئامادە نییە لەگەڵ شاندی هاوبەشی کوردی (پەیەدە و ئەنەکەسە) کۆببێتەوە.
٢. شەرع لەسەر بنەمای ڕێکەوتنە واژۆکراوەکەی مانگی ئازاری ئەمساڵ، لەگەڵ مەزڵوم و شاندە یاوەرەکەی کۆبووەتەوە.
٣. شەرع داوای تێکەڵکردنەوە هێزەکانی هەسەدەی بە سوپای سوریا کردووە، بە بێ پێدانی تایبەتمەندی زێدەبەشی بە هێزەکانی هەسەدە و بێ لەبەرچاوگرتنی بوونی بیست هەزار شەرڤانی ژن لە ناو هەسەدەدا!
٤. شەڕع داوای گەڕانەوەی دەزگا حکومییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە کردووە.
هەڵوێست و داواکانی مەزڵوم و شاندە یاوەرەکەی:
١. مەزڵوم و شاندەکەی داوای مانەوەی هەسەدە و ناوچەکانی خۆسەریان لە فۆرمی ئێستایدا بۆ ماوی سێ ساڵ کردووە.
٢. مەزڵوم شاندەکەی داوای نوسینەوەی دەستوور و جێگیرکردنی مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی تریان لە دەستووری نوێی سوریادا کردووە.
٣. مەزڵوم و شاندەکەی داوایان کردووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، وەک بەشێک لە سوپای سوریا، لە ڕۆژهەڵاتی فورات بمێننەوە و مانەوەیان بە یاسا ڕێکبخرێت.