کۆمپانیایەك لەسەر سەرچاوەی ئاوی سەرچنار بەردەوامە لە کارەکانی بەبێ جێبەجێکردنی مەرجە حکومیەکان



پرۆژەی نیشتەجێبوونی سەرچنارستی کە تەنها ٨٠٠ مەتر دورە لە سەرچاوەی کانی سەرچنار و لەسەر ئەستێلی ئاوی سەرچنار دروست دەکرێت، سەرباری پەبەندکردنیان لەلایەن داواکاری گشتی سلێمانیەوە بە جێبەجێ کردنی ڕێنمایی و مەرجەکانی لایەنی حکومی و فەرمی بۆ بەردەوام بوون لە کارەکانیان بەمەبەستی پاراستنی سەرچاوەی کانی سەرچنار، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی ناوبراو بەردەوامە لە کارەکانی لە هەڵکۆڵین وداتاشینی ناوچەکە و دروست کردنی باڵەخانەی بەرز، بەمەش مەترسیەکی گەورە لەسەر کەمبوون و پیسبوونی ئاوی سەرچنار دروستدەکات کەسەرچاوەی خواردنەوەی ٣٧٪ شاری سلێمانیە، کەم بوونی سەرچاوەی ئەم ئاوە لە پاڵ هەبوونی وشکەساڵی شاری سلێمانی دەخاتە مەترسی گەورەی کەمبوونەوەی ئاو و دروستبوونی کێشەی بێ ئاوی لە شارەکەدا.

پرۆژەی سەرچنارستی کە دەکەوێتە باکوری ناوچەی گەشتیاری سەرچنار و کانی سەرچنار و لەچەند باڵەخانیەکی گەرورە و ڤێلاو خانوی سەربەخۆ پێکدێت کە سەرجەمیان مەزندە دەکرێت بە نزیکەی ٥٠٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون. ئەم پرۆژەیە بەم قەباریەی ئێستاوە ئەگەری زۆرە کاریگەری خراپ دروست بکات لەسەر سەرچاوەی کانی سەرچنار، بۆ ئەم مەبەستە داواکاری گشتی سلێمانی کۆمەڵێك مەرج و ڕێنمایی داناوە بۆ بەردەوامبوونی ئەو پرۆژەیەی، بەڵام کۆمپانیای ناوبراو تا ئەم بەروارە بەردەوامە لەسەر کارەکانی بەشێوەی پێشوی.

بە پێی بە دواداچونەکانی ( سپی میدیا ) داواکاری گشتی بە نوسراوێك داوایکردوە بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە نەبێتە هۆی پیس بوونی ژینگەی ناوچەکە و کار نەکاتە سەر سەرچاوەی کانی سەرچنار دەبێت پابەندی مەرجە ژینگەیەکان بن کە لە ڕەزامەندی ژینگەیی و فەرمانگەکان پێی سپێرداروە، ئەمەش بەمەبەستی پارستنی ئاوی سەرچنار کە ئەم پرۆژەیە خۆی لەسەر ئەستێڵی کانی سەرچنار دروست دەکریت. 

داپۆشینی ئەم ناوچەیە بە کۆنکرێت و دروستکردنی باڵەخانەی بەرز کاریگەری لەسەر دەمارەکانی ئاوی سەرچنار دەبێت و ئەگەری هەیە ئاوی سەرچنار لە ئایندەدا توۆشی کەمبوون بێت. هەروەها ئەم ناوچەیەی کە پرۆژەی سەرچنار ستی لێ دروست دەکرێت لەسەرهەمان پێکهاتەی جیۆلۆجی بونیاد دەنرێت کە ئاوی سەرچناری لێ هەڵدەقوڵێت، داپۆشتنی ئەم ناوچەیە بە باڵەخانە و کۆنکرێت و شەقام و شۆستە دەبێتە هۆی کەم بوونی چونە ناوەوەی ئاوی باراناو بۆ ژێزەوی لە ناوچەکەدا کە ساڵانە لە وەرزی باراندا ئاوی کانیاوی سەرچناردەبوژێنێتەوە. کاتێک وەبەرهێن ئەم پرۆژەیە لەسەر چینە بەردەکان دروستدەکات و بە کۆنکرێت و خانوو دایدەپۆشێ چیتر ڕێگردەبێت لەوەی باراناوەکە ڕۆبچێتە ئاوی سەرچنارەوە، هەر بۆیە ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سەرچنار.

هەروەها دروست کردنی باڵەخانەی بەرز لەسەر ئەو چینە بەردانەی کە کانی سەرچناری لێ هەڵدەقوڵێت ناجێگیری لە چینە بەردەکاندا دروستدەکات و ئەگەری داتەپینی چینە بەردینەکان هەیە کە لە ئەنجامدا ڕێڕەوی ئاوی کانی سەرچنارە دەگۆڕێت و کاریگەری لەسەر کەمبوونی ئەم ئاوە دروستدەکات، ئەم کاریگەریەش لە ئایندەدا دەردەکەوێت، بەڵام دوای ئەوەی کە دروستدەکرێت، چیتر ناتوانرێت هیچ چارەسەرێك بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵەیە دابنرێت.

لەڕووی ژینگەیەوە یەکێك لە خراپیەکانی تری دروستکردنی ئەم پرۆژەیە کە داواکاری گشتی جەختی لەسەر جێبەجێ کردنی رێنوماییەکانی دەکاتەوە پەیڕەوکردنی ڕێنمایە ژینگەیەکانە کە لە زیادبوونی چالاکی مرۆییە، بەهۆی دروستکردنی ئەم یەکەی نیشتەجێبونانەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆری ئاوەڕۆ دروستدەکرێت و فڕێدانی پاشەڕۆی شل و ڕەق و مەوادی هایدرۆکاربوونی لە چالاکی ئۆتۆمبیل و بارهەڵگرەکان کە ئەگەری زۆر ئەم چالاکیانە بگەنە سەرچاوەی ئاوی سەرچنار و ببنە هۆی گۆڕان کە پێکهاتەی ئاوەکەدا.

کۆمپانیاکان بە هاوکاری و هاوبەشی دەسەڵاتدارانی سلێمانی وێڕای وێرانکردنی چیای گۆیژە ماوەیەکە کەوتونەتە وێرانکردنی سەیرانگای سەرچنار و، پێشنیاری چەند پرۆژەی جیاواز کراوە لەلایەن حزبی فەرمانڕەوا لە شاری سلێمانی بۆ بازرگانان کراوە، لە حاڵەتی دروستکردنی ئەم پرۆژانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر کەمبوون و پیسبوونی ئاوی سەرچنار. جێگای ئاماژەیە بە ڕەزامەندی پارێزگاری سلێمانیش چەند ساڵێک لەمەوبەر وێستگەیەکی سوتەمەنی لەسەر کانی سەرچنار دروستکراوە لەگەڵ دەرکەوتنی سەرچاوەی پیس بوون لە ناوچەکەدا و ڕەزامەندی داواکاری گشتی بەلابردنی ئەم ویستگەیە، بەڵام تا ئەم بەروارە ئەم ویستگەیە لا نەبراوە، ئەگەری زۆرە ئەم پرۆژەیەش بەهەمان شێوە کاریگەری لەسەر کانی سەرچنار دروستبکات و دوای دروستکردنی بەبێ پابەندبوون بە مەرج و ڕێنمایە حکومیەکانەوە.

بۆ بینینی راپۆرتێکی ڤیدیۆی ئەم لینکە بکەرەوە..





PM:03:49:19/07/2025