سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای قەیوان لە ڕۆژی ٢٢ حوزەیران ٢٠٢٥ لە مەراسیمێکدا ڕێگای دوو سایدی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو بە ئامادەبوونی میدیاکان کردەوە.
ئەو ڕێگایەی کراوەتەوە تەنها ڕێگەیەکە و لە ناوەڕاستیدا فولکەیەک دروستکراوە لە کاتێکدا بە پێی ئەو بڕیارەی لە ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لە بەرواری ١٢ نیسانی ٢٠٢٣ دەرچووە و کۆپیەکی دەست ماڵپەری (سپی) کەوتوە، کۆمەڵێک مەرجی بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپاندوە لە پێش هەمووشیانەوە دروستکردنی دوو یەکتربڕە لە سەر شەقامەکە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامنەدراوە و ئەو ڕێ و شوێنانەش دیار نییە کە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەیگرێتە بەر بەرامبەر بە ئەنجامنەدانی ئەو مەرجانە.
بە پێی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کە واژۆی زۆرێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکەی لەسەرە تێکڕای پرۆژەی بەرزایەکانی شاری سلێمانی ٩٤٤ دۆنم زەویە، ئەو فراوانکردنەی کە بۆشی کراوە لەو پانتاییەی سەرەوە ٤٧١ دۆنم زەوی پێدراوە.
لە بڕیارەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شارەوانیدا هاتوە چەندان موڵکی لە کەرتی ٣٦ کەڵەکن لە سەوزاییەوە بۆ نیشتەجێبوون بۆ گۆڕدراوە، لە کاتێکدا کە بە پێی ماستەر پلانی سلێمانی ئەو ناوچانە دەبێت سەوزایی بن، ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرجەم بەڕێوبەرایەتیەکان بە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵ و ژینگەوە ڕەزامەندیان پیشانداوە، ڕەگەزی ئەو زەویانە بگۆڕدرێن.
لەو بڕیارەدا ١١ مەرج بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپێندراوە، لەوانە: کۆمپانیای قەیوان هەڵدەستێت بە دیزاین کرد و دروستکردن و جێبەجێکردنی هەردوو یەکتربڕی ئاست جیاوازی دەباشان و هەواری شار بە بڕی ٥٠ ملیار دینار.
کۆمپانیای قەیوان هەڵدەستێت بە دیزاین و دروستکردن و جێبەجێکردنی بەشێک لە شەقامی ئۆتۆبانی بابان کە دەکەوێتە بەردەم فراوانکردنی بەرزایەکانی سلێمانی.
لە مەرجێکی دیکەدا هاتوە کە ئەرکی دارایی و لۆجستی ئەو دوو یەکتربڕە و ئەو بەشەی ئۆتۆبانی بابان کۆمپانیای قەیوان جێبەجێی دەکات و ناکەوێتە ئەستۆی شارەوانی سلێمانی.
لە خاڵێکی گرنگی دیکەدا هاتوە، "پێویستە لەگەڵ دەست بەکاربوونی پرۆژەی نیشتەجێبوونەکە، وەبەرهێنەر دەست بکات بە جێبەجێکردنی شەقام و یەکتر بڕەکان لە ژێڕ چاودێری و سەر پەرشتی سەرۆکایەتی شارەوانیدا".(لە کاتێکدا یەکەی نیشتەجێبونەکە ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوەکای دەچنە پێشەوە و چیای گۆیژەی بۆ تێک دەدرێت، بەڵام یەکتربرەکان تا ئێستا دروست نەکراون).
دەقی بڕیارەکەی شارەوانی سلێمانی ببینە..