مەزڵوم عەبدی نەچۆتە دیمەشق.. تورکیا لە رێگای لایەنگرانییەوە لە حکومەتدا دەیەوێت شەڕ هەڵگیرسێنێت

چوار رۆژی ماوەی دوا وادەی رێککەوتنی ١٠ ی ئازاری نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی لە سوریا تەواو بێت، تورکیا لە پیلانگێڕیدایە دژی رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەردوولا، بەلآم ئەمجارە لە رێگای نۆکەرانییەوە لە نێو حکومەتدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە ئاماژەی بۆ دەکرێت، ئەحمەد ئەلشەرع و چەندان بەرپرسی تری حکومی لەگەڵ ئەودا نین کێشەکانیان لەگەڵ هەسەدە لە رێگای هێزەوە چارەرسەر بکرێت، بەڵکو لە رێگای گفتوگۆوە، هەرچی نۆکەرو ئەو هێزانەی سەر بە تورکیاشن لە رێگای جۆراو جۆرەوە کار بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ هەسەدە دەکەن.

ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی تری حکومەتی کاتی دەزانن لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ هەسەدەدا، سوریا نوقمی کێشەیەکی گەورەی ئەمنی و سیاسی دەبێتەوە و هەڕەشەی گەورە لەسەر یەکپارچەیی سوریا دروست دەبێت، هاوکات بۆ هەسەدەش لە رێگای گفتوگۆوە کۆمەڵێک دەستکەوتی ئەگەر وەک ئێستاش نەبێت بۆ دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر شەڕ رووبدات هەسەدەش وەک سوریا زەرەری گەورە دەکات، بەتایبەتی کە تورکیاش بە راستەوخۆ و ناراستەخۆ بەشداری شەڕەکە دەکات، یان لە رێگای میلیشیاکانی ( سوپای نیشتمانی ) کە لە ژێر کۆنترۆلێ خۆیدان شەڕەکە هەڵدەگیرسێنن.

رۆژی هەینی ٢٦ ی کانوونی یەکەم وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە زاری بەرپرسێکی دەرەوەی وەزارەتەکە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت راگەیاندنێکی توندی دژی رێککەوتنی ١٠ ی ئازارو جێبەجێنەکردنی و دەرکرد کە لە بڕگەیەکیدا دەڵێت" سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا جەختی کردۆتەوە کە قسەکردن لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، تەنها لە چوارچێوەی لێدوانی تیۆریدا ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی یان خشتەی کاتی ڕوونی بۆ دانەنراوە، ئەمەش گومان دەخاتە سەر جدییەت لە پابەندبوون بە ڕێککەوتنی دەی ئادار".

میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان و لێکۆڵەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە دنیادا نەبووە بەناوی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوە لێدوان بە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکە بدرێت و ناوی خۆی ئاشکرا نەکات و بە نهێنی بمێنێتەوە. میدیاکانی رۆژئاوا ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا لە رێگای دەزگای سیخوڕیەکانی و میلیشیاکانیەوە لۆبی بەهێزیان لە ناو حکومەتەکەی ئەلشەرعدا دروستکردووە دژی هەسەدە و کورد، ئەو لێدوانەش سیخوڕەکانی ئەوان لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایانگەیاندووە.

لە بارەی پێشهاتەکانەوە، ئەو لێکۆڵەرەوانە ئاماژە بە هەڵگیرسانی شەڕ دەکەن کە تورکیا لە رێگای میلیشیا و نۆکەرانیەوە لە ناو حکومەتی سوریا لە چەند رۆژی داهاتوودا دژی هەسەدە بەرپای بکات، ئەو دەمە ئەحمەد ئەلشەرع و حکومەتەکەی دەبێت بڕیاری یەکلاییکەرەوە بدەن کە دەبێت یان بڕیاری شەڕبدەن کە ئەمەریکا و رۆژئاوا و هاوپەیمانی دژی داعش لەگەڵیدا نین، یان دەبێت بڕیار بدەن گوێ رایەڵی تورکیا نەبێت و خۆی لەو شەڕە لابدات.

لە بارەی هەڵوێستی وڵاتانی کەنداوەوە جگە لە قەتەر ئاماژەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە پێناچێت وڵاتانی کەنداو لەگەڵ هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا بن.

هەموو ئاماژەکان لە رۆژئاوا ئەوە دەردەخەن کە ئەم چەند رۆژەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی سوریا چارەنووسساز دەبێت، هاوکات دەبێت ئەلشەرع خۆی یەکلایی بکاتەوە سەر بە تورکیا دەبێت و شەڕ هەڵدەگیرسێنێت، یان رێگای گفتوگۆ و سوریا کەمێک لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا دووردەخەنەوە. 



 
 


PM:10:28:27/12/2025