چۆن ئەسعەد شەیبانی ڕێگەی بۆ شەڕی حەلەب خۆشکرد؟

ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر"ی ئەمەریکی ئاشرایدەکات، هەسەدەو وەزارەتی بەرگری سوریا نزیكبوون لە رێككەوتن، وەزیری دەرەوەی سوریا تێكیدا، چونکە هێرشکردنە سەر حەلەب پلان بۆ داڕێژراو بوو. 

لە ڕاپۆرتێکیدا ماڵپەرەکە ئاماژە بەوەدەکات، کۆبوونەوەکە لە ٤ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە دیمەشقی پایتەخت ئەنجامدرا، کە لایەنی ئەمەریکی تێدا ئامادەبوو بە نوێنەرایەتی ژەنەڕاڵ کێڤن لامبەرت، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەگەڵ بەشداریکردنی مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و مورحەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریا، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانیان.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسپێکی گفتوگۆکان زۆر ئەرێنی بوون، هەردوولا گەیشتبوونە لێکتێگەیشتنێکی مێژوویی دەربارەی داهاتووی سەربازیی ناوچەکە، کە بریتی بوو لە تێکەڵکردنی هێزەکانی "هەسەدە" لە ناو چوارچێوەی "سوپای نوێی سوریا". پلانەکە وابوو کە فیرقە و لیوای تایبەت پێکبهێنرێت کە سەرکردایەتییەکەی لای کورد بێت و لەژێر چەتری نیشتمانیی سوریادا بن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، ئەم هەنگاوە وەک تاکە ڕێگە دەبینرا بۆ ڕێگریکردن لە هەر گرژییەکی سەربازیی نوێ و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا.

ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر" ئاشکرایکردوە، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بوون، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، بە شێوەیەکی کتوپڕ چووەتە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکە، شەیبانی بە زمانێکی توند داوای لە ژەنەڕاڵە ئەمەریکییەکە و تیمەکەی کردووە هۆڵەکە جێبهێڵن. دوای ئەوە، بەبێ هیچ پاساوێکی پێشوەختە، کۆتاییهاتنی دانیشتنەکەی ڕاگەیاندووە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە.

پاش کۆبوونەوەکە، حکومەتی کاتیی سوریا ڕەتیکردەوە هیچ بەیاننامەیەکی هاوبەش لەگەڵ "هەسەدە" دەربکات یان دان بەو خاڵانەدا بنێت کە لەسەری ڕێککەوتبوون. 

ئەم هەڵوێستە لای بەرپرسانی کورد وەک "پاشگەزبوونەوەی ڕەهای دیمەشق" لە بەڵێنەکانی لێکدرایەوە. فەرماندەکانی هەسەدە ڕفتارەکەی شەیبانییان بە "سەیر و گوماناوی" وەسف کرد و پێیان وابوو ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی بژاردەی سەربازی لەپێشینەی کارەکانی دیمەشقە. 

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا، ئەوەش هاتووە'' بەرپرسانی کورد بە ئاشکرا ئەسعەد شەیبانی تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە تەنها جێبەجێکاری ئەجێنداکانی تورکیایە.''

 بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەنقەرە بە توندی دژی هەر ڕێککەوتنێک بووە کە هەسەدە وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو بهێڵێتەوە. شکستهێنانی دانوستانەکان بە ئەنقەست بووە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ هێرشەکەی سەر حەلەب خۆش بکرێت، چونکە تورکیا لە مێژە داوای کشانەوەی کورد لە ڕۆژئاوای فورات دەکات، حەلەبیش ناوەندی ئەو ململانێیە بووە.

ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر" لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە دەستێوەردانەکەی شەیبانی "خاڵی وەرچەرخان" بووە. ئەو دەرفەتە زێڕینەی بۆ چارەسەری سیاسی ڕەخسابوو، لەو ساتەدا لەناو چوو. 

بەمەش جارێکی دیکە دەرگای "بژاردەی سەربازی" واڵا کرا، کە ئەنجامەکەیمان لە شەڕی حەلەب بینی کە بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران مەدەنی و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە. 




PM:07:24:10/01/2026