هەفتەی " چارەنوسساز" بۆ ئێران و ئەگەری هێرشی ئەمریکا

لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا گەشتیان بۆ تەلئەبیب کرد، کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل، بە ئاماژەدان بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆسەر کۆماری ئیسلامی، ئەم هەفتەی بە " چارەنوسساز وکوشندە" بۆ ئێران و ئەمریکا ناوبرد .

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) ڕۆژی شەممە گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە بارەگای وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە لە تەلئەبیب کۆبووەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل و بەرپرسی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێکخراوەکە ئامادەبوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی، کوپەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە" کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تا ئێستا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران نەداوە".

کوپەر هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئامادەکردنی کەرەستە و ڕێکخستنە پێویستەکانی بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆن دژی ئێران،  تەواو دەکات.

کەناڵی ١٣ زیادی کرد" بەرپرسانی باڵای سوپای ئیسرائیل هەڵوێستی وڵاتەکەیان خستە بەردەم ئەمریکییەکان، بەپێی ئەو هەڵوێستە هێرشی سەرەتایی بۆ سەر ئێران دەبێت ئامانجی سەربازی تایبەت لەخۆبگرێت".

بەپێی تێڕوانینی ئیسرائیل، جگە لە هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومەت بە ئامانجی هاندانی گەلی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، پێویستە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا سیستمی مووشەکی سەرزەوی بۆ سەرزەوی ئێرانیش بکەنە ئامانج.

-گەشتی ویتکۆف و کوشنەر بۆ ئیسرائیل

گەشتەکەی فەرماندەی سێنتکۆم بۆ تەلئەبیب لە دۆخێکدا بوو کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، سوپای ئیسرائیل لە ئامادەباشی تەواودا بووە.

لە پێشهاتێکی دیکەدا، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردەی تایبەتی ئەمریکا گەیشتنە تەلئەبیب بۆ وتووێژ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

ئاژانسی هەواڵی تایمز ئۆف ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان نووسیویەتی، تەرکیزی سەرەکی ئەم وتووێژانە پێشهاتەکانی شەڕی غەززە و هەماهەنگی سیاسی و ئەمنی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلە.

-بژاردەی سەربازی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی

به پێی ڕاپۆرته کان، ترەمپ تا ئێسته ئەگەری هێرشی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی به دوور نه خستووەته وه .
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و بەشدارییەکی بەرچاوی شارە گەورە و بچووکەکانی سەرتاسەری ئێران کە لەسەر قەیرانی ئابووری، داڕمانی دراو، هەڵاوسان، و بژێوی ژیان دەستی پێکرد، بەڵام درێژبووەەوە بۆ داخوازییە سیاسییەکان، ترامپ چەندین جار باسی لە ئەگەری دەستێوەردان لە ئێران کردووە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئاگادار کردووەتەوە کە خۆیان لە سەرکوتکردنی ناڕازییان لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکان بەدوور بگرن.

لە چەند رۆژی رابردوودا ترەمپ ئاشکرای کرد کە "بەلەمێکی سەربازی"یی  بۆ ناوچەکە کواستووەتەوە و هیوای دەربڕی کە پێویست ناکات سوودی لێ وەربگیرێت.

-جووڵەی نیزامی لە ناوچەکە 

بە وتەی بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "USS Abraham Lincoln” و سێ کەشتی تێکدەری ئەسکۆرت لە دەریای باشووری چینەوە بەرەو ڕۆژئاوا ڕۆیشتوون و ئێستا لە زەریای هیندستان جێگیر بوون.

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو کەشتییە پەیوەندی بە یەکە سەربازییەکانی دیکەی ئەمریکاوە بکات لە کەنداوی فارس و بەحرەین.

هاوکات لایخۆشیەوە  وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند" کە فڕۆکەی جەنگی تایفون ڕەوانەی قەتەر دەکات "لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەرگریدا".

زانیارییەکان دەریدەخەن کە دەیان فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی ئەمریکا بەرەو ناوچەکە دەڕۆن.

هاوکات ڕۆژنامەی ئیسڕائیل هایۆم بڵاویکردەوە، حکومەتی ئیسرائیل بەپێچەوانەی ئەو دڵنیاییانەی کە ترەمپ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەریگرتووە، زانیاری لەسەر لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی لە ئێراندا داوەتە واشنتۆن.

ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنی هێرش بۆ سەر ئێران، هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدانی زیاتر لە ٨٠٠ خۆپیشاندەر بووە کە لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکانی گەلی ئێراندا دەستگیرکرابوون. بەڵام کۆماری ئیسلامی لێدوانەکانی ترەمپی ڕەتکردەوە.
 بە گوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەی ئیسڕائیل هایۆم بە پێچەوانەی قسەکانی بەرپرسانی ئێران ئەو زانیاریانەی لەبەردەستی حکومەتی ئەمریکادایە و لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆکراوەتەوە و رادەستی کراوە بەڵگەی یەکلاکەرەوەی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران بە شێوازی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و ئیسرائیلیش دەستی هەبووە لە بەدەستهێنانی ئەو زانیاریانە.

لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، لای خۆیەوە بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە تاران هەر هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وەک "جەنگێکی سەرتاسەری" سەیر دەکات.

ناوبراو زیادی کرد: هەموو شتێک لە ئێران لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدایە و ئێران بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادیە.

هەر بۆیە بە پشتبەستن بەم راپۆرتانە ئەمریکا لەم هەفتەیەدا پێدەچێت بڕیاری یەکلاکەرەوە سەبارەت بە ئێران و دەسەڵاتدارنی تاران بدات و ئەگەری هێرشی سەربازی و هەڵقولانی گەڕێکی نوێی شەڕ دەتوانێت یەکێک بێت لە بژاردەکانی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی لە هەفتەی " چارەنوسسازدا".


ئامادەکردنی: سروە عەلی




PM:12:18:25/01/2026