ئایا توانا سەربازیەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بەشی پێنج ڕۆژ دەکات؟ سەرۆک ئەرکان هۆشداری دەدات


ژنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، هۆشداریی داوەتە دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران بەهۆی "کەمیی تەقەمەنی و نەبوونی پاڵپشتیی هاوپەیمانان".

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، ژنەراڵ دان کەین نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی گەورە دژی ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، چونکە کۆگای تەقەمەنییەکانی ئەمریکا بەهۆی بەرگریی بەردەوام لە ئیسرائیل و پاڵپشتیی ئۆکرانیا زۆر کەم بووەتەوە.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"ی بەریتانی لە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلەوە گواستوویەتییەوە کە تواناکانی سەربازیی ئێستای ئەمریکا تەنیا بۆ ٤ بۆ ٥ ڕۆژ لە هێرشی چڕ دژی ئێران بەسەو، ڕەنگە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەس بێت ئەگەر هێرشەکان کەمتر بن.

لە بەرامبەردا، ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیا وەڵامی دایەوە و وتی ئەو هەواڵانەی میدیاکان سەبارەت بە هۆشدارییەکانی ژنەراڵ کەین "بە تەواوی ناڕاستن" و ژنەراڵ کەین "دژی جەنگی ئێمە لەگەڵ ئێران نییە و بە بڕوای ئەو: سەرکەوتن ئاسان دەبێت".

ئامانجی جیاواز.. ئەنجامی جیاواز

بەپێی وتەی بەرپرسێکی پێشووی بەرگری بۆ واشنتۆن پۆست، ئەم هەڵمەتە ڕەنگە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت و پێویستی بە بڕێکی زۆر زیاتری تەقەمەنی هەبێت و مەوداکەشی بەپێی ئامانجەکانی ترەمپ دەگۆڕێت:

لەناوبردنی بەرنامەی موشەکیی ئێران پێویستی بە  ئامانجگرتنی سەدان شوێن دەبێت، لەوانە بنکەکانی هەڵدانی موشەک، کۆگاکانی دابینکردن، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تۆڕەکانی گواستنەوە.

بەڵام ئەگەر ئامانجەکە ڕووخاندنی ڕێبەری باڵا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بێت، ئەوا مەودای ئامانجەکان زۆر فراوان دەبێت و هەزاران شوێن دەگرێتەوە.

دژبەران و لایەنگرانی هێرشی سنووردار

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ واشنتۆن پۆست، هەندێک بەرپرسی ئەمریکی دژی هێرشی سنووردارن بۆ سەر ئێران، چونکە ڕەنگە هێرشێکی چاوەڕواننەکراو لە توندوتیژیی بەرامبەر دەستپێبکات، لەوانە هێرش بۆ سەر سەربازان و دیپلۆماتکاران لە ناوچەکەدا.

لە بەرامبەردا، لایەنگرانی هێرشەکە ئاماژە بە کاردانەوە سنووردارەکانی پێشووی ئێران دەکەن بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەوانە ئەو وەڵامدانەوانەی کە پێشوەختە ڕاگەیەندراون بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی زیانە گیانییەکانی ئەمریکا.


بەرپرسێکی پێشووی پێنتاگۆن ئاماژە بۆ نەبوونی پاڵپشتی هاوپەیمانان ئەرکەکە زۆر ئاڵۆز دەکات و، وتی "چۆن دەتوانین ئەوە بکەین، ئەگەر مافی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکانیانمان پێنەدەن؟".

تەقەمەنی کەم

واشنتۆن لەم دواییانەدا دوو جۆرە تەقەمەنی گرنگی بۆ بەرگری لە هێزەکانی دژی موشەکە بالیستیکییەکانی ئێران بەکارهێناوە: سیستەمی بەرگریی موشەکی "تاد" (THAAD) و سیستەمی موشەکی "پاتریۆت".

 بەپێی ڕایان برۆبست، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی هێزی سەربازی و سیاسی لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان، ئەمریکا ساڵانە تەنیا چەند سەد دانەیەک لە هەردوو سیستەمە بەرگرییەکە بەرهەم دەهێنێت، کە زۆر کەمترە لەوەی پێویستە.

 هەروەها هێزی دەریایی ئەمریکا بڕێکی سنووردار لە موشەکە پێویستەکانی لەبەردەستە، چونکە زۆریان بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە دەریای سوور لە هێزە لایەنگرەکانی ئێران لە یەمەن، و بەرگری لە ئیسرائیل دژی موشەکە بالیستیکییەکان بەکارهێنراون.

 لەوەش خراپتر، بەپێی وتەی ماکینزی ئیگلن، توێژەری باڵا لە پەیمانگای "American Enterprise"، دروستکردنی هەر موشەکێکی جێگرەوە ڕەنگە دوو ساڵ یان زیاتری پێ بچێت و "هیچ چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم کێشەیە نییە".




PM:06:24:24/02/2026