حیزبە کوردییەکانی ئێران لە عێراق چاویان لە دەرفەتێکە بۆ گۆڕانکاری لە ناوخۆی وڵاتدا

‌وێنەی مەزڵوم هەفتەن یەکێک لە سەرکردەکانی پزاک لە تۆنێلێکی سەر سنوری ئێران.. فۆتۆ شوان محەمەد

پێنجوێن، عێراق.. شوان محەمەد

لە چیاکانی عێراق لە نزیک ئێران، فەرماندەیەکی ئاوارەی کوردی ئێران بە ئاژانسی فرانس پرێسی (AFP) ڕاگەیاند، "چ ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران یان نا، ئەوان هەر بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کوردەکان".

هەرێمی کوردستانی عێراق لەمێژە بووەتە پەناگەیەک بۆ هێزە چەکدارە کوردییەکانی ئێران کە چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەودیوو سنوورەوە بوونەتەوە.

مەزڵووم هەفتان، فەرماندەیەکی باڵا لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) وتی: "ئێمە ناتوانین لایەنگری لایەنی ئەمریکییەکان یان ئێرانییەکان بگرین. دۆزی ئێمە جیاوازە.. ئامانجمان گۆڕانکاریی دیموکراسییە لە ئێراندا — دیموکراسییەک کە سوودی بۆ گەلی کورد هەبێت."

ئەو فەرماندە ٥٤ ساڵانە وتیشی: "ئێمە نە هێرش دەکەینە سەر ئێران و نە بەرگری لە ڕژێمی ئێستا دەکەین. ئێمە ڕێگای سێیەممان هەڵبژاردووە: کارکردن بۆ گۆڕانکارییەکی دیموکراسی و ئاشتییانە."

تیمێکی ڕۆژنامەوانی فرانس پرێس چاویان بە هەفتان و هاوسەنگەرانی کەوت لە ناو تونێڵێکدا لە نزیک سنوری ئێران کە لە ناوچەیەکی شاخاوی سەختدا هەڵکەنراوە و لە ئێستا بە بەفر داپۆشراوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران حزبەکەی ئەو و حزبەکانی تری کوردستان وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" دەناسێنێت، ئەم هێزانە پێشتر لە ناوچە کوردنشینەکانی سەر سنووردا شەڕیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئێران کردووە، بەڵام ماوەیەکە ئەو جۆرە چالاکیانەیان کەم بۆتەوە، چاوەڕوانی دەرفەتێکن لە دۆخی نوێی ئەگەری لێدانی ئەمەریکا دژی ئێران دروستبێت.

ئەم هێزانە لە ساڵانی دواییدا، تا ڕادەیەکی زۆر لە چالاکیی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی دوورکەوتبوونەوە، هەرچەندە لە دوورخراوەیەشدا، بەڵام لە چالاکی جەماوەری بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی.

ئەوان لەم دواییانەدا هەوڵە دیپلۆماسی و لۆبیکردنەکانیان زیادی کردووە، دوای ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییانەی دژ بە حکومەت لە ئێراندا سەریان هەڵدا و بوونە هۆی سەرکوتکردنێکی خوێناوی، لە کاتێکدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەریکی کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازییە لە ناوچەکەدا کە لە چەندین دەیەی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.

- "بە خوێن" -

هەفتان وتی " ئەگەر شەڕ ڕووبدات، ئەو پێیوایە لەوانەیە ئێران پێگەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە باکووری عێراق بکاتە ئامانج". هەروەها ئاشکراشیکرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە زیادکردنی هێزی ئەمنی و سەربازییەکانیان لە ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ئێران.

کاریگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بەندە بەوەی تا چ ئاستێک بەردەوام دەبێت، هەفتان وتی " ئەگەر هێرشەکان بگەنە ئاستی گۆڕینی ڕژێم، گرووپەکانی وەک ئەوان ئامانجیان " بنیاتنانی سیستەمێکی لا مەرکەزی دەبێت، دوای ئەوەی سیستەمی پاشایەتی و دەسەڵاتی ولایەتی فقیان تاقیکردووەتەوە".

هەفتەی ڕابردوو، پژاک و چوار گرووپی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی، هاوپەیمانییەکی سیاسییان بۆ هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە کۆتاییدا دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد، ڕاگەیاند.

گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لەمێژە پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران دەکەن. مانگی ڕابردوو، داوای مانگرتنی گشتییان کرد بۆ پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانەکان.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ئێران هێرشی سەربازی کوشندەی کردە سەر هێزە کوردییەکانی ئێران و، تۆمەتباریکردن بە هاندانی ئەو خۆپیشاندانانەی کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ژنە کوردی ئێرانی، سەریان هەڵدا.

هەفتان وتی: "لە ئێراندا، کوردەکان لە پێشەنگی خەباتدا بوون بۆ دیموکراسی و ئازادی. کاتێک کەسێک ڕێبەرایەتی خەڵک دەکات، دەبێت باجەکەی بدات—ئێمە بە خوێن باجمان داوە."

- "دەرفەتێک" -

کوردەکان، کە کۆمەڵگەکەیان بەسەر ناوچەکانی تورکیا، سوریا، عێراق و ئێراندا دابەش بووە، یەکێک لە گرنگترین کەمینە نەتەوەییە غەیرە فارسەکانی ئێران پێکدەهێنن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI) یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران و، چەندین پێشمەرگە و فەرماندەی لەدەستداوە، لەوانەش سێ لە ڕێبەرەکانی بە تەقەی ئێرانییەکان کوژراون.

سەرباری دوژمنایەتی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، محەمەد نەزیف قادری، فەرماندەی PDKI لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند " حزبەکەی پشتگیری لە هێرشەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی نەکردووە".

ئەو وتی "هاوپەیمانییەکەمان پشت بە گەلی ئێران دەبەستێت، بەتایبەتی کوردەکان." بەڵام وتیشی "ئەگەر شەڕێک ڕووبدات، پێدەچێت دەرفەتێک بۆ ئۆپۆزسیۆنی کوردو ئێرانی بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوە" و "هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی".

لە کۆتاییدا وتی: "ئێمە لە ئامادەباشی تەواوداین و بۆ هەموو جۆرە خەباتێک ئامادەین."

وێنەی زیاتر..




PM:07:45:27/02/2026