سیناریۆی کارەسات.. مەترسییەکانی گورزی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

‌وێنە .. ئەرشیفی کارەساتی چێرنوبڵ


بەرپرسانی تەندروستی جیهانی لە "ئامادەباشییەکی تەواودان" بەرامبەر ئەگەری هەر هەڕەشەیەک کە ببێتە هۆی لێدانێکی ئەتۆمی، ئەگەر بێت و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبستێنێت.

لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ"دا بڵاوکراوەتەوە، حەنان بەڵخی، بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە " بەرپرسانی ڕێکخراوەکە بە وردی چاودێری ئەگەری لێکەوتەکانی هێرشەکان بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد کە خراپترین سیناریۆ بریتی دەبێت لە "ڕووداوێکی ئەتۆمی، ئەمەش گەورەترین نیگەرانی ئێمەیە".

حەنان بەڵخی جەختی لەوە کردەوە کە "ئەگەر رووبدات هەرچەند ئامادەکاری بکەین، هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لەو زیانانە بکات کە بەر ناوچەکە و جیهان دەکەوێت و لێکەوتەکانی بۆ چەندین دەیەی داهاتوو بەردەوام دەبن".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە بەڵێنی "لەناوبردنی ئەو هەڕەشە ئەتۆمییە دەکات کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دروست بووە"، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە ڕوو کە تاران خەریکی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێت.( ماڵپەڕی پۆلۆتیکۆ وا دەڵێت ).

لە حوزەیرانی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل ژێرخانی ئەتۆمییان لە سەرانسەری ئێران کردە ئامانج. لەو کاتەدا ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە هێرش کراوەتە سەر پێگەکانی فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز.

لە ئێستاشدا ئەمریکا و ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی هێرشە نوێیەکەیان لە ٢٨ی شوباتەوە، بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی پێگە ئەتۆمییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی "پۆلیتیکۆ"، ئیسرائیل و ئیمارات خاوەنی دامەزراوەی ئەتۆمین کە لە مەودای موشەکەکانی ئێراندان، لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ ڕاپۆرتێک نییە سەبارەت بە کردنە ئامانجیان، ئەمە جگە لەوەی، ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئیسرائیل خاوەنی کۆگایەکی گەورەی چەکی ئەتۆمی بێت.



































































































حەنان بەڵخی ئاماژەی بە لێکەوتە تەندروستییەکان بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە کرد کە ڕەنگە بەهۆی تیشکدانەوەی ئەتۆمییەوە زیانیان پێ بگات. 
ڕوونشی کردۆتەوە کە تیشکدانەوە دەبێتە هۆی مەترسیەکەی گەورە بۆ سەر سییەکان و بۆ سەر پێست، هەروەها مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە و کێشە دەروونییەکانیش زیاد دەکات.
ماڵپەڕەکە ڕووداوە ئەتۆمییەکەی وێستگەی چێرنۆبیڵی سۆڤیەتی لە ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩٨٦ وەبیردەهێنێتەوە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی ٣٠ کەس لە چەند مانگی یەکەمدا و دواتر بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی زۆری حاڵەتەکانی شێرپەنجەی غودەی دەرەقی و بەهەزاران حاڵەتی تر تۆمار کران.




PM:05:37:18/03/2026