"بۆردومانی ئاو".. کاتێک تینوێتی دەبێتە چەکی جەنگ


لە ٢٢ی ئازاری هەموو ساڵێکدا، جیهان یادی "ڕۆژی جیهانیی ئاو" دەکاتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٣وە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک هاوارێکی مرۆیی بۆ پاراستنی ژیان ڕاگەیەندراوە. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم ڕۆژە لە ژێر سێبەری ململانێیەکی توندی سیاسی و سەربازیدایە. ململانێی نێوان میحوەری (ئەمریکی-ئیسرائیلی) و ئێران، ئاوی لە مافێکی مرۆییەوە گۆڕیوە بۆ "سەنگەرێکی جەنگ" و ئامرازێکی ستراتیژی بۆ فشار خستنە سەر یەکتری.

ئەم جەنگە تەنها بە مووشەک نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی هێرشی  بۆ سەر وێستگەکانی پاڵاوتن و پەکخستنی ژێرخانی ئاو. چ لە ئێران ، چ لە ئیسرائیل، ئەنجامی ئەم ململانێیەش بووەتە هۆی "پیسبوونێکی ترسناکی ئاو"؛ چونکە تێکچوونی سیستەمەکانی چاودێری  دەبنە هۆی دزەکردنی ماددە ژەهراوییەکان بۆ ناو تۆڕەکان و ئاوی ژێرزەوی. ئەم جۆرە لە "تیرۆری ژینگەیی" وایکردووە ئاو لە جیاتی ژیان، ببێتە  هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشی و کوشتنی بێدەنگ بۆ  مرۆڤ.

لە ناو ئەم هەموو ئاڵۆزییەدا، عێراق وەک گەورەترین قوربانیی گۆڕانی کەشوهەوا دەردەکەوێت. دوای ساڵانێکی درێژ لە وشکەساڵی و جەنگ، ئەمساڵ بارانبارینێکی باش ئومێدی بۆ خەڵک گەڕاندەوە و ڕووبار و زۆنگاوەکانی بوژاندەوە. بەڵام ئەم بارانە تەنها "دەرمانێکی کاتییە"؛ چونکە ململانێ سیاسییەکان ڕێگرن لەوەی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو بکرێت. کاتێک وڵاتان خەریکی پێشبڕکێی چەک و نفووزن، پرسی تینوێتی و تێکچوونی کەشوهەوا دەخرێتە پەراوێزەوە.

تراجیدیای ڕاستەقینە لێرەدا کۆتایی نایەت؛ مەترسیی گەورە ئەوەیە کە ململانێکان بگەنە قۆناغی "بۆردومانی ئاو". لێدانی بەنداوەکان، وێستگەکانی کارەبای سەر ئاو و تۆڕە سەرەکییەکان، تەنها وێرانکردنی باڵەخانە نییە، بەڵکو بۆردومانی ڕاستەوخۆی ژیانی منداڵان و پیرانە. لە ڕۆژی جیهانیی ئاودا، دیمەنەکە تاڵە: لە کاتێکدا ئاسمان بە بەزەییەوە باران دەبارێنێت، مرۆڤەکان بە بۆردومانکردنی سەرچاوەکانی ئاو، خەریکی وشککردنی ڕەگی ژیانن و داهاتووی نەوەکان بەرەو تینوێتییەکی هەمیشەیی و مەرگ دەبەن.



PM:06:28:22/03/2026