ئێران شەوێکی قورسی لە ژێر بوردوماندا بەسەر برد

‌ئەرشیف دیمەنی ئێران دوای بۆردومان
دوای شەوێک لە بۆردومانی چڕ، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە تەزووی کارەبا لە تاران پچڕاوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاپۆرت و سەرچاوەکان لە ئێران ئاماژەیان بەوە کرد کە تاران-ی پایتەخت بەرەوڕووی بۆردومانێکی ئاسمانیی توند بووەتەوە بە بۆمبی هێشوویی (عەنقودی) کە لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە ئەنجام دراوە.

چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە ئەو کاریگەرییە گەورانە دۆکیومێنت دەکەن کە لە تاران ڕوویانداوە. ڤیدیۆکان زنجیرەیەک ڕووداوی یەک لەدوای یەک نیشان دەدەن دوای هێرشەکان بۆ سەر ناوچەیەکی پایتەختی ئێران، لەکاتێکدا مەودای ڕووداوەکە لە زیادبوون و فراوانبووندایە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، سەرچاوە ئێرانییەکان ڕایانگەیاند کە چەند ناوچەیەک لە شاری "ئەسفەهان" بەرەوڕووی بۆردومانێکی گەورە بوونەتەوە و دەنگی چەندین لێدانی یەک لەدوای یەک بیستراوە کە بووەتە هۆی دروستبوونی کاریگەریی گەورە لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەوی دووشەممە، هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی کردووەتە سەر کۆگایەکی گەورەی تەقەمەنی لە "ئەسفەهان" بە بەکارهێنانی تەقەمەنییەک کە کێشەکەی ٢٠٠٠ پاوەند بووە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمریکا بە بڕێکی زۆر تەقەمەنی "دژە زرێ و کونەکەری قەڵغان" بۆردومانی کۆگای تەقەمەنییەکەی ئەسفەهانی کردووە.



AM:11:09:31/03/2026