هەڕەشەیەکی گەورە لە تێکچوونی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەکرێت

‌وێنەکە بۆردومانی بەیروتی پایتەختی لوبنانە لە رۆژی ٨ ی نیسان..AFP

ئاژانسەکان
لە پێشهاتێکی دراماتیکیدا کە هەڕەشەی لەباربردنی "ڕێککەوتنی ئیسلام ئاباد" دەکات، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی داخستنی دووبارەی گەرووی هورموزی بەڕووی کەشتییەکانی نەوتدا ڕاگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە کردییە سەر لوبنان، و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا"ی ئاگربەستەکەی لەقەڵەم دا!

 ئامادەکاری بۆ "گەورەترین هێرش":

سەرچاوە سەربازییەکان جەختیان کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، بۆ ئەنجامدانی ئەوەی کە بە "گەورەترین هێرش" لە سەرەتای ململانێکانەوە وەسف کراوە. ئاماژەیان بەوەش کردووە کە بانکی ئامانجەکان بە وردی دەستنیشان کراوە بۆ وەڵامدانەوەی بە ئامانجگرتنی حیزبوڵڵا لە لوبنان.
 کشانەوە لە ئاگربەست:

ئێران لە ڕێگەی ئاژانسە فەرمییەکەیەوە پەیامێکی ڕوونی ئاراستە کرد: "دەستبەجێ لە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکشێینەوە ئەگەر دەستدرێژییەکان بۆ سەر لوبنان بەردەوام بن". 

ئەم هۆشدارییە ئیدارەی ترەمپ دەخاتە ناو تەنگژەیەکی ڕاستەقینەوە، بەجۆرێک کە "سەرکەوتنی سەر کاغەز" گۆڕا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ کە ڕەنگە بەرەی شەڕ دووبارە دابگیرسێنێتەوە.

 سزادانی ئیسرائیل و چارەنووسی گەرووەکە:

داخستنی هورمز تەنها هەڕەشە نییە، بەڵکو بڕیارێکی مەیدانییە بۆ بڕینی شا دەماری وزەی جیهان بە مەبەستی گوشار خستنە سەر واشنتۆن بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵەکانی نەتانیاهۆ.

 لەگەڵ جەختکردنەوەی ئێران لەوەی کە "سزادانی ئیسرائیل" تەنها مەسەلەی کاتە و پابەندبوونی تاران بە ئاگربەستەکە مەرجدار بوو بە وەستاندنی تەواوەتی کارە دوژمنکارییەکان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا.

 ئێستا ئێمە لەبەردەم ساتەوەختە مێژووییەکانداین؛

 ئایا گوشارە نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتوو دەبن لە دامرکاندنەوەی تووڕەیی ئێران و ڕێگریکردن لە تەقینەوەی ئەو مووشەکانەی ئامادەی هەڵدانن، یان "ئاگربەستە فشەڵەکە" بە فەرمی لەژێر داروپەردووی بۆردومانەکانی لوبناندا هەرەسی دەهێنێت؟




PM:07:33:08/04/2026