لە دوای بڕیارە کتوپڕەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ترەمپ بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، کۆشکی سپی هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کارمەندانی کردووە و داوای لێکردوون پۆست و پلەکانیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت و ئەنجامدانی گرەوی دارایی لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەکارنەهێنن.
جوڵەیەکی گوماناوی لە بازاڕی نەوتدا
بەپێی زانیارییەکان، تەنها ١٥ خولەک پێش ئەوەی ترەمپ بە فەرمی بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەکان ڕابگەیەنێت، جوڵەیەکی نائاسایی لە بازاڕەکانی نەوتدا بینراوە. بڕی زیاتر لە ٧٦٠ ملیۆن دۆلار لە گرێبەستەکانی داهاتووی نەوت (Oil Futures) ئاڵوگۆڕ کراون.
هاوکات، سێ هەژماری تایبەت لە سەکۆی پێشبینیکردنی "پۆلیمێکێت" (Polymarket) توانیویانە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار دۆلار قازانج بکەن، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کردووە کە زانیارییەکان پێشوەختە دزەیان کردبێت.
هەوڵ بۆ قەدەغەکردنی بازاڕەکانی پێشبینیکردنی شەڕ
لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوەدا، فراکسیۆنی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی نوێیان پێشکەش کردووە. ئامانجی ئەم یاسایە قەدەغەکردنی هەموو ئەو بازاڕە دارایی و ئەلیکترۆنیانەیە کە ڕێگە بە پێشبینیکردن و گرەوکردن لەسەر شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەدەن.
دیموکراتەکان دەڵێن: "سیستەمی فیدراڵی ئێستا ڕێکاری پێویستی نییە بۆ ڕێگریگرتن لەم جۆرە بازرگانییانە، کە دەکرێت ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی".