سەرچاوە شیعە ئاگادارەکان بۆ ماڵپەڕی (ئەلمەدا)
ئاشکرایان کردووە کە پێشنیازێکی بەپەلەی عێراقی گەیەندراوەتە واشنتۆن، کە تێیدا
هاتووە گروپە چەکدارەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک بخرێنە ژێر "چاودێرییەکی
توندەوە"، پێش ئەوەی هەر بڕیارێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەیان
بدرێت.
ئەم جووڵەیە دوای ئەوە هات کە مەرجە توندەکانی
ئەمریکا کە ڕەتیدەکاتەوە هیچ وەزارەتێک بدرێتە ئەو حیزبانەی باڵی سەربازییان هەیە،
بووە هۆی پەکخستنی تەواوکردنی کابینە حکومییەکەی عەلی زەیدی.
لەکاتێکدا بەغداد چاوەڕێی وەڵامی یەکلاکەرەوەی
ئەمریکایە بۆ پێشنیارەکەی لە هەفتەی داهاتوودا، ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی بڕیاری
"هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان و حەشد" لە واشنتۆن دەکات کە بە
ستراتیژی بڕاوەتەوە و، هەڵوێستەکەی بەغدا و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات وەک
"تەکتیکێکی ئێرانی" بۆ مانۆڕکردن و خۆپاراستن لە شۆکەکە دەبینرێت.
ناوبژیوانی پێتراوس: جەنەڕاڵی " سەحوەکان "
لە سوپرایزێکی سیاسییدا، جەنەڕاڵی
خانەنشینکراوی ئەمریکی دەیڤید پێتراوس هەفتەی ڕابردوو کتوپڕ لە بەغداد دەرکەوت،
دوای دابڕانێکی نزیکەی ۲۰ساڵە. هەرچەندە سەرچاوەکان نکوڵییان لەوە کرد کە پێتراوس نێردراوی فەرمی دۆناڵد
ترەمپ بێت، بەڵام جەختیان کردەوە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، خۆی بانگهێشتی
کردووە.
زەیدی سوودی لە پەیوەندییە کۆنەکەیان وەرگرتووە
کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرکردایەتیکردنی پێتراوس بۆ دۆسیەی
"سەحوەکان" لە ساڵانی ۲۰۰٦
و ۲۰۰۷، تا داوای لێ بکات ڕۆڵی "ناوبژیوان"
بگێڕێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو پێکدادانە چاوەڕوانکراوەی لە نێوان ئەمریکا و
گروپە چەکدارەکاندا روودەدات.
لە چوارچێوەی داپۆشینی فەرمی سەردانەکەدا،
فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پێشوازی لە جەنەڕاڵە
خانەنشینکراوەکە کرد و سوپاسی هەوڵەکانی پێشووی کرد لە "ڕووبەڕووبوونەوەی
تیرۆر و ئاشتەوایی نیشتمانی"، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕۆڵی ئەو لە قۆناغی
توندوتیژییە تائیفییەکانی دوای ۲۰۰۳دا.
پێتراوس نامەیەکی لە بەغداوە بۆ ئیدارەی
ئەمریکا برد کە تێیدا داوا کراوە "چاوپۆشی" لە هەندێک لە گروپەکان
بکرێت، لە بەرامبەردا مۆڵەتی " ۳مانگ " وەک ماوەی تاقیکردنەوە و چاودێری بدرێتە حکومەت کە تێیدا بەغداد پابەند
دەبێت بە جووڵەی دەستبەجێ و هەڵوەشاندنەوەی هەر لێکتێگەیشتنێک ئەگەر گروپەکان
هەستان بە بۆردومانکردنی هەولێر، باڵیۆزخانەکان، یان دامەزراوە هەستیارەکان.
حکومەتی بەغداد هەوڵی داوە پێتراوس قایل بکات
کە دوورخستنەوەی ئەو هێزە سیاسییانەی زیاتر لە ۱۰۰ کورسییان لە پەرلەمان هەیە کارێکی قورسە و،
ئاماژەی بە بوونی "دەرچەی یاسایی" کردووە بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی ئەو
گروپانەی لەلایەن ئەمریکاوە ڤیتۆیان لەسەرە (وەک عەسائیب ئەهلی حەق و کەتائیبی
سەیدولشوهەدا بە سەرکردایەتی ئەبو ئالا وەلائی) لە ناو دیمەنی حکومیدا.
ئاسایشی وزەی کەنداو.. خاڵی وەرچەرخان
زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە
دەکەن کە پلانی واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە گروپە چەکدارەکان دوای ئەو هێرشە
درۆنانەی ئەم دواییە خێراتر بوو کە ژێرخانە هەستیارەکان و دامەزراوەکانی وزە و
ئاویان لە ئیمارات و سعودیە کردە ئامانج.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە ململانێکەیان لە
"پێکدادانی ناوخۆیی"یەوە گۆڕی بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی
وزەی جیهانی، ئەوەش وای لە واشنتۆن کرد مامەڵە لەگەڵ "چەکی بێسەروبەر"
بکات وەک مەترسییەکی ستراتیژی کە ناتوانرێت چاوپۆشی لێ بکرێت.
هەڵوێستی سەدر و بژاردە بەدیلەکان
هاوکات لەگەڵ ئەم فشارانە، زەیدی
گڵۆپی سەوزی ناوخۆیی وەرگرت دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ موقتەدا سەدر،
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە. سەدر مەرجی ئەوەی داناوە کە دەستوەردانی ئێران
(خەڵتەی عەتار) کۆتایی پێ بهێنرێت و داوای کرد گروپە چەکدارەکان بگۆڕدرێن بۆ
خزمەتی مەدەنی و ئایینی وەک ڕێگەیەک بۆ ڕزگارکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە سزاکان،
و مۆڵەتی ۹۰ڕۆژی داوە بە حکومەت بۆ هەڵسەنگاندن.
لە بەرامبەردا، هەندێک لایەنی ناو چوارچێوەی
هەماهەنگی باس لە هەوڵێکی "شکڵی" دەکەن بۆ ڕادەستکردنی تەنها چەکە
سووکەکان بە دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانێکی ئێرانی بە ناوی
"دزەکردنی بێدەنگ" بۆ پاراستنی هەژموونی گروپەکان.
لەکاتێکدا کەتائیبی حیزبوڵڵا و نوجەبا سوورن
لەسەر دەستگرتن بە چەکەکانیانەوە، بزووتنەوەی عەسائیب ئاماژەی بە جیابوونەوەی
فراکسیۆنی "سادقون" کردووە لە حەشد وەک ئامادەکارییەک بۆ بڕیاری
داماڵینی چەک دوای جەژن، بە ئامانجی وەرگرتنی پۆستی وەزاری لە وەجبەی دووەمدا.
هەروەها پڕۆژەیەک لەلایەن هادی عامرییەوە
پێشنیاز کراوە بۆ دامەزراندنی "وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی" کە حەشدی
شەعبی، وەڵامدانەوەی خێرا، پۆلیسی فیدراڵی، ئاسایشی سنوور و پێدەچێت پێشمەرگەش
بگرێتەوە، وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی مافی کارمەندانی حەشد و مسۆگەرکردنی کۆنترۆڵی
حکومەت.
ماڵی شیعە لە نێوان بژاردەی ئازایانە یان
پێکدادان
لەلایەکی ترەوە، ئەسیل نوجەیفی،
سەرکردە لە بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدان، بە (ئەلمەدا)ی ڕاگەیاند کە "ماڵی
شیعە" بەرپرسیاری یەکەمە لە یەکلاکردنەوەی داهاتووی حەشدی شەعبی.
نوجەیفی پرسیاری کرد: "ئایا سەرکردە
شیعەکان دەیانەوێت بەرگری لە ڕوانگەی گروپە چەکدارەکان بکەن و بچنە ناو پێکدادانی
هەرێمی و نێودەوڵەتی؟ یان دەیانەوێت بە ئازایانە چارەسەری بارودۆخەکە بکەن و
پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهان چاک بکەن؟"
نوجەیفی
هۆشداری دا کە کێشەکە پەیوەندی بە ترەمپ یان ماوەی سەرۆکایەتییەکەیەوە نییە، بەڵکو
پەیوەندی بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە، و
جەختی کردەوە کە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا دۆخی ئێستای عێراق قبوڵ ناکات.