توندوتیژی سێکسی لەکاتی شەڕ و ململانێ چەکدارییەکاندا، تەنها دەرەنجامێکی لاوەکی شەڕ نییە، بەڵکو لە زۆرێک لە ململانێکاندا وەک ستراتیژیەتێکی سەربازی و چەکێک بۆ تێکشکاندنی شکۆ و شیرازەی کۆمەڵگەکان بەکاردێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ساڵانە لە ١٩ی حوزەیراندا ئەم یادە دەکاتەوە.
لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆدەنگی بڕیارنامەی ٦٩/٢٩٣ ی پەسەند کرد. ئامانجی ئەم بڕیارە بریتی بوو لە هۆشیارکردنەوەی جیهان لە پێویستی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی سێکسی پەیوەندیدار بە ململانێکان.
دەستنیشانکردنی ئەم ڕێکەوتە وەک ڕێزگرتنێک بوو بۆ ڕێکەوتی ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٨، کاتێک ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی مێژوویی ژمارە (١٨٢٠)ی پەسەند کرد، کە تێیدا بۆ یەکەمجار بە ڕوونی دانی بەوەدا نا کە توندوتیژی سێکسی لەکاتی شەڕدا تاوانێکی جەنگە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە ئامارێکی مەترسیدار دەکەن، تەنها لە ساڵانی ڕابردوودا، هەزاران دۆسیەی توندوتیژی سێکسی لە ناوچەکانی ململانێی وەک سودان، ئۆکراین، کۆنگۆ، غەزە و ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمارکراون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە زیاتر لە ٩٠٪ ی قوربانیانی توندوتیژی سێکسی لە کاتی شەڕدا ژنان و کچانن، بەڵام پیاوان و کوڕانیش لەم تاوانە بێبەش نین، هۆشداریش دەدرێت کە ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوانە زیاترن کە بڵاودەکرێنەوە، چونکە بەهۆی شەرمی کۆمەڵایەتی و ترس لە تۆڵەسەندنەوە، زۆربەی حاڵەتەکان شاراوە دەمێننەوە.
ژنانی کوردستانیش لەناو ململانێ و هێرشەکاندا بۆسەر کوردستان بێبەش نەبوون لەم توندتیژیە بەتایبەت لە کاتی کۆمەڵکوژی دێرسیم لە باکوری کوردستان، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای چوونە سەر حکومی لە ساڵی ١٩٧٩ بۆسەر رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرەتای ساڵی هەشتاکان، جینۆسایدی ئەنفال لە باشوری کوردستان، هێرشەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و شەنگال.
ئەم ڕۆژە تەنها یادکردنەوە نییە، بەڵکو بانگەوازێکی بەپەلەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا دادپەروەری بۆ ڕزگاربووان دەستەبەر بکات و کۆتایی بە سیاسەتی دەربازبوون لە سزا بهێنێت بۆ ئەو لایەنانەی کە جەستەی ژنان دەکەنە مەیدانی جەنگەکانی خۆیان.