ڕێککەوتنی ئێران لە نێوان ترەمپ و ئۆباما... جیاوازییە ستراتیژیەکان

‌ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و ترەمپ

📌 بەڕاستی زەحمەتە بەراورد بکرێت لە نێوان ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی حوزەیران، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیان واژۆ کرا، لەگەڵ " ئەو رێککەوتنە گشتگیرەی کە ئیدارەی ئۆباما بە پاڵپشتی تیمە ئەوروپی، ڕووسی و چینییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ بە مەبەستی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەنجامی دا.

📌  لێرەدا گرنگترین جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ڕێککەوتنەکەی ترەمپ و ڕێککەوتنەکەی ئۆباما دەخەینە ڕوو:
١- قەبارە و سروشتی ڕێککەوتنەکە:

♦️ ڕێککەوتنەکەی ئۆباما:
ڕێککەوتنە کۆتاییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە دەقێکی سەرەکی و پێنج پاشکۆی تەکنیکی پێکهاتبوو، کە بە گشتی گەیشتە ١٥٩ لاپەڕەیە.
♦️ ڕێککەوتنەکەی ترەمپ:
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لە ١٤ی حوزەیران بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە یاداشتنامە نوێیەکە لە لاپەڕە و نیوێک زیاتر نییە.

٢- بەڵێنامەی نەبوونی چەکی ئەتۆمی
♦️ ڕێککەوتنەکەی ئۆباما:
لە بنەما سەرەتاییەکانیدا بەڵێنێکی ئێرانی تێدابوو کە "ئێران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا هەوڵی پەرەپێدان یان بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات".
♦️ ڕێککەوتنەکەی ترەمپ:
ترەمپ خۆی جەخت دەکاتەوە کە یاداشتنامەکە ئێران پابەند دەکات بەوەی هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست نەکات.

٣- بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا:
♦️ ڕێککەوتنەکەی ئۆباما:
بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیچ قۆناغێکدا بۆ گفتوگۆ نەخرابووە ڕوو، ئۆباما هەر لە بنەڕەتدا ڕەتیکردەوە باس لەم پرسە لەگەڵ تاران بکات.
♦️ ڕێککەوتنەکەی ترەمپ:
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە یاداشتنامەکە ئاماژە بەوە دەکات واشنتۆن قەبارەی هێزەکانی لە ناوچەکەدا زیاد ناکات. هەروەها داواینکردووە کە ئەمریکا ئەو هێزانەی بۆ شەڕ ناردوویەتییە ناوچەکە، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەیانکشێنێتەوە.

٤- یۆرانیۆمی پیتێندراو: 
♦️ ڕێککەوتنەکەی ئۆباما:
ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٥ ڕەزامەندی دەربڕی کە ڕووسیا کۆگای یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بپارێزێت.
♦️ ڕێککەوتنەکەی ترەمپ:
ڤانس وتی " دەقی یاداشتنامەکە ڕەزامەندی ئێرانی تێدایە بۆ بەشداریی ئەمریکا و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە کەمکردنەوەی چڕی یۆرانیۆمی پیتێندراو و دەرهێنانی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێران".

٥- پشکنینی نێودەوڵەتی:
♦️ ڕێککەوتنەکەی ئۆباما:
سیستەمی پشکنینی سەر بە ئاژانسەکە لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥دا بە وردی وتوێژی لەسەر کرابوو، لەوانەش میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و پشکێنەران یان لایەنەکانی تری ڕێککەوتنەکە لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی نوێوە.
♦️ ڕێککەوتنەکەی ترەمپ:
ئێرانییەکان لە دەقی یاداشتنامەکەدا ڕەزامەندییان داوە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بخەنە ژێر پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

٦- پارە و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران
♦️ ڕێککەوتنەکەی ئۆباما:
وڵاتان ڕەزامەندییان دا لەسەر لادانی گەمارۆ لەسەر نزیکەی نیوەی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران کە بڕەکەی ١١٠ ملیار دۆلار بوو.
♦️ ڕێککەوتنەکەی ترەمپ:
ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵێن دەدات ڕێگە بدات بە دەستڕاگەیشتنی تەواوەتی بە پارە و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، دوای جێبەجێکردنی یاداشتنامەکە، ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە کاتی دانوستانەکاندا لەسەر ڕێکارەکانی ئازادکردنی ئەو پارانە ڕێکدەکەون.

٧- سزاکان (گەمارۆکان)
♦️ ڕێککەوتنەکەی ئۆباما:
ئیدارەی ئۆباما لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەڵپەساردنی ئەو سزایانەی بەسەر لایەنە نا ئەمریکییەکاندا سەپێندرابوون کە مامەڵەی بازرگانی و داراییان لەگەڵ ئێران دەکرد، هەروەها سزاکانی سەر هەناردەی نەوت، پێترۆکیمیاوی و ئۆتۆمبێلی ئێران.
♦️ ڕێککەوتنەکەی ترەمپ:
ئیدارەی ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە هەر هەنگاوێکی ئەمریکا کە یارمەتی ئابووری ئێران بدات، لەوانەش ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان و لادانی سزاکان، بە مەرجی هەنگاوی کۆنکرێتی ئێران دەمێنێتەوە، بەتایبەتی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا.

٨- لوبنان و پرسە ناوچەییەکان:
♦️ ڕێککەوتنەکەی ئۆباما:
ئیدارەی ئۆباما ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانی کردە پێشینەی کارەکانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا، لەبری ئەوەی سەرنج بخاتە سەر جموجۆڵە تێکدەرەکانی تاران لە ناوچەکەدا.
♦️ ڕێککەوتنەکەی ترەمپ:
ئێران سوور بوو لەسەر ئەوەی کە هیچ ئاگربەستێک لەگەڵ ترەمپ قبوڵ ناکات بە یاداشتنامە سەرەتاییشەوە ئەگەر لوبنانیش نەگرێتەوە.

تێبینی: ئەمە پوختەیەکی نووسینێکی کورتی  ڕۆبێرت فۆردە کە دەربارەی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئەو یاداشتنامەیەی ترەمپ لەگەڵ ئێران واژۆی کرد و ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆبامای ساڵی ٢٠١٥ ە ماڵپەڕی( مجلە ) بڵاوکراوەتەوە.




PM:07:31:19/06/2026