ئایا په‌ككه‌وتنی پڕۆسه‌ی
ئاشتی له توركیا كاتیه یان درێژمه‌ودا؟
به‌دواداچوون و شیكاری:
هێمن خۆشناو
له ئێستادا پڕۆسه‌ی
ئاشتی له توركیا تووشی بنبه‌ستبوون بووه. هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مكوڕبوونی
هه‌ردوولا له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانیان. درێژه‌كێشان و نه‌هێشتنی ئاسته‌نگه‌كانیش مه‌ترسی
له‌سه‌ر دواڕۆژی پڕۆسه‌كه دروست ده‌كات.
ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی
پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په) دوای خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی
كوردستان (په‌كه‌كه) له به‌هاری ساڵی 2025دا، پێشمه‌رجیان چه‌كدانانی گه‌ریلاكانی
په‌كه‌كه‌یه. هه‌رچی ئۆجالان، قه‌ندیل وپارتی یه‌كسانی و دیموكراتی گه‌لان (ده‌مپارتی)
یه پێیانوایه چه‌كدانانی گه‌ریلا پێویستی به ده‌ركردنی یاسا هه‌یه له په‌رله‌مانی
توركیا.
به گوێره‌ی ده‌قی
دانوستانه‌كانی دوورگه‌ی (ئیمرالی) كه دزه‌ی پێكراوه بۆ ناو میدیاكان، له نێوان
(عبدالـله ئۆجالان) رێبه‌ری په‌كه‌كه و شاندی ئیمڕالی كه له (په‌روین بۆڵدان، میتحه‌ت
سنجار و پارێزه‌ر ئۆزگور فایق ئه‌رۆل) پێكهاتووه، له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا
(میت) ئه‌نجامدراوه، ده‌بوو له مانگی مایسی 2026، قۆناخی به یاساییكردنی پڕۆسه‌كه
له په‌رله‌مانی توركیا ده‌ست پێبكات. به‌ڵام نه‌وه‌كو ئه‌م قۆناخه ده‌ستپێنه‌كراوه
و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی (ئاكه‌په) ره‌شنووسی به یاساییكردنی پڕۆسه‌كه‌یان
ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان نه‌كردووه، به‌ڵكو تا كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م نووسینه
(44) رۆژه شاندنی ئیمرالی سه‌ردانی ئۆجالانی نه‌كردووه، ئه‌مه‌شیان ئاماژه‌یه
به هه‌بوونی گرفت له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌كه.
توركیا مه‌رجی نوێی هه‌یه!
به گوێره‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی
ده‌ستمان كه‌وتووه، توركیا ده‌ستپێكردنی قۆناخی به یاساییكردنی پڕۆسه‌كه‌ی به‌ستۆته‌وه،
به مه‌رجی كشانه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په،كه،كه) له هه‌ردوو
ناوچه‌ی (خواكورك و گارا). داوای له لایه‌نی كوردی كردووه، به‌ر له هه‌نگاوی به
یاساییكردنی پڕۆسه‌كه ده‌بێت، گه‌ریلاكان له هه‌ردوو ناوچه‌ی (گارا و خواكوڕك)
بكشێنه‌وه. دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ش له‌م دوو ناوچه‌یه له مانگه‌كانی
پایزی داهاتوو ئه‌و ره‌شنووسه‌ی حكوومه‌ت ئاماده‌ی كردووه بۆ به یاساییكردنی پڕۆسه‌كه
ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م
مه‌رجه‌ی توركیا (قه‌ندیل) و (ده‌مپارتی) پێداگربوونه له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی ره‌شنووسی
به یاساییكردنی پڕۆسه‌كه بۆ په‌رله‌مان له مانگی (ته‌مموزی 2026). ئه‌مه‌ش وایكردووه
له دوو مانگی رابردوو پڕۆسه‌كه راوه‌ستێت و دیداری (ئۆجالان و شاندنی ئیمرالی)
دوابكه‌وێت.
رۆژنامه‌ی "نه‌فه‌س"
ی توركیا كه رۆژنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌په‌رستانی توركه و دژ به ده‌سه‌ڵات و پڕۆسه‌ی
ئاشتین، له ژماره‌ی رۆژی (3 ته‌مووزی 2026 دا) بڵاویكرده‌وه كه گه‌ریلاكانی
(په،كه،كه) له ناوچه‌ی (سیانێ له گارا) و ناوچه‌ی (گردی به‌هار) كشانه‌وه‌ته‌وه.
به‌ڵامپێناچێت ئه‌م هه‌واڵه راست بێ، چونكه میدیاكانی سه‌ر به (ئاكه‌په) و (په‌كه‌كه)
ئه‌مه‌یان پشتڕاست نه‌كردۆته‌وه. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی ناوبراو باس له كشانه‌وه‌ی
گه‌ریلاكانی ده‌كات له (گردی به‌هار)، كه‌چی گردی ناوبراو له گارا نیه و سه‌ر
به هه‌رێمی (زاپه) و له هاوینی 2025 گه‌ریلا لێی كشاوه‌ته‌وه.
توركیا پێشنیاری نوێی
هه‌یه!
دوای ئه‌وه‌ی قه‌ندیل
مكوڕ بوو له‌سه‌ر نه‌كشانه‌وه له‌و ناوچانه‌ی توركیا دیاریكردووه، توركیا پێشنیارێكی
دیكه‌ی داوه‌ته قه‌ندیل. به گوێره‌ی زانیاریه‌كان توركیا نه‌رمی نواندووه به
ره‌وانه‌كردنی ره‌شنووسی به یاساییكردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوه‌دا داوا ده‌كات گه‌ریلا له هه‌ردوو ناوچه‌كه ده‌ست
به‌كشانه‌وه بكات. له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی گه‌ریلاشدا سه‌رۆكایه‌تی
په‌رله‌مان ره‌شنووسه‌كه ده‌داته فڕاكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته و
قۆناخی به یاساییكردن ده‌ست پێده‌كات.
هه‌ر به گوێره‌ی زانیاریه‌كان،
ئه‌گه‌رچی (قه‌ندیل) ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیاره نیشاننه‌داوه، به‌ڵام ره‌تیشی
نه‌كردۆته‌وه. به گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی قسه‌ی بۆ كردووم،له ئێستادا له‌باره‌ی
ئه‌م پێشنیاره به رێگای ناڕاسته‌وخۆ گفتوگۆ له نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامه.
مه‌رجه‌كانی قه‌ندیل چیه؟
ناكۆكیه‌كانی هه‌ردوولا
ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه به قۆناخی به یاساییكردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و چه‌كدانانی په‌كه‌كه.
دوا دیداری (عبدالـله ئۆجالان) له‌گه‌ڵ شاندنی ئیمڕالی له به‌رواری (24 مایسی
2026) بوو.
به گوێره‌ی زانیاریه‌كان
هه‌ریه‌ك له (هاكان فیدان) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و (ئیبراهیم كاڵن) راوێژكاری
(میت) له دوا كۆبوونه‌وه‌ی شاندی ئیمڕالی و ئۆجالان ئاماده‌بوونه و له نێوانیاندا
گفتوگۆیه‌كی توند روویداوه. له كۆبوونه‌وه‌ی مانگی نیسانی 2026دا ئۆجالان ره‌شنووسێكی
7 خاڵی راده‌ستی ده‌وڵه‌ت كردووه، كه په‌یوه‌سته به ستاتۆی یاسایی ئۆجالان و رۆڵی
له پڕۆسه‌ی ئاشتیدا. سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له 60 رۆژ به‌سه‌ر ئه‌م
كۆبوونه‌وه‌یه هێشتا ده‌وڵه‌ت وه‌ڵامی یاداشته‌كه‌ی ئۆجالانی نه‌داوه‌ته‌وه. له‌لای
خۆیه‌وه قه‌ندیل گوشار ده‌كات و ده‌ڵێـت:" تا ده‌وڵه‌ت به فه‌رمی وه‌ڵامی
ره‌شنووسه‌كه‌ی ئۆجالان نه‌داته‌وه ئێمه هیچ هه‌نگاوێكی نانێین. به‌بێ دیاریكردنی
ستاتۆی ئۆجالان ئه‌م پڕۆسه‌یه سه‌رناگرێت".
جگه له‌مه‌ی سه‌ره‌وه
(قه‌ندیل) داوا ده‌كات به‌ر له‌وه‌ی حكوومه‌ت ره‌شنووسی به یاساییكردنی پڕۆسه‌كه
بباته په‌رله‌مان ده‌بێت ئه‌وان ره‌شنووسه‌كه ببین و بۆچوونی خۆیان له‌باره‌یه‌وه
به‌یان بكه‌ن. به گوێره‌ی قه‌ندیل، قۆناخی به یاساییكردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی ته‌نیا
په‌یوه‌ست نیه به چه‌كدانان و یاسای لێبوردنه‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به هه‌موو
ره‌هه‌نده‌كانی دیكه‌شه‌وه كه په‌یوه‌ندیان به مافی كورد له توركیاوه هه‌یه.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی دزه‌یان پێكراوه بۆ ناوی میدیای توركیا، ره‌شنووسی
به یاساییكردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی كه حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیا
ئاماده‌یان كردووه، له‌باره‌ی یاسای چه‌كدانان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه
بۆ توركیا جیاكاری كراوه له نێوان (سه‌ركرده، كادیر و گه‌ریلاكانی) په،كه،كه.
میدیای توركیا پێیوایه یاسای گه‌ڕانه‌وه و لێبوردن سه‌ركرده دیاره‌كانی په،كه،كه
كه ژماره‌یان نزیكی (300) كه‌سه ناگرێته‌وه.
لێكه‌وته‌كانی كشانه‌وه‌ی
گه‌ریلا له گارا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان چیه؟
مكوڕبوونی ده‌وڵه‌ت و
حكوومه‌تی توركیا له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به قه‌ندیل به تایبه‌تی له
(گارا) ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه به به‌ره‌وپێشبردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی له توركیا به
گوێره‌ی خواستی ده‌وڵه‌تی توركیاوه. به‌ڵكو له پشت ویستی توركیا ره‌هه‌ندی جیاوازتر
هه‌یه، كه گرنگترینیان گیرسانه‌وه‌ی سوپای توركیایه له‌و شوێنانه‌ی گه‌ریلا چۆڵی
ده‌كات. به‌هه‌مان شێوه‌ی ساڵی رابردوو (2025) كاتێك گه‌ریلا له زاپ و ئاڤاشین
كشایه‌وه و سوپای توركیا ئه‌م شوێنانه‌ی كۆنتڕۆڵكرد.
شاخی گارا و ده‌وروبه‌ری
له‌ناو دڵی هه‌رێمی بادینان دایه و وه‌كو ناوچه‌كانی دیكه هاوسنوور نیه له‌گه‌ڵ
توركیا؟ له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی (گه‌ریلا) له گارا و كۆنتڕۆڵكردن و مانه‌وه‌ی ئه‌م
ناوچه‌یه له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه، مه‌ترسیه‌كی زۆر گه‌وره له‌سه‌ر هه‌رێمی
كوردستان دروست ده‌بێت و تووشی چه‌ندین كێشه‌ی ستراتیژی ده‌كات. له ساده‌ترین شێوه‌یدا
توركیا هه‌بوونی سه‌ربازی خۆی له‌م ناوچه‌یه وه‌كو كارتێك له دژی هه‌رێمی
كوردستان و بگره به‌غداش به‌كاردێنێت.
لێكه‌وته‌كانی كشانه‌وه‌ی
گه‌ریلا له گارا له‌سه‌ر قه‌ندیل چیه؟
له‌دوای ساڵی 2018 ده‌وڵه‌تی
توركیا، ساڵ به‌دوای ساڵ زیاتر هاته ناو هه‌رێمی كوردستان و باره‌گا و بنكه‌ی سه‌ربازی
دروستكرد. ئه‌م پێشڕه‌ویه‌ی سوپای توركیا له لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی قه‌ندیل، وه‌كو
ئاماده‌كاری توركیا له قه‌ڵه‌مدرا، بۆ جێبه‌جێكردنی پڵانێك له شێوه‌ی پڵانی ده‌وڵه‌تی
(سریلانكا) بۆ له‌ناوبردنی بزوتنه‌وه‌ی (پڵنگه‌كانی تامێل)، كاتێك ده‌وڵه‌ت به پڵانێكی
ستراتیژی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ بزوتنه‌وه‌ی تامێلی له رووبه‌رێكی ته‌سكی جوگرافی قه‌تیس
كرد و له‌ناویبردن. هه‌ر بۆیه قه‌ندیل دوای ساڵی 2018 هێزه‌كانی له جاران زیاتر
له قوڵایی هه‌رێمی كوردستان بڵاوه‌پێكرد و به قه‌ندیل و ناوچه‌كانی بادینان
سنووردار نه‌ما. له ئێستاشدا مكوڕی توركیا بۆ كشانه‌وه‌ی گه‌ریلا له ناوچه‌كانی
دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و قه‌ندیل هه‌مان خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. به تایبه‌تی
له كاتێكدا كه قه‌ندیل له زمانی سه‌ركرده‌كانیه‌وه دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان
متمانه‌یان به توركیا نیه و گومان له نیازپاكی ده‌كه‌ن بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆسه‌یه
له كۆتایه‌كانی ساڵی 2024 ده‌ستپێكراوه. له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی هه‌موو گه‌ریلا
بۆ قه‌ندیل و به‌رله‌به‌رچاوگرتنی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژی سه‌ربازی توركیا، تا
راده‌یه‌كی دیار هه‌مان زه‌مینه‌ی له‌ناوبردنی پڵنگه‌كانی تامیل له‌بار ده‌بێت.
ئایا هیچ مه‌ترسیه‌ك
هه‌یه بۆ له‌بارچوون و له‌باربردنی پڕۆسه‌كه؟
به به‌راورد له‌گه‌ڵ
پڕۆسه‌كانی دیكه ئاشتی له توركیا، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ی له ساڵی 2024 ده‌ستپێكراوه،
زۆربه‌ی ئاسته‌نگه ناوخۆیه‌كانی بڕیووه.
ئه‌وه‌ی دیاره زۆرینه‌ی
باڵه‌كانی ناو ده‌وله‌تی توركیا له‌سه‌ر پێویستی سه‌رخستنی هاوڕان. هه‌روه‌ها ئه‌و
ده‌نگانه‌ی له‌ناو توركیا دژ به پڕۆسه‌كه‌ن لاوازكراون و جگه له دژایه‌تیكردنی
پڕۆسه‌كه له‌سه‌ر میدیاكان شتێكیان له‌ده‌ست نایه‌ت. به‌ڵام له ئاستی ده‌ره‌وه
چه‌ندین هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه هه‌یه. ئسرائیل به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناخوازێ ئه‌م
پڕۆسه‌یه سه‌ربگرێت، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئۆجالان دژ به ئسرائیل و بێمتمانه‌یی قه‌ندیل
به ئسرائیل، رێگای ده‌ستێوه‌ردانی ئسرائیلی هێجگار لاواز كردووه.
ئه‌وه‌ی له حاڵی
حازردا ده‌مێنێته‌وه و به به‌رده‌وامی و سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه نیگه‌رانه ئێرانه.
دوای جه‌نگی ئێران دژ به ئه‌مریكا و ئسرائیل، هه‌ژموونی توركیا له‌ناوچه‌كه زیاتر
ده‌بێت، ئه‌م ناوچانه‌ی له‌ژێر هه‌ژموونی ئێران نه‌ماون دوای جه‌نگ، خه‌ریكه ده‌كه‌ونه
ژێر هه‌ژموونی توركیا. كاتێك له‌م گۆشه‌نیگایه سه‌یری رووداوه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌بێت
ئێران به‌م پڕۆسه‌یه نیگه‌ران بێت و هه‌وڵی تێكدانی بدات. چه‌ندین جاریش ئۆجالان
له دیداره‌كانیدا تیشكی خستۆته سه‌ر مه‌ترسی ئێران بۆ له‌باربردنی پڕۆسه‌كه. به
تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه درێژه بكێشێت و نه‌گاته ئه‌نجام و ئێرانیش له‌گه‌ڵ
ئه‌مریكادا بگاته رێككه‌وتن و سه‌روه‌ری له‌سه‌ر (گه‌رووی هورمز) زیاد بكات دوورنیه
ئێران به پراكتیكی هه‌وڵی له‌باربردنی پڕۆسه‌كه بدات.
كه‌رسته‌ی هه‌ر گرنگی
ده‌ستی ئێرانیش له‌مباره‌یه‌وه، هێزه‌كانی پارتی ژیانی ئازاد (پژاك) ده‌بێت. له
ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی جه‌نگێكی ناكۆنتڕۆڵكراو له نێوان ئێران و پژاك كه له‌م رۆژانه‌دا
زه‌مینه‌ی به‌رپابوونی زیاتره له جاران، ئه‌وه قه‌ندیل ناچاره جوڵه به هێزه‌كانی
بكات و بیانخاته دۆخی ئاماده‌باشی، ئه‌مه‌ش یاریه‌كه له توركیا تێكده‌دات، جێبه‌جێكردنی
پڵانی توركیا ده‌خاته زه‌حمه‌تیه‌وه، پڕۆسه‌كه درێژ ده‌كاته‌وه و زه‌مینه‌ی
له‌بارچوونی به شێوه‌یه‌كی دیكه و له شوێنێكی دیكه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
به‌دووریشی نازانم هێرشی
رۆژانی رابردووی سوپای ئێران بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی پژاك له‌ناو خاكی رۆژهه‌ڵاتی
كوردستان، كه له ئه‌نجامدا چه‌ند گه‌ریلایه‌ك گیانیان سپارد پرۆڤه و ئاماده‌كار‌یه‌كی
پێشوه‌خته بێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.