کۆمپانیایەک لە سلێمانی بەشێک لە زەوی قوتابخانەیەک داگیردەکات‌و دەیکات بە رێگا بۆ پرۆژەکەی


پرۆژەی ( دڵی شار ) کە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونەو لەشوێنی ( مەسڵەحە کۆنەکەی سلێمانی ) دروستدەکرێت، چەند رۆژێکە پارچەیەک زەوی قوتابخانەی سۆلافی داگیرکردووەو کردوویەتی بە رێگایەکی قەیرتاو بۆ پرۆژەکەی، ئەوە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردە ئاگای لەم کارەی کۆمپانیاکە نییە.

لە بەشی دەرەوەی باشوری پڕۆژەی ( دڵی شار ) سێ قوتابخانە هەیە کە دوانیان لە قوتابخانەیەکدا دەوامدەکەن ناوەکانیان ( خاتووزین و سۆلافە )، قوتابخانەکەی تریان بە قوتابخانە فەرەنسیەکەیە ناسراوە، رۆژی شەممە ١١ ی تەموز پرۆژەی ( دڵی شار )، دیواری قوتابخانەیەک دەڕوخێنن و لە گەراجەکەیەوە رێگایەک رادەکێشن بۆ سەر شەقامێکی گشتی گەڕەکی رزگاری.

ماڵپەڕی " سپی " بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی ئەوەی کە چۆن پەروەردە رێگای بەم پرۆژەیە داوە دەستکاری بینای قوتابخانەیەک بکەن، چەند جارێک پەیوەندیکرد بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی نەژاد عەبدوڵاوە، ناوبراو وەڵامی نەبوو، دواتر خۆی پەیوەندی بە ماڵپەڕی ( سپی )  یەوە کردەوە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات.

لە کاتێکدا دروستکردنی ئەو رێگایە لەنێوان دوو قوتابخانەدا مایەی نیگەرانی کەسوکاری قوتابیانن، باوکی خوێندکارێک کە نەیوویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ( سپی ) راگەیاند" بوونی رێگایەکی لەو شێوەیە لەنێوان دوو قوتابخانەدا مەترسی رووداوی هاتوچۆی لێدەکەوێتەوە لە کاتێکدا بە هەر سێ قوتابخانەکە زیاتر لە ٥٠٠ خوێندکار تێیدا دەخوێنن".

تا ئێستاش چارەنووسی مانەوە یان گواستنەوەی ئەو سێ قوتابخانەیە لەو جێگایەدا نادیارە، هەرچەندە هەندێک دەنگۆ لە ئارادایە کە پرۆژەکە چاوی لەسەر داگیرکردنی زەوی قوتابخانەکانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە بە " سپی " راگەیاند" ئەوان زانیاریان نییە لەسەر ئەم پرۆژەیەو هیچ مامەڵەیەک نەهاتۆتە لای ئەوان".

بەپێی یاسای بەرکارەکانی هەرێم، هەر وەزارەتێک بیەوێت بینایەک بفرۆشێت شەخسی وەزیر بڕیار لێ دەدات، بەڵام دەبێت بە ئاشکرا تەندەرینی بۆ بکرێت و بخرێتە موزایەدەوە، نوێنەری وەزارەتی دیاریکراو، نوێنەری وەزارەتی دارایی و نوێنەری وەزارەتی شارەوانی تێیدا بەشدار دەبن، بیانەکە دەخرێتە موزایەدەو لەبەردەم بیناکەدا بۆ ماوەی مانگێک لافیتەیەکی پێدا هەڵدەواسرێت، هیچ وەزیرێک ناتوانێ سەربەخۆیانە تەنازول بکات بۆ کەسێک، یان کۆمپانیایەک و موڵک و ماڵی حکومەتی پێبدات، یان بیفرۆشێت ئەگەر بەو میکانیزمەدا تێنەپەڕێت. ئەمەش بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی دەوڵەت.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدا روودەدات کە بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " بۆ ساڵی داهاتوو لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی پێویستە ٢٠٠ قوتابخانەی جۆراو جۆری ( ٢٧،١٨،١٢،٦ ) پۆلی دروستبکرێت. 

لە ساڵی ٢٠٢٢ مشتومڕی زۆر لەسەر ئەم زەویەی مەسڵەحەی کۆن لە ئارادابوو، سەرەتا کۆمپانیای بەڕێز هەوڵی دروستکردنی داو ناوی پرۆژەکە ( ئاسودە) بوو کە رووبەرەکەی نزیکی ٩،٥ دۆنمە، لەمانگی شوباتی هەمان ساڵدا داواکاری گشتی دژی کردنی ئەم زەویە بەیەکەی نیشتەجێبوون وەستایەوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بکرێت بە باخچە و خەڵکی گەڕەکەکەش جەختیان لەسەر کردوە، لەو سەروبەندەدا سەرۆکی ئێستای شارەوانی سلێمانییش بڕیاری راگرتنی دروستكردنی هەر پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی لەو شوێنەدا راگرت، بەو پێیەی ئەو شوێنە رەگەزەکەی باخچەیە، بەڵام دواتر پەشیمان بووەوەو، درا بە کۆمپانیایەک و پرۆژەی دڵی شاری تێدا ئەنجام درا. 

پێش ئەوە زەویە بدرێت بە کۆمپانیای بەڕێز، چەند هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی ئەم زەوییە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام  لەلایەن (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)  ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی ئەوكاتی یەكێتییەوە رێگری لێكراوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢ دوای ئەوەی لە کۆمپانیای بەڕێز سەندراوەتەوەو قەرەبووشکراوتەوە، دراوە بە پرۆژەی(دڵی شار).





PM:08:22:12/07/2026