ئەو مزگەوتە گەورەیەی لەنێوان چاڤی گەشتیاریی و هۆتێل تایتانیك
لە بناری چیای گۆیژە دروست دەكرێت، پێشتر زەوییەكەی چوار پارچە بووە كە دوو پارچەیان
بۆ "هۆڵی سینەما و شانۆ" و "مەڵبەندێكی دیراساتی گشتیی" دابین
كرابوو.
بەپێی نوسراوێكی فەرمی كە ماڵپەڕی سپی بینیویەتی، ئەو موڵكەی
كە لەلایەن خێزانێكی وەبەرهێنی سلێمانییەوە دەكرێت بە گەورەترین مزگەوت لە هەموو عێراقدا،
بە پێی نەخشەی بنەڕەتی سلێمانی و نەخشەی وردەكاریی پەسەندكراو، لە چوار موڵك پێكهاتووە
كە یەكێكیان بۆ هۆڵی سینەما و شانۆ، دووەمیان بۆ مەڵبەندی دیراساتی گشتیی، سێیەمیان
بۆ پاركینگ و چوارەمیان بۆ نیشتەجێبوون بووە، كە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥دا بەڕێوەبەرایەتی
نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی نوسراوی كردوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆكایەتی
شارەوانی سلێمانی.
بە پێی بەدواداچوونی مەیدانیی ماڵپەڕی سپی، ماوە چەند مانگێكە
كارەكانی دروستكردنی ئەو مزگەوتە دەستی پێكردوە و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەمە لەكاتێكدایە تا ئێستا دیار نیە كە ئایا مۆڵەت لەو فەرمانگانەی
حكومەت، وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی، زانكۆی سلێمانی و نیشتەجێبوون
وەرگیراوە.
بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان لەناو شاری سلێمانیدا زیاتر
لە ٧٠٠ مزگەوت هەیە. ئەمە لەكاتێكدایە كە ژمارەی دانیشتوانی سەنتەری شاری سلێمانی
نزیكەی ملیۆنێك كەسە.
لەلایەكی ترەوە بە پێی پلانی پەروەردەی سلێمانی و چواردەوری
بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی، بەهۆی كەمی
قوتابخانە و ناوەندی خوێندنەوە، پێویستی بە دروستكردنی ٢٢٠ قوتابخانە هەیە.