هەولێر نەخشەی سیاسی هێزەكان دەگۆڕێت
راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف
پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بۆتە چەكی بەهێزی دەستی هاوڵاتیان بۆ بە سزا گەیاندنو لێپێچینەوە لەهەر هێزو كارەكتەرێكی سیاسی، بەجۆرێك ئەگەر لە رابردوودا بەهۆی رێكەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتیو پارتیو بەشداریكردن بەیەك لیست لە هەڵبژاردنەكاندا كاریگەری لەسەر گۆڕانی نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستان نەبووبێت، ئەوا لەمڕۆدا هەڵبژاردن بۆتە وێستگەیەك بۆ گۆڕانی نەخشەی سیاسی هێزەكان، بەو پێیەش لە دوایین هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان كە لە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، بەتەواوی نەخشەی سیاسی هێزەكانی گۆڕی بەجۆرێك ژیانی حیزبایەتی لە هەرێم لە مۆنۆپۆڵی جوت حیزبیەوە گۆڕی بۆ فەرە حیزبیو پلەبەندی حیزبەكانیشی بە جۆرێك گۆڕی كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی لە هێزی پلە یەكەوە گۆڕی بۆ هێزی پلە سێ لە هەرێمی كوردستان.
لەگەڵ ئەوەی تا ئەمڕۆش گۆڕانكاریەكە زیاتر لە پارێزگای سلێمانیدا بووە، بەڵام لەمرۆدا پارێزگای هەولێر بەرەو چەقی ململانێكان دەروات ، بەجۆرێك هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستانو بزووتنەوەی گۆڕان وەك دووهێزی ململانێكەری بەهێز، چاویان بڕیوەتە هەولێر، پارتی بە پێگەی بەهێزی خۆی دەزانێتو پێیوایە لە 31ی ئابی 1996 بە خوێن ئەو پارێزگایەی گرتووەو گۆڕانیش پێیوایە ئەوپارێزگایە پێویستە لە هەیمەنەی ئەمنی پارتی رزگار بكرێت.
هەڵبژاردنەكانی رابردووی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای هەولێر كاریگەری گەورەی لەسەر نەخشەی سیاسی هێزەكان لەو پارێزگایە درووست كردووە، لەم شیكاریەدا بەراوردی دەنگی هێزەكان دەكەین لە نێوان هەڵبژاردنی 2005و 2013 جیاوازی دەنگی
هێزەكان دەخەینە روو لەگەڵ پێشبینیەكان بۆ هەڵبژاردنی 30ی نیسانی داهاتوو .
یەكەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان
لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانو پەرلەمانی كوردستانو عێراق پێكەوە لە 30ی كانوونی دووەمی 2005 بەڕێوەچوو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر كە (647 هەزارو 994) كەس دەنگیان دابوو، پارتی دیموكراتی كوردستان كە (347 هەزارو 772) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكانی ئەو پارێزگایە، لایەنەكانی تر (46.3%)ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایەیان هەبووە.
بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا كە (717 هەزارو 663) دەنگیانداو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر(340 هەزارو 668) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (47.47%) دەنگەكانی ئەو پارێزگایە، هاوكات لایەنەكانی تر لەو پارێزگایە (52.53%) دەنگیان بەدەستهێنا.
بەو پێیەش لە نێوان هەڵبژاردنی 2005 بۆ 2013 واتا لە ماوەی 8 ساڵدا دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێژەی (6.23%)ی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر كەمی كردووەو دەنگی لایەنەكانی تر لەو پارێزگایە (6.23%)ی دەنگەكان زیادیانكردووە، پێش بینیش دەكرێت لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا ئاستی دەنگەكانی بەرێژەی (5%) كەم بكاتو ئاستی دەنگی لایەنەكانی تر زیاد بكات
دووەم/ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی كانوونی 2005دا (244 هەزارو 343) دەنگی لەو پارێزگایە بەدەستهێناوە بەرێژەی (37.7%)ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە. بەڵام دوای 8 ساڵو لە دوایین هەڵبژاردنی 21/9/2013دا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (91 هەزارو 72) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (12.69%)ی دەنگی ئەو پارێزگایە واتا لە ماوەی 8 ساڵدا دەنگی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر بەرێژەی (25.01%)ی دەنگەكانی لەو پارێزگایە كەمی كردووە واتا ئاستی دەنگەكانی سێجار كەمی كردووە، بەپێوەری ماتماتیكی واتا ئاستی دەنگەكانی 75% كەمی كردووە، چاوەروانیش ناكرێت ئاستی دەنگەكانی هیچ جۆرە گەشەكردنێك لەو پارێزگایە بەخۆ ببینێتو دەنگەكانی هەر لەو ئاستەدا دەبێت چاوەروان دەكرێت دەنگەكانی كەمێك كەمبكات.
سێیەم/ بزووتنەوەی گۆڕان
لەگەڵ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2005 دا بەشدارنەبووەو لەسەر ئاستی پارێزگا لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 بەشداری كردووەو تیایدا (103 هەزارو 397) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (15.19%)ی دەنگەكانی پارێزگای هەولێر بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 21/9/2013 لە پارێزگای هەولێر(130 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (18.11%)ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە، واتا ئاستی دەنگەكانی لە ماوەی 3 ساڵدا بەرێژەی نزیكەی (3%) زیادی كردووە، چاوەروانیش دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئاستی دەنگەكانی زیاد بكات.
چوارەم / هەولێر لە نێوان ململانێی هێزەكاندا
ئەگەر بەراوردی دەنگی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان (یەكێتیو پارتی) بكرێت بە دەگی لایەنەكانی تر ئەوا بە روونی دەردەكەوێت لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا گۆڕانكاری گەورە لە نەخشەی سیاسی هێزەكاندا لە پارێزگای هەولێر روویداوە.
لە هەڵبژاردنی 30ی كانوونی دووەمی 2005 دا لە كۆی (647 هەزارو 994) دەنگدەر یەكێتیو پارتی پێكەوە (592 هەزارو 115)دەنگی ئەو پارێزگایەیان هێناوە بەرێژەی (91.4%)ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایەیان هێناوە، لایەنەكانی تر (55 هەزارو 879) دەنگیان بەدەستهێنا بەرێژەی (8.6%)ی دەنگی ئەو پارێزگایە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لەكۆی (717 هەزارو 663) دەنگدەر یەكێتیو پارتی پێكەوە لە پارێزگای هەولێر (431 هەزارو 740) دەنگیان بەدەستهێنا بەرێژەی (60.2%)ی دەنگی ئەو پارێزگایەیان بەدەستهێناوە واتا تەنها لەماوەی 8 ساڵدا دەنگی یەكێتیو پارتی بەرێژەی (31.2%)ی دەنگی ئەو پارێزگایەیان لەدەستداوە كە (25.01%)ی كەمكردنەكەی هی یەكێتیەوەو (6.23%)ی هی پارتیە.
بەڵام دەنگی لایەنەكانی تر لە ماوەی 8 ساڵدا لە پارێزگای هەولێر (8.6%)ەوە زیادی كردووە بۆ (39.8%) واتا لەماوەی نێوان هەڵبژاردنەكانی 2005 بۆ 2013 بەرێژەی (31.2%)ی دەنگی پارێزگای هەولێر زیادیان كردووە.
لەم شیكاریەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای هەولێر كاریگەری گەورەی لەسەر گۆرانی نەخشەی سیاسی هێزەكان هەبووە لە پارێزگای هەولێر .
PM:04:11:27/04/2014