بەڕێوەبەری رێکخراوێك کە زیاتر لە ماوەی حەوت ساڵە لە بواری دەرمان و تەندروستیدا کارد ەکەن، رایدەگەیەنێت" بازرگانی دەرمان لە هەرێمدا لە دەرەوەی یاسایەو، دابەشبووە بەسەر دوو زۆنی پارتی و یەکێتی، هەر یەکەشیان کۆمپانیای خۆیان هەیەو کۆنترۆڵی بازاڕی دەرمانیان کردووە".
لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی " سپی " لەگەڵ هەژار وەهاب عوسمان بەڕێوەبەری رێکخراوی ( ئاران )، رایگەیاند" بازرگانی دەرمان لە هەرێمدا دابەشبووە بەسەر دوو زۆندا، لە هیچ شتێکدا دوو زۆنی نەبێت، لە بازرگانی دەرماندا دوو زۆنییە، زۆنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان".
رێکخراوی ( ئاران ) کە ماوەی حەوت ساڵە لە بواری تەندروستیدا لەسەر ئاستی هەرێم کاردەکەن لە دوا راپۆرتیاندا زانیاری مەترسیدار لەسەر ئەم پرسە ئاشکرا دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە پرسی تەندروستی لە هەرێمدا تەواو لە مانا مرۆییەکەی دابڕاوەو، بەڕێوەبەرەکەیان دەڵێت" دەتوانین بڵێین بە تەواوی بۆتە پرسێکی بازرگانی لە هەرێمدا، هاوکات بازرگانی دەرمان بۆتە بابەتێک لە دەرەوەی یاسا".
لەبارەی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دەرمانەوە، بەڕێوەبەری ئاران ئاشکرای دەکات کە هەردوو زۆنەکە هەر یەکەیان لەلایەن کۆمپانیایەکی گەورە و چەند کۆمپانیایەکی بچووکی هەردوو حزبەوە هەردوو زۆنەکە کۆنترۆڵکراوە.
چۆنێتی ساختەکردنی دەرمانو هێنانی بۆ کوردستان
" بازرگانیکردن بە دەرمانی ساختەوەو گواستنەوەو هێنانی بۆ هەرێمی کوردستان، زۆر بەوردی و تۆکمەیی و نهێنی ئەنجامدەدرێت" ئەمە قسەی هەژار وەهابە لەسەر شێوازی هێنانی دەرمانی ساختەو دەشڵێت" ئەم بازرگانانە ناوی وڵاتی دروستکەری دەرمانەکان دەگۆڕن، مادەی سەرەکی پێکهێنەری دەرمانەکە دەگۆڕن، دەرمان هەیە لە کوردستان نوسراوە دروستکراوی بیلا روسیا، دەرمان هەیە نوسراوە دروستکراوی ئەرجەنتین، لە کاتێکدا ساختەیە".
لە بارەی ئەو لایەنانەی دەرمانی ساختە دەهێننە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاران ئاشکرای دەکات و دەڵێت " میلیشیا ناو بانگ خراپەکان کە بە تیرۆریست ناوزەدکراون، دەستیان وەردواوەتە بازرگانی دەرمان لەگەڵ ئەو گرووپانەی کە بە قاچاخچی ناودەبرێن، دەستیان تێکەڵکردووە و بازرگانی دەرمان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن".
بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاران کە لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە دروستکراوە لە بارەی ئەم میلیشیانەوە زیاتر دەڵێت "گرووپی میلیشیاوی عێراق لە بازرگانیکردن بە دەرمانی ساختەوە تێوەگلاون، لە سەربازگەیەکدا لە کەرکوک کارگەیان داناوەو لەم کارگانەوە دەرمانی ساختە دروستدەکەن و ئاراستەی بازاڕەکانی هەرێمی دەکەن".
کێن ئەو لایەنانەی دەرمانە ساختەکە دەگوازنەوە بۆ ناو هەرێم؟
کەرتی تەندروستیش وەک زۆر بواری تری هەرێم دەستوەردانێکی زۆری حزبی تێدا دەکرێت، بەڵام دەستێوەردان لەم بوارەدا زۆر مەترسیدار ترە، هەژار وەهاب ئاماژە بەوە دەکات کە کەرتی تەندروستی دەستوەردانێکی قوڵی حزبی تێدایە، لەبەرئەوەی کەرتێکی پڕ قازانجە، لە رێگای ئەم دەستوەردانەوە دەرمانە ساختەکان لە خاڵەکانی پشکنین و وەزارەتی تەندروستی تێدەپەڕێنرێت و دەهێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.
ئەو پێیوایە کە بازرگانانی ئەم بوارە کەسانی دەستڕۆشتوون و مەترسی دەستگیرکردنیان نییەو بگرە دەتوانن دەرمانە ساختەکانیشیان لە بازاڕەکاندا ساغبکەنەوە".
دەرمانی ساختە بە تۆخی لە بواری جوانکاری ژناندا دەرکەوتووە
دوای ماوەیەکی زۆر کێوماڵکردن و کارکردن لە بواری مادەکانی جوانکاری و سەنتەرەکانی جوانکاری کە ئەم رێکخراوە چاودێریکردووە، گەیشتوونەتە ئەو راستەییەی کە کاری ساختەو دەرمانی ساختەی زۆر لەو سەنتەرانەدا بەکاردێت.
لە کێوماڵەکەیاندا رێکخراوی ئاران گەیشتوونەتە ئەو ژمارەیەی لە هەرێمی کوردستان ٢٤١ سەنتەری جوانکاری هەیە، بەشێكی زۆر لەوانەی کاریان تێدا کردووە، کەسانی پسپۆری بوارەکە نەبوون، لە وڵاتانی ئێران و تورکیا و ئۆکرانیا و لوبنانەوە هاتوون زۆریان نە بڕوانامەیان هەبووە، نە پسپۆر بوون.
هەژار وەهاب دەڵێت " ئەم سەنتەرانە ساڵانە ١٦٨ ملیۆن دۆلاریان دەبردە دەرەوەی وڵات، لەبەر رۆشنایی ئەم کارانەی ئێمە و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا، وەزارەت رێوشوێنی گرنگی گرتەبەر و سنوری بۆ ئەم سەرپێچیانە دانا. لەلایەکەوە لە رێگای رێکخستنەوەی کاری ئەم سەنتەرانە، لەلایەکی تریشەوە کواڵێتی ئەو دەرمانانەی لە جوانکاریدا بەکار دەهێنرێن".
هاوڵاتی چۆن خۆی لە دەرمانی ساختە بپارێزێت؟
لە بارەی خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە دەرمانی ساختە، هەژار وەهاب عوسمان بەڕێوەبەری رێکخراوی ( ئاران )، هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات لەو بڕە زۆرەی دەرمانی ساختە کە لە دەرمانخانەکانی کوردستاندا بەکاردەهێنرێت و دەڵێت" بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بزانن دەرمانێکی ئۆرجیناڵە، یان ساختەیە، گەر دەرمانەکە ستیکەری وەزارەتی تەندروستی پێوە بێت، ئەوا ئەو دەرمانە ساختە نییە".
هەندێک لە کۆمپانیا بڕوا پێکراوەکاندا کە دەرمان دەهێننە کوردستان، بە کولیتی کۆنترۆڵدا تێدەپەڕێت و وەزارەتی تەندروستی ستیکەری لێدەدەن، بەڵام بەڕێوەبەری ئاران، دەڵێت" سەرباری ئەوەش بڕێکی زۆر دەرمانی ساختە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، لەلایەن کەسانێکەوە لە دەرەوەی یاسان و کەسانێکی دەسترۆشتن و ترسی لێپرسینەوەیان نییە، هەروەها ترسی ئەوەیان نییە کە دەرمانەکانیان لە بازاڕدا ساغنەکرێتەوە".
هەژار وەهاب هۆشداری دەدات و جەخت لەسەر ئەو دەرمانەنە دەکاتەوە کە دەبێت " ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لەسەر بێت، ئینجا هاوڵاتی بەکاری بهێنیێت".
بۆ بینینی چاوپێکەوتنەکە ئەم لینکە بکەرەوە