لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی ناو شاری سلێمانی ٩٩٢ هەزار کەسە و بەسەر ١٩٨ هەزار خێزاندا دابەشبووە، چالاکوانێکی ژینگەیی دەڵێت" لە سلێمانی هەموو کرێچیەکانیش خانویان پێ بدرێت، هێشتا ٧٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیادەیە".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مەڵپەڕ و سۆشیال میدیای سپی، سان سارڤان چالاکوانی ژینگەیی قسە لەسەر کێشە ژینگەیەکان و داگیرکردنی زەوی و کەم ئاوی و وێرانکردنی چیای گۆیژە و سەرچنار دەکات.
سان سارڤان ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی ژینگەیی کە ساڵانێکە لەو بوارەدا دەنوسێت و مەیدانی کار دەکات ئاماژە بەوە دەکات، سەرباری گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا حکومەتی هەرێمیش هیچ پلانێکی بۆ پاراستنی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو نییە، بگرە بە پێچەوانەی پەرەسەندنە نەرێنیەکانی ژینگەوە کاردەکات.
ئەو چالاکوانە زانیاری وردتر ڕادەگەیەنێت و دەڵێت " لە باشورەوە تا ڕۆژئاوای سلێمانی نزیکەی ٨٠ بۆ ٨٤ هەزار پارچە زەوی کشتوکاڵی لەم دوایەدا کراونەتە فۆرم کە ژمارەیان ٨٠ هەزارە و بخرێتە سەر ٧٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبونە زیادەکە، ئەوا ئەم شارە چی بەسەر دێت، بۆیە دەڵێین هیچ سیاسەتێکی گشتی ژینگەو پاراستنی ئاو لە ئارادا نیە".
" ئەوەی لە سلێمانی لە ئارادایە داگیرکردنی زەوی و نەبوونی سیاسەتی ژینگەیە "
ئەم چالاکوانە ژینگەییە پێیوایە گەورەترین کێشە لە تەک کێشە جیهانییەکە، نەبوونی سیاسەتی ئاوە لە هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەمش لە هەرێمی کوردستان بە هۆی داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵی و گۆڕینی سیستمی خاک دۆخەکەی قورستر کردووە.
سیاسەتی ئاو تەنها پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان نییە، بەمە تەنها سەرچاوە ئاویەکان تێکنادرێت، بەڵکو کەش و توخمەکانی خاکیش تێکدەدرێت، سان سەرڤان لەگەڵ ئەم بۆچوونەیدا، شاڵاوی داگیرکردنی زەوی و داگیرکردنی خاک لە سلێمانی بە یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی کەم ئاوی، ناوزەند دەکات.
ئەو کە گۆیژەوە وەک شوێنی کۆکەرەوەی ئاوی سلێمانی دەزانێت و بە پاکترین سەرچاوەی ئاوی ناوچەکە هەژماری دەکات، ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی ئەم هەشت نۆ ساڵەدا شاڵاوێکی گەورە کراوەتە سەر، ئەویش لە ڕێگەی بیناسازیەکی کوێرانە کە لە بناری چیای گۆیژەوە دەستیپێکردوە و درێژبوەتەوە تا سەرچنار.
پاکترین ئاوی سلێمانی لەبەردەم هەڕەشەی پرۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانیەکاندایە
ماوەیەکە باس لە پیسبوونی ئاوی سەرچنار دەکرێت، ئەم ئەندامەی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی کە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاوی سەرچنار پاکژترین ئاوە، دەڵێت " ئەو پرۆژانەی لە سەرچنار ئەنجام دەدرێن بە گەورەترین تاوانی ژینگەیی ناوەزەند دەکرێت".
ئەو وەبیری بەرپرسانی دەهێنێتەوە، کە سەرچنار بە پێی ماستەرپلان ناوچەیەکی (پارێزراو) بووە، بەڵام کۆمپانیاکان سەرەتا لە گۆیژەوە دەستیان بە داگیرکاری کرد و ئێستا لە سەرچنار درێژەی پێدەدەن و لە هەوڵی ئەوەشدان ڕێڕەوی ئاوی سەرچنار بگۆڕن.
میدیاکان زوڕنا بۆ ئەوە لێدەدەن کە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بنیاتنانی شارە
سان سارڤان کە ئەندامی دەستەی داکۆکیردنە لە ژینگە و سروشتی سلێمانیە، ئەو دەستەیە زیاتر لە ساڵێکە بە چڕی چالاکی جۆراوجۆر بۆ بەرگریکردن لە ژینگەی سلێمانی ئەنجام دەدات،بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە میدیاکانی نزیک کۆمپانیاکان و دەسەڵات و دەڵێت" جێگەی داخە ئەم کارەساتە زۆرجار لە لایەن میدیای خۆیانەوە زۆڕنای ئەوە لێدەدەن کە ئەم پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانیانە بونیاتنانی شارە، بەڵام ئەمە لە ڕاستیدا وێرانکردن و سوتماککردنی شارە".
ئەو چالاکوانە باس لەوە دەکات کە ئەم جۆرە میدیایانە خەڵک وا تێدەگەینن کە لە ١٥٪ی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکرێتە سەوزایی، ئەمە ڕێژەیەکی ڕاستی نییە، چونکە بەپێی شوێن دەگۆڕدرێت، هەتا هەواکە پیستربێت دەبێت سەوزایی زیادتربکرێت، چونکە ژمارەی دانیشتوان زیادبووە و شێوازی ژیانکردنیش گۆڕاوە و ژمارەی ئۆتۆمۆبیلەکان زیاتربووە، ئەو سەوزاییەی کە کۆمپانیاکان باسی دەکەن جێگرەوەی ئەو سەوزاییە نییە کە کۆمپانیاکان دروستیدەکەن، چونکە ئەمە بونیادی خاکەکە و ڕێڕەوی ئاو دەگۆڕێت، وەک ئەوەی لە سەرچناردا ڕویداوە، ڕێژەی سەوزایی تەنها بریتی نییە لە ڕواندنی دارودرەخت، بەڵکو هێشتنەوە زەویە (پارێزراوەکانە).
دەقی چاوپێکەوتنەکە لەم لینکەوە بخوێنەرەوە..