چەند ساڵێکە بە تایبەت لەوەرزی هاوین و پایزدا ئاگر لە دارستانەکان بەردەبێت، هەروەها هەندێک جوتیار دوای دورینەوەی بەربومەکانیان زەویەکانیان دەسوتێنن بە بەهانەی ئەوەی ساڵێکی دیکە بە پیت دەبێت، بەڵام پسپۆڕی بواری ژینگە د. کارزان عەبدوڵا دەڵێت " ئەو زەویانەی ئاگریان لێ دەکەوێتەوە بۆ ساڵی داهاتوو نەک بەهێز نابن، بەڵکو لەناو دەچن"، ئەو پێوایە "سوتانی دارێک واتە نەخۆشخستنی منداڵێکە".
لە ئێستادا یەکێک لە پرسە گرنگەکانی جیهان کێشەکانی ژینگەیە، یەکێک لەوانەسووتانی دارستانەکانە لە جیهاندا و ژینگەی هەرێمی کوردستانیش لەم کێشەیە بێبەش نیە، سەبارەت بە سوتاندنی دارستانەکان و کاریگەری لەسەر ژیانی زیندەوەرەکان دکتۆر ( کارزان عەبدوڵا ) مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی زانستەکانی ژینگە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ مەڵپەر و سۆشیال میدیای سپی دەڵێت " سوتانی دارستانەکان دەبێتە هۆکاری ئەوەی سوڕی ژیانی سەرجەم زیندەوەرەکان تێکبچێت".
کاریگەریە خراپەکانی سووتانی دارستانەکان..
بە پێی قسەکانی ئەم پسپۆڕەی زانستە ژینگەیەکان، یەکێک لە کاریگەریەکانی سوتانی دارستانەکان کەمبونەوە و نەمانی مادەی ئەندامیە کە بە " ڕۆحی خاک " ناوی دەهێنێت و، نەمانی میکرۆبەکان(بەکتریا و کەڕوەکان) دووەم کاریگەریە خراپی سوتانی دراستانەکانە و ئەگەر نەبن ئیتر هیچ گیا و دارێک سەوز نابێت، یەکێکی دیکەش لە کاریگەریەکانی سوتان نەمانی ئاوی ژێر زەویە، کە خاکێک دەسوتێت چینێک دروست دەبێت لەسەر خاکەکە کە دژە ئاوە و لە کاتی بارانباریندا ڕێگری دەکات لە چونە ناو ئاو بۆ خاکەکە و هۆکارە بۆ دروستبوونی لافاو و داڕمان، وە ئەبێتە هۆی ڕاماڵینی خاکەکە و ژیان لە خاکەکەدا نامێنێت، دوای ١٠ بۆ ١٥ ساڵ خاکەکە ڕووت دەبێتەوە و بە بیابانبوون ڕوو دەدات.
دکتۆر سەڵاح کە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری ژینەگەدا چالاکانە کاردەکات پێیوایە سووتان دەبێتە هۆی ئەوەی کە سوڕی ژیانی سەرجەم زیندەوەرەکانی تر تێکبچێت و PH (ترشی و تفتی)جێگیر نەبێت، وە گۆڕانی کەش و هەواش لە جوڵانی گەردێکەوە تا تۆفانە گەورەکانی ئۆقیانوسەکان ڕۆڵیان هەیە تیایدا.
لە خاکێکدا کرم و مێروەکان نەبن ئەو خاکە ڕوبەڕوی بە بیابانبوون دەبێتەوە
پێکهاتە زیندوو و نازیندوەکانی خاک تەواوکاری یەکترن و ڕۆڵیان هەیە لە زیندوو مانەوەی خاکدا، ئەو پێکهاتانەش زیندوەکانی خۆی دەبینێتەوە لەمێروەکان و کرمەکان، مێروەکان ڕۆڵیان هەیە لە بەپیتکردنی خاک و پێیان دەوترێت؛ ئەندازیاری خاک، کاتێک وردە زیندەوەرەکان یاخود کرم و مێروەکان بونیان نیە ئەو خاکەش ڕوبەڕوی بە بیابان بوون دەبێتەوە،کاتێک سوتان ڕویدا خاکەکە ئەمانە لەدەست دەدات و دەمرێت، ئەمە زانیاری دکتۆر سەڵاح عەبدوڵایە کە مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجەیە و بوارەکەی ژینگەیە، ئەو جگە لەم وردکارییەی لەسەر سووتان، هۆشداری دەدات بە جوتیاران و دەڵێت"هەندێك جوتیار لە کاتی دورینەوەی گەنم زەویەکە دەسوتێنن و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ساڵی دواتر خاکەکە توانای بەرهەم هێنانی نەبێت و جوتیار مادەی کیمیایی بەکار بهێنێت بۆ زەویەکە کە کاریگەری لەسەر بەرهەمەکە و خاکەکە دروست دەکات و بە تەواوەتی لە ناوی دەبات و ئەو ماددە کیمیایانەش لە ڕێگەی خۆراکەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ و دەبێتە هۆی نەخۆشی".
سووتانی دارستانەکان کاریگەریان لەسەر بەرزبونەوەی پلەی گەرمای زەوی هەیە
دکتۆر کارزان چەند توێژینەوەیەکی زانستی کردوە سەبارەت بە پیسبوون و گۆڕانی کەشوهەوا، دەربارەی کاریگەری سوتان لەسەر گەرمبوونی زەوی ئەو یەکێک لە هۆکارەکانی دەگێڕێتەوە بۆ زیادبوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کە بە هۆی سوتانەوە ئەم گازە زیاد دەکات، دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بە پلەی یەکەم دێت ڕێژەی زۆریەکەی لەبەرگە هەواداو، دەشڵێت" دوانە ئۆکسیدی کاربۆن ڕێگری دەکات لە شکانەوەی تیشکەکان بۆ بەرگە هەوا کە دەبێتە هۆی گەرمبوون ئەم تیشکانە".
ئەو پسپۆرە ئاماژە بەوەش دەکات کە هەندێکجار ئاگر لە دارستانەکان دەکەوێتەوە، بەبێ دەستی ڕاستەوخۆی مرۆڤ(مرۆڤ ناڕاستەوخۆ دەستی هەیە بە هۆی ئەو پیشەسازیانەی پێشیخستوە) کاتێک پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە و ڕێژەی گازی میسان لەناو دارستانە چڕەکان زۆرە و مادە ئەندامیەکانیش بوونیان هەیە و ئەم گەرمیە ئەبێتە هۆی دروستبوونی ئاگر و سوتانی دارستانەکان.
دوای سووتانی دارستانەکان، چی بکرێت بۆ دووبارە سەوزبونەوە؟
دوای سوتاندن دارستانەکان دەبێت ڕێگایەک هەبێت بۆ دووبارە ژیانەوە و سەوزبونەوەی دارستانەکان، د، کارزان عەبدوڵا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زۆر بە زەحمەت دووبارە ژیانەوە ڕوودەدات و لەو بارەیەوە دەڵێت" ئەگەر سروشت خۆی ئاسایی دارستانەکان بژیەنێتەوە ئەوا پێویستی بە ٢٥ ساڵ زیاتر هەیە، بە مەرجێک مرۆڤ دەستی لێ دوربخاتەوە، چونکە سروشت خۆی زیرەکە و بە پێی سوتانی دارستانەکان دروستبونەوەی کاتی دەوێت.
لە بارەی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی سوتانی دارستانەکان لە کوردستان ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت " لە کوردستان دەبێت هۆشیاری زیاد بکرێت، چونکە سوتانەکان دەستکردن و دەبێت ئەو دەستە دور بخرێتەوە و دووبارە سەوز بکرێتەوە".
ئەو جەخت دەکاتەوە کە سوتانی هەر دارێک نەخۆشخستنی منداڵێکەو دەڵێت " سوتانی دارستانێک منداڵێک نەخۆش دەخات، نەمانی گیاندارێکی کێوی کەسێک دەخاتە سەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەی ھیوا، ئەگەر خەڵک ئەمە بزانێت ئیتر ھیچ کوێ ناسوتێنن، چونکە لە ٩٥ ٪ سوتانەکان بە دەستی خۆمانە لە کوردستان".