پارێزەر و چالاکوانی سیاسی و پرسە مەدەنیەکان، پەیمان عێزەدین لەسەر روداوەکەی لەلازار دەڵێت" بەکار هێنانی ئەو ژمارە زۆرەی هێزی چەکدار و جۆری چەک لە ناوجەرگەی شاردا، لە ڕووی کلتوری سیاسیەوە بابەتێکی تا سەر ئێسقان نا ئەخلاقیە".
پارێزەر و ئەندام پێشووی پەرلەمانی کوردستان، پەیمان عێزەدین لە رووە یاسایی و سیاسیەکەی هێرشی سەر لالەزار و پرسی سەربەخۆیی دادگاکان و بێ دەنگی خەڵک، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ " سپی میدیا " دەدوێت.
رووداوی هێرشکردنە سەر لالەزار لە دەرەوەی یاسایە
ئەو پارێزەرە باسی هێرشکردنە سەر هۆتێل لالەزار و دەکات و پێیوایە رووداوەکە دەرئەنجامی کۆکردنەوەی چەکە لە دەستی هێزە سیاسیەکاندا و دەرئەنجامی بوونی میلیشیایە لە دەرەوەی چوارچێوە ئیداری و یاسایی و، دەڵێت " ئەوەی ڕویدا هیچ جۆرە پاساوێک ناتوانێت ڕەوایەتی پێبدات، چونکە لە ڕووی یاسایەوە لە دەرەوەی یاسایە، بە تایبەت لە ڕووی بەکار هێنانی ئەو ڕێژە زۆرەی هێزی چەکدار و جۆری چەک لە ناوجەرگەی شاردا، هەم لە ڕووی کلتوری سیاسیشەوە بابەتێکی تا سەر ئێسقان نا ئەخلاقیە".
بەرەبەیانی ٢٢ ی ئاب هێزێکی زۆری پڕ چەکی جۆراو جۆری پڕ تانک و هەمەر و درۆن هێرشکرایە سەر هۆتێل لالەزار بنکە و ماڵی لاهور جەنگی لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی و شەڕێکی سێ کاتژمێر و نیوی سەخت روویدا، لە ئەنجامدا سەرەتا دەزگا ئەمنییەکان کوژرانی ٥ چەکداری هەردوولایان راگەیاند، دواتر جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ رۆژنامەنووسان رایگەیاندبوو کە " ١٢ کەس لە شەڕەکەدا کوژراوە".
پەیمان عێزەدین دەگەڕێتەوە بۆ کرۆکی کێشەکەو، دەڵێت " ئەگەری کودەتا و سەندنەوەی دەسەڵات لە لایەن کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەیە لە ڕووی سایسیەوە، ناکرێت ماڵ و موڵکی خەڵکی ئاسایی بکەنە قوربانی، بۆیە لە هەموو لایەکەوە یاسایی و سیاسی و ئەخلاقیەوە نەخوازراوبوو".
دەکرا رێکاری یاسایی تر بۆ دەستگیرکردنی لاهور جەنگی پیادە بکرایە
پەیمان عێزەدین کە ساڵانێکی زۆرە کاری پارێزەری دەکات و هاوکات چالاکوانێکی بواری یاسایی و مافی مرۆڤە، پێیوایە، فەرمانی گرتن بە هێزێکی پێنج بۆ شەش هەزار کەسی دروست نییە و حاڵەتێکی نەخوازراوە و دەڵێت " دەستگیرکردنی لاهوری شێخ جەنگی وبراکانی و چوونە سەر هۆتێل لالەزار بە تەواوەتی نا یاساییە، چونکە چەند هێزێک چوونەتە سەر ئەو جێگایە هێزی حزبین، ڕاستە هێزی سەر بە ئاسایشی تێدابووە و بەجۆرە چەکێکەوە چوونەتە جێگایەکی نیشتەجێبوون و بەکارهێندران کە ڕەنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش بەکارنەهێندرابن".
بۆ بە نا یاسایی ناساندنی ئەم رێکارانەی هێزە ئەمنییەکانی گرتیانە بەر و هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، پەیمان عێزەدین نموونەی ، قسەی ئاراس شێخ جەنگی دەستە ڕاستی ئەو دەمەی مام جەلال دەهێنێتەوە کە دەڵێ؛ دادگاکان سەربەخۆ نین و بە تەلەفونێک دەتوانیت دادوەر ناچار بکەیت بۆ هەر چ بڕیارێک، هەروەها قسەی سەرۆکی یەکێتی دەهێنێتەوە کە وتوویەتی دادگاکان سەربەخۆنین و سیاسییەکان بڕیار بە دادوەرەکان دەدەن.
لە بارەی دۆخی ئێستاشەوە وتی" لە نوێکردنەوەی سزای زیندانی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی و دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدا، ئەم قسە و ڕوداوانە پێمان دەڵێن؛ بەڵێ بەتەواوەتی دادگا سەربەخۆ نییە لە هەرێمی کوردستان".
دەبێت داوای یاسایی لە دژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تۆمار بکرێت
ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی دانیشتووی گردی سەرچنار و یانەو رێکخراوی مەدەنی زەرەرو زیانی زۆر بە ماڵ و موڵكیان گەیشتووە، ئەم پارێزەرە ناسراوە جەخت دەکاتەوە و دەڵێت " ئەگەر بێیتە سەر ڕاستی دەبێت سکاڵا لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان تۆمار بکرێت، یاخود ئەو هێزانەی بەشداربوون کە زۆر دڵنیام هیچ سکاڵایەک لەو سکاڵایانە ئەنجامی نابێت، کێشەکە هەر ئەوەیە، دادگاکان سەربەخۆ نین دەسەڵاتەکان جیا نین لە یەکتری، حزب دەسەڵاتی هەیە بەسەر دامەزراوە و کۆی جومگەکانی حکومڕانیدا".
"خەڵک بۆ غەزە دەگری، سەرچناریش وەک سەرەتایەکی غەزەیە هیچ ناڵێت"
جۆرێک لە بێدەنگی هەیە لە بەرامبەر ڕوداوی هێرشکردنە سەر لالەزار، پەیمان عێزەدین هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دەرئەنجامی زیاتری سی ساڵی حکومڕانی یەکێتی و پارتی، بەدێژاریی ئەو ماوەیە کاریان لەسەر نەخوێندەواری و بێ ئیرادەکردن و نەمانی دەرفەتی کاری بە کەرامەت و چەکدارکردنی خەڵک کردوە لە چوارچێوەی میلیشیاداو، دەڵێت" بۆیە چاوەڕوانکراوە خەڵک بێ دەنگ بێت".
ئەو پارێزەرە نموونەوەی زۆری توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا دەهێنێتەوەو لە نێویشیاندا دەڵێت " خەڵک هەیە بۆ غەزە دەگری(ئەوەی لە غەزە ڕودەدات جێی بەزەیە)، بەڵام گەڕەکی سەرچنار وەک سەرەتاکانی غەزەیە وشەیەک ناڵێت".
ئەو لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت "من گەشبین نیم بەوەی ئەم خەڵکەی بەمجۆرە تێکشکاوە بتوانێت بێتەوە هۆش خۆی، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا گەشبینم بەو گۆرانکاراینەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات کە عێراق و کوردستانیش دەگرێتەوە".
بۆ بینینی چاوپێکەوتنەکە کلیک لەم لینکە بکە..