چرا خورشید: سادەترین هەنگاو بە ئاراستەی نەتەوەیدا بیهاوێژن، سەرکردەکان دەستبەرداری پاشناوی بارزانی و تاڵەبانی بن


 
ئەندامی سەکۆی گەنجان و رۆشنبیری پرسی نەتەوەیی، چرا خورشید جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سادەترین هەنگاو کە بنرێت بە ئاراستەی نەتەوەیدا، ئەوەیە سیاسیەکان واز لە پاشناوەکانیان خێڵ بهێنن و دەستبەرداری نازناوی ( بارزانی و تاڵەبانی ببن).

لە چاوپێکەوتنێکدا، چرا خورشید ئەندامی سەکۆی گەنجان لە بارەی پرسی نەتەوەیی و ئاستەنگەکانی بەردەمی و، خۆبەستنەوە بە ئینتما لۆکاڵیەکان و، پەروەردەکردنی منداڵان بە بیری نەتەوەی و لە گەورەبوونیاندا رووبەڕووبوونەوەی بە دەسەڵاتێک کە نوقم بووی ئینتمان بچووکەکانە، تایبەت بۆ ماڵپەڕ و سۆسیال میدیای " سپی " دەدوێت.  

ئینتمای نەتەوەیی ریکلامە نەک پرۆژە

چرا خورشید ئەندامی سەکۆی گەنجان کە پێج سالە لەم بوارەدا چالاکی جۆراو جۆراو ئەنجام دەدات، پێیوایە لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە بەناوی ئینتمای نەتەوەییەوە و دەڵێت " من پێم وایە ئینتمای نەتەوەیی، ڕیکلامە تاوەکو پرۆژەیەک بێت لە لایەن خودی کۆمەڵگە و ئەو دەسەڵاتەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە".

ئەو چالاکوانە گەنجە بابەتەکە وردتر دەکاتەوەو باس لەوە دەکات کە ئینتما بۆ خێڵ و عەشرەت و ئاین و مەزهەب زاڵترکراوە لە ئینتما نەتەوەیەکان و، دەڵێت " لە کاتێکدا زۆربەی نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا ئەوەیان تێپەڕاندوەو ئینتما نەتەوەیەکە دەخەنە سەرو هەموو شوناسەکانی دیکەوە، چونکە مرۆڤ کاتێک نەتوانێت شوناسی گەورەی هەبێت، بێ شک ناتوانێت لە ناو شوناسی بچووک بەرگری لە خۆی بکات، تۆ بیربکەرەوە نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆنی بەرگریت لێبکات یان ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار لە خێڵ و عەشرەت".

کێشە ئایدیۆلۆژییەکان لە نێوان رۆژئاواو باشوردا رێگرە لەبەردەم دروستبوونی چەترێکی نەتەوەیی

لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ ەوەو لە رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ ەوە دوو قەوارەی کوردی هەیە، ئەم دوو قەوارەیە ناو بەناو کێشە و ناکۆکیانە، هیچ کامییان لە روانگەیەکی ستراتیژی نەتەوەیی دوور خایەنەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکدا نەکردووە.
چرا خورشید لە بارەی جیاوازیەکانی ئەو دوو کیانەوە دەڵێت " کێشە ئایدۆلۆژیەکانیان و بیرکردنەوەکانیان وا دەکات ئەو دوو کیانە تەنها لە ڕواڵەتدا لە پەیوەندیەکی باشدا ببیندرێن، ئەوە نییە بتوانرێت یەک چەتری نەتەوەیی دروست بکرێت تا تاکەکانی نێوان ئەو دوو کۆمەڵگەیە، باشور و ڕۆژئاوا هەمان ئینتمای نەتەوەیان هەبێت".

ئەو پێیوایە، "هەتا ئینتماکان بچوکتربێتەوە تاکەکانی ناو کۆمەڵگە و نەتەوە زیاتر زەرەرمەند دەبن، ئەگەر وردتری بکەینەوە و باسی دۆخی باشوری کوردستان بکەین؛ دەبینین بەداخەوە لە ناو خۆشیدا دابەش دەبێت بەسەر دوو زۆندا لە ناو زۆنەکانیشدا حزب سەنتەرە لە ناو حزبەکانیشدا بنەماڵە سەنتەرە، کارەساتەکە ئەوەیە ئەو کاتە تاکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان بە بەشێک لەو قەوارەیە نازانن و ئەوەی خۆی تێدا دەبینێتەوە تاکەکانی بنەماڵەکانن، بەو شێوەیە ئینتمای نەتەوەیی کاڵتر دەبێتەوە".

شارچێتی فۆرمێکی مەترسیدارە

لە ناو پارچەکانی کوردستان و بەتایبەتی باشوری کوردستان تەنها کێشەکان لە ئینتمابوونەوە بە خێڵ و دوو زۆنگ نەوەستاوەتەوە، بەڵکو  
جیاواز لەوە فۆرمێکی مەترسیدارتر لە کۆمەڵگەدا بەرهەمهاتووە، چرا خورشید دەڵێت" ئەو فۆرمە مەترسیدارە، فۆرمی شارچێتیە، کە ئەوەش دووبارە زەرەرێکی گەورە دەدات لەوەش قوڵتر لە ناوخۆی شارەکاندا بەریەک کەوتنی خێڵەکان و حزب ئەبینی، بەریەک کەوتنی نێوان گەڕەکەکان دەبینیت".

ئەو چالاکوانەی پرسی نەتەوەی ئاماژە بە کێشەی تر دەکات کە لە کوردستاندا جیا لە کێشەی شارچێتی کە جیاوازی لە نێوان بیرکردنەوەی شارەکان هەیە بۆ ئینتمای نەتەوەیی و دەڵێت" جیا لەوەش کێشەی نێوان خەڵکی دەرەوەی شار و ناوشار هەیە کە خەڵكی ناوشار  خەڵکی دەرەوەی شار بە بەشێک لە خۆی نازانێت و خەڵکی دەرەوەش ئەوان وەک خۆیان قبوڵناکەن".

چرا، لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا دەشڵێت " دەسەڵات و خەڵک ناتوانن هاوکاری یەکتربن لەبەرئەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان هێشتا پاشناوی عەشرەتیان پێوەیە، دەبینین سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی هەمویان بەو شێوەیە ئەو پاشناوەیان پێوەیە کە کاریگەری نەرێنی هەیە و وادەکات من وەک هاوڵاتی بە بەشێک لە خۆمی نەزانم".

پەروەردە لەو ئاستەدا نییە نەوەیەکی نەتەوەیی دروستبکات

منداڵ لەسەرەتای دەستکردن بە پرۆسەی خوێندن پەروەردەیەکی لاوازی نەتەوەیی دەبینێت کە لەو ئاستەدا نییە نەوەیەک دروستبکات بۆ داهاتوو  کە بتوانێت ئینتمای نەتەوەیی هەبێت، ئەمە بۆچوونی چرا خورشیدە کە دەشڵێت " بەڵام منداڵ کە گەورە دەبێت و بیر دەکاتەوە دەبینێت کە بەر چەند بەربەستێک دەکەوێت، دەبینێت ئەوەی لە قوتابخانە بە گوێیدا دراوە لە راستیدا جێگای نابێتەوە". ئەو نموونە دەهێنێتەوەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ئەو گەنجەی گۆشکراوە بە بیری نەتەوەیی، ئەگەر خواستی بوون بە سەرکردەی هەبێت دەزانێت ناتوانێت، ئەگەر بیەوێت وەک تاکێک لە کۆمەڵگەدا جێدەستی دیاربێت بە دڵنیایەوە دەبینێت لەسەرەوە کۆمەڵێک خێڵ و عەشرەت بڕیار لەسەر چارەنووسی دەدەن.

چرا خورشید لەم دۆخەی هەرێمی کوردستاندا پێیوایە هەندێک هەنگاو گەر بنرێت ئینتمانی نەتەوەیی بە‌هێز دەکات لەوانە کەمکردنەوەی گەندەڵی و بە دامەزراوەیی کردنی دەزگاکان، ئەو پێشوایە پێش هەر شتێک دەبێت کار بۆ حکومڕانییەکی باش بکرێت، حکومڕانیەک کە هەموو هاوڵاتیەکانی وەک یەکتر بپارێزێت و، نوخبەی سیاسی دەستبەرداری شوناسە بچوکەکان بێت و دەڵێت " سادەترین هەنگاو بنرێت ئەوەیە سیاسیەکان واز لە پاشناوەکانیان بهێنن( تاڵەبانی و بارزانی.. هتد ) بۆ ئەوەی هەر تاکێکی ئەم نیشتمانە خۆی بەبەشێک لە یەکە سیاسیە سەربەخۆکە بزانێت.

بۆ بینینی چاوپێکەوتنەکە ئەم لینکە بکەرەوە..





PM:07:28:05/09/2025