پسپۆری بواری ژینگە شاگوڵ ئەبوبەکر، لە بارەی بەکارهێنانی ئاوی پلاستیکەوە، بە نا تەندروست و مەترسیداری دەزانێت و دەڵێت " دەبێت هەنگاوی یەکەم واز لە خواردنەوەی ئاوی ناو دەبەی پلاستیک بهێندرێت و ئاوی کوڵاو یاخود ئامێری فلتەری گونجاو بەکاربهێنیت وەک جێگرەوە".
لە هەرێمی کوردستاندا خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاوی ناو پلاستیک بەشێوەیەکی فراوان لە زیادبووندایە و چەندین کارگەی تایبەت بە فلتەرکردی ئاو و خستنە ناو بوتڵ و پەرداخ بە ناوی جیاجیا دامەزراون و لە فرۆشگاکاندا لەبەردەستی هاوڵاتیاندان.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئاوی ناو پلاستیک بۆ تەندروستی و ژینگە، ماڵپەڕ و سۆشیال میدیای( سپی ) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ شاگوڵ ئەبوبەکر ئەنجامدا کە مامۆستا و توێژەرە لە دەستەی کوردستانی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی و ئەندامی ئەنجومەنی دەستەکەیە، هەروەها خۆبەخشی ژینگەیە بۆ ماوەی ١٣ ساڵ کە لەگەڵ چەند تۆڕ و ڕیکخراوێکی تایبەت بە ژینگەکار دەکات.
شاگوڵ ئەبوبەکر لە چاوپێکەوتنەکەدا چەندان پرسی گرنگ دەورژێت و ئەو مەترسیانە دەخاتە روو کە بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی پلاستیک لەسەر تەندروستی مرۆڤ درووستدەبن، لەوانە :
+ لە ئێستادا بەردەوام مایکرۆپلاستیک دەچێتە ناو جەستەوە.
+ لە ڕابردوودا لە ڕووی ژینگەیەوە بیرکراوەتەوە مرۆڤ چۆن تەندروستر بژی، چونکە کەلوپەلەکان کەمترین پلاستیک لە پێکهاتەیاندا هەبووە.
+ ئەو ڕۆشنبیریەی بڵاوبۆتەوە کە ئاوی پاک لە ناو بتڵ و پەرداخی پلاستیکدایە هەڵەیە و پێویستە ڕاست بکرێتەوە.
+ کۆمەڵگەی ئێمە بەکارهێنانی پلاستیک تیایدا نوێییە، بۆیە دەتوانین ئاسانتر دەستبەرداری ببین.
+ گرەنتی کۆنترۆڵی شێوازی گواستنەوە و هەڵگرتنی ئاوی ناو پلاستیکەکان ناکرێت
+پلەی گەرمی هەڵگرتنی ئاو ٢٤ بۆ ٢٥ پلەی سیلیزیە، لە کاتێکدا پلەی گەرمی ناو کارتۆنی ئاوەکان دوو بۆ سێ پلە لە پلەی گەرمی دەرەوە زیاترە.
+ پێکهاتەی ئەو ئاوەی ئێمە دەیخۆینەوە ڕاستەوخۆ تێکەڵبووە بەو مادە کیمیایەی کە کاریگەری لەسەر ئۆرگانەکانی جەستەمان هەیە.
+ دوای ئەوەی مایکرۆپلاستیک دەچێتە ناو خاک و سەرچاوە ئاوییەکان کاتێکی زۆر و پارەیەکی زۆری دەوێت بۆ جیاکردنەوەی لە کاتێکدا توانای بنبڕکردنیشی نیە، بۆیە گرنگە بەر لەم چارەسەرە، ڕێگری بکرێت لە بەکارهێنانی.
+ دەبێت هەنگاوی یەکەم واز لە ئاوی پلاستیک بهێندرێت و ئاوی کوڵاو یاخود ئامێری فلتەری گونجاو بەکاربهێنیت وەک جێگرەوە
+ هەندێک کات مایکرۆپلاستیک لە ڕێگەی هەناسەدانەوە دەچێتە جەستەمانەوە
+ دوورکەوتنەوە لە مایکرۆپلاستیک بەڕێژەیەکی زۆر ئەنجامدانی بەرپرسیارێتیە وەک تاک
+ پێویستە لە قوتابخانە و دامودەزگا حکومیەکان فلتەری ئاو دابندرێت و سودی لێوەربگیرێت.