ڕۆژین موکریان: ئاستی خوێندن لە ژینا ئەکادیمی لە ئاستی خوێندنی زانکۆکانی کەنەدایە

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوبەری ژینا ئەکادیمی، ڕایگەیاند "ژینا ئەکادیمی، ئاکادیمیایەکی قازانج نەویستە و خوێندن تیایدا فرە لایەنە، و بە شێوازی ئۆنلاین وانەکان دەخوێندرێن".

چەند ڕۆشنبیرێکی کورد، ناوەندێکی ئەکادیمیایان بە ناوی ژینا ئەمینی لە دەرەوەی وڵات کردوەتەوە، ناوەندەکە بۆ توێژینەوەی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە، ساڵانە ژمارەیەک فێرخواز وەردەگرێت، ساڵی ٢٠٢٦ دەبێتە یەکەم ساڵی کارکردنی ئەو دامەزراوە پەروەردەییە، ڕۆژین موکریان، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ژینا ئاکادیمی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی سپی میدیادا باسی ئامانج و کارەکانی ئەکادیمیاکە دەکات، و لەم چەند خاڵەدا ژینا ئەکادیمیای ناساند:

- بیرۆکەی کردنەوەی ژینا ئەکادیمی سەرچاوەی گرتوە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. 
- ژینا ئەکادیمی خوێندن تیایدا بە ئۆنلاینە و لە وڵاتی کەنەدا تۆمار کراوە. 
- ئاستی خوێندن لە ئەکادیمیاکەمان لە ئاستی زانکۆکانی کەنەدایە. 
-خوێندن بۆ ماوەی یەک ساڵە .
-خوێندن بۆ هەر کەسێکە لە هەر نەتەوەیەک. 
-ئێستا لە هەوڵداین تا بڕوانامەی ئەکادیمیاکەمان متمانەپێکراوبێت، وەک بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتی.
- لە ئێستادا مامۆستاکانمان هەمووی کوردن و خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانن.
-هەر کەسێک حەزی لە زانست و قوڵبونەوە بێت تیایدا، دەتوانێت لە ژینا ئەکادیمی بخوێنێت.
- پێویستە ئەو کەسەی دوای خوێندن پێشکەش دەکات، خوێندنی ئامادەیی یاخود پەیمانگا یان زانکۆی تەواو کردبێت. 
- لە ئێستادا لە ئێران خوێندن لە زانکۆ بۆ هەموو کەس وەک یەک نییە، بۆیە بۆمان گرنگە خەڵکی ناو ئێران بتوانن لە ڕێگەی ژینا ئەکادیمیەوە بخوێنن و زانستیان بۆ دەستەبەر ببێت.
-لە ژینا ئەکادیمیدا خوێندن بە سێ زمانە، لە ئێستا زیاتر خوێندنی کوردی و فارسی بەردەستە. 
- لە کۆتایی خوێندندا دەبێت خوێندکار توێژینەوەی ئەکادیمی ئەنجام بدات.
- ئەوە زانستی پۆزەتیڤیزمە، کە پیاو ناوەند و ئەوروپا ناوەندە، مرۆڤ ناوەندە، نەتەوە پەرواێزخراوەکان پەراوێز دەکات و زانستیان لێ وەرناگرێت، ژینا ئەکادیمی پێچەوانەی ئەوەیە.
-لە ژینا ئەکادیمیدا، مێژوی نەنوسراو، ئەزمونی ژیانی نەتەوە و گروپە پەرواێزخراوەکان، وەک میتۆدێکی زانستی سودی لێوەردەگیرێت. 
-زانست لقێکی خۆجێی هەیە و پێویستە پردێکی بۆ دروست بکەیت لەگەڵ جیهاندا. 
-بەرهەمهێنانی زانست یەک لاینە نایبینین و داوا دەکەین لە هەر کەسێک دەیەوێت یارمەتیدەربێت بۆ ژینا ئاکادیمی دەرگای ئێمە کراوەیە.

لینکی چاوپێکەوتن:
https://fb.watch/Do6MyiRZjR/




PM:02:19:15/11/2025