ئۆجالان ده‌ڵێـت: رێگای ئاستهنگكردنی په‌یوه‌ندی ئیسرائیل كورد، به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی توركیا له‌گه‌ڵ كورد به‌ستراوه‌ته‌وه!
هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌نقه‌ره له‌مه‌ڕ ئۆپاراسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر رۆژئاوا زه‌مینه خۆش ده‌كات تا كورد له ئیسرائیل نزیك بـێته‌وه!
دیمانه‌ی: هێمن خۆشناو
پڕۆفیسۆر (مسه‌فا پهكۆز) كه پسپۆره له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی، له‌م دیمانه‌یه تیشك ده‌خاته سه‌ر پێشهات و رووداوه‌كانی ناو سوریا و ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به كورد و باكووری رۆژهه‌لاتی سوریا و رۆڵ و كاریگه‌ری ئیسرائیل له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ناو توركیا و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌نقه‌ره په‌یوه‌ست به كوردانی سوریا. پهكۆز كه به ره‌گه‌ز كورده و خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ی توركی و فه‌ڕه‌نسیه، پێیوایه سیاسه‌تی توركیا له سوریادا به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به كورد، نالۆژیكیه و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته لێكه‌وته و ره‌نگدانه‌وه‌ی زیانبه‌خشی بۆ توركیا ده‌بێت. له‌هه‌مان كاتدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه سوودمه‌ندی سه‌ره‌كی له‌م سیاسه‌ته ئیسرائیل ده‌بێت و زه‌مینه‌ی هاوپه‌یمانی كورد – ئیسرائیل خۆشتر ده‌بێت.
پ: فاكته‌ری ئیسرائیلی چ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ئاشتی هه‌یه له توركیادا؟
وه‌ڵام: ناتوانین بڵێین ئیسرائیل كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و رووداوانه هه‌یه كه په‌یوه‌ستن به پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری له توركیادا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی پێشهاته‌كاندا ئیسرائیل بۆته فاكته‌رێكی گرنگ. ئه‌م پڕۆسه‌یه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به گفتوگۆی نێوان ده‌وڵه‌ت و ئۆجالانه‌وه هه‌یه. زۆر به روونی دیاره، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی به ده‌ستپێشخه‌ری ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی و دواتریش به راگه‌یاندنی ئۆجالان له 27 شوباتی 2025 ده‌ستیان پێكرد، به ئاگاداری و ره‌زامه‌ندی هێزه كاریگه‌ره‌كانی ناو ده‌وڵه‌ت كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. لێدوانه‌كانی باخچه‌لی سه‌باره‌ت به‌و پڕۆسه‌یه كه زۆر گرنگه بۆ مانه‌وه و دواڕۆژی توركیا، په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌وخۆی هه‌یه به پێشهات و گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه. بێگومان سیاسه‌ته نا سه‌ركه‌وتووه‌كانی توركیاش له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی، لیبیا و سوریا، كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر له دایكبوونی ئه‌م پڕۆسه‌یه.
به‌رده‌وام دووباره ده‌كرێته‌وه كه ئاماژه‌كانی دوورخستنه‌وه‌ی توركیا له هاوسه‌نگیه‌كانی دیزاینكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته هۆكاری كێشه‌ی مه‌ترسیدار بۆ دینامیكه ناوخۆیه‌كانی توركیا له ماوه‌ی داهاتوودا. له‌به‌ر ئه‌مه پڵانێك كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه بۆ گۆڕینی ململانێی چه‌كداری له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) كه ته‌مه‌نی 40 ساڵ بوو، بۆ سیاسه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگ و چاره‌سه‌ری. راكردنی ئه‌سه‌د له 8 كانوونی یه‌كه‌می 2024 و هاتنه سه‌ركاری جۆلانی سه‌رۆكی هه‌یئه‌ی ته‌حریری ئه‌لشام (هه‌ته‌شه) هه‌نگاوی یه‌كه‌مینه له‌و گۆڕانكاریه به‌رفراوانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا رووده‌ده‌ن. پێشبینی ده‌كرێت هه‌ڵكشانی هه‌ژموونی ئیسرائیل له سوریا به تایبه‌تی ململانێ و ركابه‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره له داهاتوویه‌كی نزیكدا كاریگه‌ری گه‌وره له‌سه‌ر دینامیكی ناوخۆی توركیا به‌جێبێڵێت، كه پێشتریش پڕۆسه‌ی سه‌ربازی ئیسرائیلی بۆ سه‌ر (غه‌زه) و سیاسه‌ته‌كانی بۆ له‌ناوبردنی (حه‌ماس) ره‌نگدانه‌وه‌ی مه‌ترسیداری هه‌بووه له توركیادا. له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانی سوریادا، هه‌ریه‌ك له حكوومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په) و پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (مه‌هه‌په) كه به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی هاوبه‌شی حكوومه‌ته، جه‌خت له "بانگه‌شه‌ی ئیسرائیل هێرش ده‌كاته سه‌ر توركیا" ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه به هه‌ڵكشانی توانای سه‌ربازی و سیاسی به‌رده‌وامی ئیسرائیل له ناوچه‌كه‌دا.
كاتێك ده‌وڵه‌تی توركیا تێگه‌یشت ئه‌م پێشهاتانه، له داهاتوویه‌كی نزیكدا كێشه‌ی ناوخۆیی و ناوچه‌یی مه‌ترسیداریان لێده‌كه‌وێته‌وه، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به كێشه‌ی كورد، بڕیاریدا دانوستان له‌گه‌ڵ ئۆجالان بكات. ده‌شكرێت بڵێین ئه‌م دانوستانه هه‌نگاوێكه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ره‌نگه ئیسرائیل راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌بێت له توركیادا، به‌ڵام ده‌كرێت باسی له كاریگه‌ریه‌كانی بكه‌ین له ناوچه‌كه، كه راسته‌وخۆ توركیا ده‌كاته ئامانج.
پ: لێدوانی به‌رپرسانی توركیا له‌م دواییانه‌دا كه زیاتر له جاران باس له هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) و ئیسرائیل ده‌كه‌ن به‌چی ده‌به‌ستیه‌وه؟
وه‌ڵام: به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت بده‌مه‌وه، پێویسته هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه بكه‌مه‌وه: یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه گرنگانه‌ی وایكردووه هه‌نگاوه‌كان ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد خاو ببنه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرا به‌ره‌و پێش نه‌چێت و لێدوانی چاره‌سه‌رخوازانه له ئارادا نه‌بێت: ئه‌و ده‌ستكه‌وته سه‌ربازی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه كه كورد له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌ده‌ستیهێناوه. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نقه‌ره بانگه‌شه ده‌كه‌ن كه بڕیاری خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (په‌كه‌كه) رۆژئاواش ده‌گرێته‌وه و ده‌خوازن مه‌رجی خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (هه‌سه‌ده) بسه‌پێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به گوێره‌ی ده‌قی ئه‌و كۆنووسانهی دزه‌یان پێكراوه بۆ ناو میدیاكان، ئۆجالان له گفتوگۆكانیدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێشنیاری خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (هه‌سه‌ده) ناكات، به پێچه‌وانه‌وه له به‌رامبه‌ر (هه‌ته‌شه) جه‌خت له به‌هێزكردنی خۆ پاراستنی (هه‌سه‌ده) ده‌كاته‌وه. سه‌ره‌ڕای درككردنی ده‌وڵه‌ت به‌م راستیه، هه‌روه‌ها به‌ستنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری به ده‌ره‌وه، كه له چوارچێوه‌ی دینامیكی ناوخۆی توركیا به تایبه‌تی له په‌رله‌ماندا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئاماژه‌یه‌كی روونه كه هێشتا ده‌وڵه‌ت له رووی هزری و سیاسی وه‌كو پێویست ئاماده نیه. به‌ڵام مكوڕبوون له‌سه‌ر نه‌گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زۆرتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
سه‌باره‌ت به پرسیاره‌كه‌تان، جه‌ختكردنه‌وه‌ی (هاكان فیدان) وه‌زیری ده‌ره‌وه تا ده‌گاته (ئه‌ردۆغان) سهركۆمار، له‌باره‌ی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان (هه‌سه‌ده) له‌گه‌ڵ (ئیسرائیل) و په‌یامه‌كانیان له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه راسته‌وخۆ ههڕهشهكارانهیه. لێره‌دا گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه:
ناوچه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا كه به ده‌ستپێشخه‌ری كورد دامه‌زراوه، ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری توركیا. له‌سه‌ر هه‌ردوو دیوی سنووره‌كه كورد نیشته‌جێیه و خزم و كه‌سوكاری یه‌كترن. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی له دوای سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی 2011 و به رۆژئاوا یان باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌ناو ده‌كرێت به پشتگیری سه‌ربازی، سیاسی و ئابووری هێزی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه دامه‌زراوه. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ئه‌نقه‌ره، له جیاتی خاوه‌نداریه‌تی كردن، پاراستن و هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ كورد، به پێچه‌وانه‌وه به‌رده‌وام كوردانی سوریا و ئیداره‌ی خۆسه‌ر وه‌كو هه‌ڕه‌شه ده‌بینێت. بۆ لاوازكردنی كاریگه‌ری كوردانی سوریا له (عه‌فرین) و (سهرێكانیێ) ئۆپاراسیۆنی ئه‌نجامدا. ئه‌م ئۆپاراسیۆنانه تا ئه‌مڕۆ به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ درێژه‌یان هه‌یه. دوای ئه‌وه‌ی (هه‌ته‌شه) له دیمه‌شق هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، توركیا رێكخراوه جیهادیه‌كانی هاندا و پاڵپشتی سه‌ربازی كردن، بۆ له‌ناوبردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر و لاوازكردنی (هه‌سه‌ده).
سه‌ره‌ڕای ئاماژه‌كان به هه‌بوونی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا، (هه‌سه‌ده) راسته‌وخۆ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌كردووه. ئیسرائیلش بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد هه‌وڵی چڕ و پڕی داوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا (هه‌سه‌ده) ده‌خوازێت سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگانه له سوریا بگرێته‌به‌ر. له گفتوگۆی نێوان ده‌وڵه‌ت و ئۆجالاندا، به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت زانیاریان به ئۆجالان داوه ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی هه‌سه‌ده و ئیسرائیل، له به‌رامبه‌ردا ئۆجالان پێی گووتوون، ئه‌گه‌رێكی به‌م شێوه‌یه له ئارادایه، رێگای ئاستهنگكردنیشی ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش به بونیادنانی په‌یوه‌ندی توركیا له‌گه‌ڵ كورد تێپه‌ڕ ده‌بێت.
توركیا پێیوایه هه‌بوونی په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هاوسهنیگهكانی ناوچه‌كه به زیانی توركیا ده‌گۆڕیت. ده‌زانێ كه هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان كوردانی سوریا و ئیسرائیل، ده‌ره‌نجامی جیۆسیاسی گرنگی ده‌بێت، نه‌وه‌كو ته‌نیا له‌ناو سوریا به‌ڵكو له ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا، بۆیه هه‌وڵی ئاستهنگكردنی ده‌دات. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش نه‌وه‌كو رێگای دانوستان به‌ڵكو رێگای هه‌ڕه‌شه‌كردن ده‌گرێته‌به‌ر.
پ: له پشت بانگه‌شه‌كانی دره‌نگكه‌وتنی تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ی هه‌سه‌ده و دیمه‌شق چی خۆی حه‌شارداوه؟
وه‌ڵام: پێش هه‌موو شتێك هیچ ئاماژه‌یه‌ك له ئارادانیه كه (هه‌سه‌ده) پڕۆسه‌ی تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ی دره‌نگ خستبێت. رێككه‌وتنی (10 ئاداری 2025) كه له‌لایه‌ن (مه‌زڵوم كۆبانێ و جۆلانی) واژو كراوه هه‌شت مادده‌ی سه‌ره‌كی و 22 مادده‌ی لاوه‌كی له‌خۆ ده‌گرێت. تا ئێستا ئیداره‌ی كاتی (هه‌ته‌شه) له دیمه‌شق هیچ هه‌نگاوێكی سه‌باره‌ت به‌م پرسانه نه‌گرتۆته‌به‌ر. له دۆخی ئاسایی‌دا پێویست بوو ده‌سه‌ڵاتی كاتی پڵانێك دابڕێژێت و له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی خۆسه‌ر له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا تاوتوێی بكات. رای گشتی ئاگاداره كه په‌یوه‌ست به‌مه هیچ نه‌خشه و پڵانێك دانه‌نراوه. ئاشكرایه ئه‌گه‌ر (هه‌سه‌ده) به رێككه‌وتنی 10 ئادار پابه‌ند نه‌بووایه، به تایبه‌تی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا كه به‌شداریان له گفتوگۆكان كردووه، گوشاریان بۆ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر ده‌برد. یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌ریتانیا و له‌گه‌ڵیاندا ئیداره‌ی (تره‌مپ) ده‌زانن كه ئه‌وه‌ی بێچاره‌یی ده‌سه‌پێنێت (هه‌ته‌شه) یه نه‌وه‌كو (هه‌سه‌ده). كاتێك (ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع) بانگهێشتكرا بۆ واشنتن، فه‌رمانی پێكرا له چ ئاستێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ (هه‌سه‌ده) دروست ده‌كات. به‌ڵام (ئه‌لشه‌رع) به‌هۆی گوشاره‌كانی ئه‌نقه‌ره دوودڵه له جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كان. سه‌رچاوه‌ی بانگه‌شه‌كان له‌باره‌ی (هه‌سه‌ده) پڕۆسه‌ی تێكه‌ڵبوون دره‌نگ ده‌خات ئه‌نقه‌ره‌یه، كه ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیع و راستیه‌كان نیه.
پ: ده‌كرێت بڵێین زمانی توند و ههڕهشهكارانه له به‌رامبه‌ر (هه‌سه‌ده) رێگا خۆش ده‌كات تا كورد زیاتر نزیكی ئیسرائیل بێته‌وه؟
وه‌ڵام: ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره خوازیاره كێشه‌ی سوریا چاره‌سه‌ر بكات و له هه‌مان كاتدا ببێته هێزێكی كاریگه‌ر، ده‌بێت له‌گه‌ڵ كورد په‌یوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی ببه‌ستێت. له كاتێكدا كه دواڕۆژی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له دیمه‌شق نادیاره، هه‌وڵه‌كانی ئه‌نقه‌ره بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ت ته‌نیا له رێگای دیمه‌شق و به‌شداری پێنه‌كردن و هێشتنه‌وه‌ی كورد له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌نگیه‌كان، جگه له قوڵكردنه‌وه‌ی ئاژاوه و دۆخی بێچاره‌یی هیچی دیكه‌ی لێ شین نابێت. واشنتن، له‌نده‌ن، پاریس و به‌رلین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و راستیه ده‌بینن، به تایبه‌تی گوشارێكی توند له ئه‌لشه‌رع ده‌كه‌ن. واته بۆ ئه‌وه‌ی له نێوان دیمه‌شق و قامیشلۆ دانوستان هه‌بێت و چاره‌سه‌ری به‌رقه‌رار بێت هه‌وڵێكی بێ وچان ده‌ده‌ن. هه‌رچی ئه‌نقه‌ره‌یه به پێچه‌وانه هه‌ڕه‌شه له ئیداره‌ی خۆسه‌ر ده‌كات. هه‌روه‌كو زۆرجار جه‌ختی لێده‌كه‌نه‌وه له به‌رامبه‌ر رای گشتی ناوخۆی توركیا به ده‌سته‌واژه‌ی " ئۆپاراسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام" ده‌ده‌ین، هه‌ڕه‌شه له كورد ده‌كه‌ن. ئه‌م زمان و سیاسه‌ته كورد ناچار ده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیف له‌ناو هاوسه‌نگیه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌نقه‌ره به ئه‌نجامدانی ئۆپاراسیۆنی سه‌ربازی زه‌مینه خۆش ده‌كات تا كورد له ئیسرائیل نزیك بـێته‌وه. هۆكاری سه‌ره‌كیش له‌مه‌یاندا كورد نیه، به‌ڵكو سیاسه‌تی ئه‌نقه‌ره‌یه له‌مه‌ڕ فه‌رامۆشكردنیان و هه‌وڵه‌كانی بۆ هه‌ره‌سپێهێنانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر.
پ: به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵوێستی ئیسرائیل به‌رامبه‌ر به رۆژئاوا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
وه‌ڵام: ویستی ئیسرائیل بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی سه‌ربازی، سیاسی و دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له رۆژهه‌ڵاتی سوریا شتێكی ئاساییه له روانگه‌ی ستراتیژیی ئیسرائیل له ناوچه‌كه‌دا. ئیسرائیل ناخوازێت ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز به تایبه‌تی ئیسلامی له دیمه‌شق هه‌بێت. به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا به‌مه نادات. له‌وه تێگه‌یشتووه كه (هه‌سه‌ده) دیارترین هێزه كه بتوانێ سه‌قامگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له سوریا به‌رقه‌رار بكات. ئیسرائیل ده‌خوازێت باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا به (درعا) ببه‌ستێته‌وه كه له‌ژێر ده‌ستی دروزه‌كان دایه بۆ دروستكردنی ئه‌و رێگایه‌ی پێی ده‌ڵێن (كۆریدۆری داود). به‌م شێوه‌یه به‌بێ هه‌بوونی سنووری ماددیش (فیزیكی) ئیسرائیل له ناوچه‌ی حه‌وزی فوڕات جێگیر ده‌بێت و به كرده‌وه ده‌بێته دراوسێی توركیا. ئه‌م پڵانه هه‌ڵمه‌تێكی گرنگه بۆ سه‌ركه‌وتنی ستراتیژی ئیسرائیل له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. بۆیه رێككه‌وت نیه كه به‌رده‌وام جه‌خت له ویستی خۆی ده‌كاته‌وه بۆ مانه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر و پاراستنی كورد له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریادا.
پ: هه‌ندێك ناوه‌ندی كوردی داوا ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندی (هاوپه‌یمانی سروشتی) له نێوان ئیسرائیل و كورد بونیاد بنرێت. تا چه‌ند پشتگیری له‌م بیرۆكه‌یه ده‌كه‌یت؟
وه‌ڵام: سه‌ره‌تا ده‌بێت تێبینی مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ بكه‌ین: له هه‌ردوو په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییدا، ده‌سته‌واژه‌ی "هاوپه‌یمانی سروشتی" و "وڵاتی دۆست" گرنگیه‌كی زۆر رشتی نیه. وڵاتان به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژیان هه‌یه و به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی په‌یوه‌ندیه‌كان بونیاد ده‌نرێت. په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای سوود و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ربازی، سیاسی و ئابووری داده‌ڕێژرێت، جا ئه‌م په‌یوه‌ندیانه هه‌میشه‌یی یان كاتی بن. چوارچێوه‌ی پهیوهندیهكانیش به ته‌واوه‌تی به گوێره‌ی بارودۆخ و ئه‌و هاوسه‌نگیانه دیاری ده‌كرێت كه له‌ناوچه‌كاندا پێده‌گه‌ن. زۆر زه‌حمه‌تیشه باس له دۆستایه‌تی و رێككه‌وتنی به‌رده‌وام و ره‌ها بكرێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه چۆن به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا و كورد له سوریادا له‌ناو هاوسه‌نگی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌یشته یه‌كتر و كاری لێكهوتهوه، به هه‌مان شێوه دوورنیه هاوسه‌نگی یان په‌یوه‌ندیه‌كی هاوبه‌ش له نێوان كورد و ئیسرائیل بێته پێشه‌وه. ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندی و هاوسه‌نگیه له به‌رژه‌وه‌ندی و پێویستی لایه‌نه‌كان سه‌رچاوه ده‌گرێت. له‌ناو هاوسه‌نگیه‌كانی هه‌ریه‌ك له سوریا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌كرێت هاوپه‌یمانی له نێوان ئیسرائیل و كورد رووبدات و هه‌ر لایه‌ك پشتگیری لایه‌كه‌ی دیكه بكات. ئه‌گه‌ر توركیاش گۆڕانكاریه‌كی چۆنایه‌تی له سیاسه‌ته‌كانیدا بكات له سوریادا، به دوور نازانرێت هه‌مان بارودۆخ له نێوان كورد و ئه‌نقه‌ره بێته‌دی.
پ: پشتگیری كردنی توركیا له ده‌سه‌ڵاتدارانی كاتی له دیمه‌شق دژ به كورد چ واتایه‌ك ده‌به‌خشێت؟ لێكه‌وته‌ی ئه‌م سیاسه‌ته له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه چی ده‌بێت و چی له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت؟
وه‌ڵام: وه‌كو سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت توركیا ته‌نیا به ئاماژه پێمان ناڵێت كه ئه‌و پشتگیری له رژێمی دیمه‌شق ده‌كات، به‌ڵكو راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی كاتی دیمه‌شق ده‌گیرسێته‌وه. له رووی سه‌ربازی، سیاسی و دیپلۆماسی هه‌موو پشتگیریه‌كی ده‌كات. هه‌روه‌ها به ئاشكرا دژایه‌تی كورد ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له سوریادا ئیداره‌یه‌كی خۆسه‌ری نه‌بێت. به تایبه‌تی هیچ ناخوازێ هێزێكی سه‌ربازی وه‌كو هه‌سه‌ده هه‌بێت. به واتایه‌كی دیكه، ده‌وڵه‌تی توركیا لایه‌نگری كردووه له حكوومه‌تی ئیسلامی كردووه. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی كه توركیا ده‌یگرێته‌به‌ر، بابه‌تیانه زه‌مینه‌ی زیاتر دروست ده‌كات بۆ له‌یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ی كوردانی سوریا له ئیسرائیل.
پ: ئه‌م سیاسه‌ته له به‌رژه‌وه‌ندی توركیا ئه‌نجامی ده‌بێت؟
وه‌ڵام: له ئێستاوه دیاره كه سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به سوریا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و سه‌ركه‌وتوو نابێت. به تایبه‌تی سیاسه‌تی هاوبه‌شی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا زۆر روون و دیاره، كه ده‌بێت هه‌سه‌ده وه‌كو هێزێك له‌ناو سوپای سوریادا رۆڵێكی گرنگی هه‌بێت. حكوومه‌تی ئه‌لشه‌رع ناچاری قه‌بوڵكردنی ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه كراوه. ئه‌وه‌ش به‌و واتایه دێت كه به‌خت یاوه‌ری هه‌ڵوێست و تێزی توركیا نابێت له فه‌رامۆشكردنی كورد و كۆتاییهێنان به هه‌سه‌ده. له كۆتاییدا سیاسه‌تی به فیدڕالی كردنی سوریا سه‌رده‌كه‌وێت كه هیزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دایانڕشتووه، راسته‌وخۆ قۆناخه به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات.
پ: ئه‌وه‌ی پێویسته ده‌وڵه‌تی توركیا بیكات چیه؟
وه‌ڵام: ئه‌نقه‌ره ناچاره دووباره سیاسه‌تی خۆی له‌مه‌ڕ سوریا له‌به‌رچاو بگرێت. له سوریادا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌بێت په‌یوه‌ندی سیاسی و دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ كورد دروست بكات. ده‌بێت قامیشلۆ و دیمه‌شق بگه‌ینێته یه‌كتر. ده‌بێت واز بێنێت له هه‌ڕه‌شه‌كانی كه له‌ناوبردن ده‌كاته ئامانج، ده‌بێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ كۆتاییهێنان به ئاژاوه له سوریا له رێگای گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی سازشكاری و ئاراسته‌كراو به‌ره‌و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری. به‌م سیاسه‌ته زه‌مینه‌ی هه‌ماهه‌نگی كورد له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌ڕه‌وێته‌وه و په‌یوه‌ندی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نزیكتر له‌گه‌ڵ توركیا دێته گۆڕێ. به‌م شێوه‌یه به راده‌ی كورد توركیاش ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌مه پێویسته ئه‌نقه‌ره به بابه‌تیانه له سوریا نزیك بێته‌وه.