مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، شێرکۆ حەمە ئەمین ، هەردوو حزبی دەسەڵات پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بە هۆکاری سەرەکی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەزانێت، کێشە بناغەیەکەش دەگێڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستور، تا ئەو لایانانە ناچار بە پێکهێنانی حکومەت بکات.
دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی هۆکارەکانی پێکنەهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندی حزبەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی دامەزراوەکان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی سپی میدیادا تیشکی خستە سەر ئەم خاڵانە:
-لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە حکومداری بەرەو خراپبوون چووە.
-زیادبوونی نەوەکانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەرژەوەندییەکانی زیادکردوە و پێویستیان بە پۆستی زیاترە.
-لە هەرێم دامەزراوە دروست نەبووە و دەستورمان نییە بۆ ئەوەی پابەندبوون و ناچاربوون هەبێت بۆ حزبەکان تا حکومەت پێکبهێنن و هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا بێت.
- تەنها سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت نییە کە کاتیان تەواو بووە، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەست پاکی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، دەستەی مافی مرۆڤ، کاتییان تەواو بووە و هەیانە ٧-٨ ساڵە سەرۆکەکەی نەگۆراوە.
- هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە هیچ جۆرێک نەیان توانیوە فشار بخەنە سەر پارتی و یەکێتی بۆ دروستکردنی حکومەت.
-کێ پشکی زیاترە و دەنگی زۆر هێناوە زیاتر تاوانبارە بۆ پێکنەهێنانی حکومەت، پارتی و یەکێتی تاوانباری سەرەکین.
- لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانیوە پێکەوەبن و هاوبەشی هەبێت لە نێوانیاندا.
- بەشێک لە پەرلەمانتاران سوێندیان خواردوە، بەڵام لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدا نیین.
-پەرلەمانتار هەیە باوەڕی بە زۆنی زەرد و سەوز هەیە و لە ئەقڵیەتی مەلایی و جەلالیدایە تا ئێستا.
-ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی دوورە.
-بەداخەوە گروپەکانی فشار لە هەرێم نەیانتوانیوە فشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەن.
- بەرپرسیارێتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن لە ناو خەڵکدا وونە.
-میدیاکانی دەسەڵات، بە مەبەست نائومێدی تۆخ دەکەنەوە.
-ئەبێ مۆدێلی کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بگۆڕێت.
-لە ٢٥ ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران ١٢ بۆ ١٣ کەسیان خەڵکی پارێزگای سلێمانین، بەڵام لە هەولێر لە دەسەڵاتدان، کە دێنەوە سلێمانی لە سنوری بۆڵەبۆڵکردن و بەیاننامەدا گیریان خواردوە و دەبنەوە ئۆپۆزسیۆن.
- لە ئەنجامی ئەم شێوازە حکومەداریەدا هاوڵاتی زەرەری کردوە و بەرپرسیارێتی دیار نەماوە.
- دەبێت مۆدێلی کاری ئۆپۆزسیۆن و کاری میدیایی و کاری هاوبەشی حکومڕانی بگۆڕدرێت.
- دەبێت ئۆپۆزسیۆن واز لە ڕاگەیاندراو بڵاوکردنەوە بهێنێت و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن لە شەقامدا لە پێشەوەی خۆپیشانداندا بێت.