سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل، یاهوزا بن یوسف، دەڵێت " ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی كورد – ئسرائیل به ته‌كتیكی ده‌زانن، بێ ئاگان له قوڵایی مێژوو"، ئەو پێوایە كورد له‌ئسرائیل تێكه‌ڵه له‌گه‌ڵ كایه‌كانی ده‌وڵه‌ت، ئه‌مه‌ش بنه‌مایه بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوه‌ندی بڕیاردان.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا کە رۆژنامەنووس هێمن خۆشناو بۆ ماڵپەڕ و سۆسیال میدیای سپی لەگەڵ (یاهوزا بن یوسف) سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل سازکردووە، لەبارەی چەندان پرسی گرنگی ئەو کۆمەڵەیەو پەیوەندی بە ناوەندی بڕیارەوە لە ئیسرائیل و، پەیوەندی بە رەوەندی کوردی و تێڕوانینی ئەوان لەسەر پرسی کورد خستۆتە ڕوو .
لەو چاوپێکەوتنەدا یاهوزا یوسف جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوانه‌ی په‌یوه‌ندی كورد – ئسرائیل به ته‌كتیكی ده‌زانن، بێ ئاگان له قوڵایی مێژوو.
لەتەوەرێکی تردا دەڵێت " پشتگیری له رۆژئاوای کوردستان ده‌كه‌ین كه خاوه‌نی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر بێت ".
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی کۆمەڵەی رەوەندی کورد لە ئیسرائیل لە بارەی پەیوەندیەکانی تورکیا و ئیسرائیل، دەڵێت " په‌یوه‌ندی ئسرائیل - توركیا تووشی قه‌یرانێكی قوڵ بووه"، ئاماژە بەوەش دەکات، به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشتر، ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئسرائیل بۆ توركیا ٩٠٪ كه‌م بۆته‌وه!".
دەقی چاوپێکەوتنەکە لەلایەن هێمن خۆشناوەوە سازکراوە:
یه‌هوزا بن یوسف كێیه؟
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل (یه‌هوزا بن یوسف) كه‌سێكی دیار و كارایه ناو میدیای ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، به تایبه‌تی كاتێك باس له كورد بكرێت، وه‌كو له رووداوه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی رۆژئاوای كوردستان بینیمان له چه‌ندین دیمانه و دیداریدا وه‌كو نوێنه‌ر و به‌رگریكار له كورد قسه‌ی كرد. ته‌نیا ئه‌وه نا، باس له كارابوونیشی ده‌كرێت له گۆڕه‌پانی سیاسی و دیپلۆماسی له ناوخۆی ئیسرائیل. كاتێك قسه له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری كورد - ئسرائیل ده‌كات، وه‌كو كه‌سـێكی په‌یوه‌ندیدار و خاوه‌ن پێگه ده‌رده‌كه‌وێت.
ساڵانێكی درێژه، (یه‌هوزا بن یوسف) نوێنه‌رایه‌تی كورد ده‌كات له ئسرائیل و به باڵیۆزێكی نافه‌رمی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. جگه له‌وه‌ی له‌ناو ئسرائیل كارایه، په‌یوه‌ندی باشیشی هه‌یه له‌گه‌ڵ كوردانی پارچه‌كانی دیكه به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپا ده‌گیرسێنه‌وه.
یه‌هوزا له‌ناو كه‌نیست ئسرائیلیه‌كان هانده‌دات تا پشتگیری له كورد بكه‌ن، هه‌ڵوێستی دیار و راشكاو نیشان ده‌دات كاتێك پێشێڵكاری له دژی كورد ده‌كرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێكی دیاری حزبی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئسرائیله (حزبی لیكۆد)، ده‌رگای وه‌زاره‌ته گرنگه‌كانی بۆ كراوه‌ته‌وه. له رێگای ئه‌مه‌شه‌وه لۆبیه‌كی جوی دروست كردووه بۆ پشتگیری كردنی كورد له كه‌نیستی ئسرائیل، كاریگه‌ری ئه‌م لۆبیه‌ش تا ئاستێك گه‌یشتۆته ئه‌مریكا و ئه‌وروپا.
ئه‌و نه‌وه‌ی حاخامی جوله‌كه (شالوم شه‌معونی) یه، كه گه‌وره‌ترین حاخامی جو بووه له دهۆك و له ساڵی 1936 چۆته ئسرائیل و حاخامی بۆ ره‌وه‌ندی كوردی كردووه. له هه‌مان كاتدا برازای ئه‌ندامی پێشووی كه‌نیست (حه‌بیب شه‌معونی) یه، دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كوردیه له ساڵی 1971.
له ئێستادا یه‌هوزا بن یوسف، وه‌كو ئه‌فسه‌رێكی یه‌ده‌ك له سوپای ئسرائیل كار ده‌كات، له كاتی جه‌نگه‌كاندا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ناو سوپای ئسرائیل خزمه‌تی كردووه.
(یه‌هوزا) له‌م دیمانه‌یه‌یدا وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه، له‌باره‌ی رۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كوردی له ئسرائیل ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد، ئاستی كاریگه‌ری ره‌وه‌ندی كوردی له‌سه‌ر ناوه‌ندی بڕیاری ئسرائیل و چه‌ندین پرسیاری دیكه...
پ: "كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل" چۆن دامه‌زراوه؟ ئامانجی كۆمه‌ڵه‌كه‌تان چییه؟
وه‌ڵام: كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل، ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی نوێنیه تا له‌مساڵانه‌ی دوایی دامه‌زرابێ. به‌ڵكو ریشه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆپێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئسرائیل،كه جو له كوردستان به‌ره‌و ئسرائیل كۆچیان كرد. به ئامانجی پاراستنی كلتوور، هاوكاریكردنی خێزانه كۆچكردووه‌كان له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی جیاوازدا خۆیان رێكخست بۆ به‌دیهێنانی رۆحی هه‌ماهه‌نگی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا.
له ده‌یه‌یشه‌شه‌مینی سه‌ده‌ی رابردووش‌دا هه‌وڵه‌كان سروشتێكی رێكخراوه‌یان وه‌رگرت و تیایدا چاڵاكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتووری و په‌روه‌رده‌یی به‌رفراوانبوو، هه‌بوونی چوارچێوه‌ی فه‌رمی له‌ژێر چه‌تری دامه‌زراوه‌ییكه نوێنه‌رایه‌تی كورد بكات، بووه پێویستیه‌كی ده‌ستلێبه‌رنه‌دراو.
به‌ڵام ده‌ستپێشخه‌ری هه‌ره چۆنایه‌تی له ساڵی 1971به كرده‌وه روویدا، كاتێك مامم خوالێخۆشبوو (حه‌بیب شه‌معونی) ئه‌ندامی كه‌نیست، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كۆمه‌ڵه‌ی به‌م ناوه دامه‌زراند. له‌وكاته‌ی ئه‌ندامی كه‌نیست بوو هه‌وڵه‌كانی خسته‌گه‌ڕ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی له نێوان ره‌وه‌ندی كورد و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت. پێیوابوو دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه هه‌نگاوێكی نیشتیمانیه و چوارچێوه‌یه‌كی سه‌قامگیر و دانپێدانراو به ره‌وه‌ندی كوردی ده‌به‌خشێت.
له‌و كاته‌دا تا ئه‌مرۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌مان له چه‌ندین بواری جیاواز كارده‌كات وه‌كو: پاراستنی كلتوور و مێژووی جوه‌كانی كوردستان، به‌هێزكردنی ناسنامه‌ی لاوان، پێشكه‌شكردنی پشتگیری كۆمه‌ڵایه‌تی، نوێنه‌رایه‌تیكردنی ره‌وه‌ندی كورد له به‌رده‌م دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت. له‌مساڵانه‌ی دوایشدا هه‌وڵده‌دات پردی مێژوویی نێوان جوله‌كه و كوردله‌سه‌رئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی به‌هێز بكات.
ئه‌مڕۆ به سیفه‌تی سه‌رۆكی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل، به ئه‌ركی خۆمده‌زانم درێژه به‌م ئاراسته مێژووییه بده‌م كه نه‌وه‌كانی رابردوو ده‌ستیان پێكردووه.له‌گه‌ڵ پته‌وكردنی پێگه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل و به‌هێزكردنی پردی په‌یوه‌ندی له نێوان ده‌وڵه‌تی ئسرائیل و گه‌لی كورد، پردێككه له‌سه‌ر به‌ها، مێژوو و به‌رپرسیاریه‌تی هاوبه‌ش بونیاد نرابێ له پێناو دواڕۆژێكی باشتر.
پ: ئایاكۆمه‌ڵه‌كه‌تان دانپێنراوه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئسرائیلی؟
وه‌ڵام: به‌ڵێ كۆمه‌ڵه‌كه‌مان دانپێدانراوه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئسرائیلی، وه‌كو رێكخراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه نوێنه‌رایه‌تی ره‌وه‌ندی كوردیده‌كات. ئه‌مدان پێدانانه خۆی ده‌بینێته‌وه له تۆماركردنی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان به گوێره‌ی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت، له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تیش به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كارده‌كات له بواره‌كانی په‌روه‌رده، خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و چاڵاكی رۆشه‌نبیری. هه‌روه‌ها له چوارچێوه‌یه‌كی رێكخراوه‌ییدا، پێداویستیه‌كانی ره‌وه‌ندی كورد ده‌گه‌ینێته لایه‌نی فه‌رمی و په‌یوه‌ندیدار ده‌كات.
له ساڵانی رابردوودا، كۆمه‌ڵه‌كه‌مان هاوبه‌شی و هاوكاریكرد له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه فه‌رمیه‌كان، كه دانده‌نێن به رۆڵی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان له نوێنه‌رایه‌تیكردنی ره‌وه‌ندی كوردی په‌یوه‌ست به پاراستنی ناسنامه و كه‌له‌پور. ئه‌م دانپێدانانه ره‌نگدانه‌وه‌ی پێگه‌ی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی كۆمه‌ڵه‌كه‌مانه، پشتڕاستیده‌كاته‌وه كه ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه رۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت له پاراستنی كلتوور، ناسنامه و هاوبه‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كسان بۆ رۆڵه‌كانی ره‌وه‌ندی كورد.
پ: تا چ ئاستێك ره‌وه‌ندی كوردی له ئسرائیل خۆی رێكخستووه؟
وه‌ڵام: ره‌وه‌ندی كوردی له ئسرائیل له چه‌ندین رووه‌وه به‌باشی خۆی رێكخستووه، وه‌كو هه‌موو ره‌وه‌نده‌كانی دیكه كه ژیانی كلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندیان هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ره‌ڕای لایه‌نی به‌هێزی ره‌وه‌نده‌كه‌مان لایه‌نی لاوازیشمانهه‌یه. له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان له ساڵی 1971 له‌سه‌رده‌ستی (حه‌بیب شمعونی) ئه‌ندامی كه‌نیست، بنه‌مایه‌كی رێكخراوه‌یی گرنگ بۆكۆمه‌ڵه‌كه‌مان دروستكراوه، په‌یوه‌ست به ئه‌ندامانی ره‌وه‌ندی كورد تا درێژه به چاڵاكیه كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریه‌كانی بدات. كۆمه‌ڵه‌كه‌مان له چوارچێوه‌ی په‌یكه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی چاڵاك كارده‌كات، كه خشته‌یه‌كی بۆ كرده‌وه و ئاهه‌نگ، سیمیناری كلتووری هه‌یه، بۆ پارێزگاریكردن له كه‌له‌پور، زمان و ناسنامه‌ی كورد بۆ گه‌نجان و ته‌واوی ره‌وه‌ندی كوردی.
پ: ئایا ره‌وه‌ندی كورد ئه‌وسه‌نگه‌ی هه‌یه تا بتوانێ كاریگه‌ری له‌سه‌رناوه‌ندی بڕیاردان له ئسرائیل دروستبكات، به هه‌مان شێوه‌ی ره‌وه‌ندی دروزی؟
وه‌ڵام: ره‌وه‌ندی كورد پاڵپشتیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری گرنگی هه‌یه، له‌مساڵانه‌ی دواییشدا تا ده‌چێت پێگه‌ی سیاسی زیاتر هه‌ڵده‌كشێت. ره‌وه‌ندی كورد ره‌وه‌ندێكی دیار و كارایه، كچ و كوڕانی تێكه‌ڵ به كایه‌كانی ناوده‌وڵه‌تبوون له رووی سه‌ربازی، دامه‌زراوه ئه‌منیه‌كان و ناوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كان، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ده‌سه‌ڵاته خۆجێیه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی خزمه‌تی گشتی. ئه‌م تێكه‌ڵاوبوونه‌ش بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیه بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوه‌ندی بڕیاردان.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه، هه‌موو كاره‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئسرائیل و لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له رێگای سه‌رۆكی ره‌وه‌ندی كوردی له ئسرائیل به‌ڕێوه ده‌چێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان، ئه‌ندامانی كه‌نیست و لایه‌نه دیپلۆماسیه‌كان ساز ده‌كرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كوردی به‌رده‌وام له دانوستان دایه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده كورده‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.
كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كوردی وه‌كو ناوه‌ندێكی گوشار هه‌ڵسوكه‌وت ناكات، به‌ڵكو به رۆحی به‌رپرسیاریه‌تی نیشتیمانیانه و میانڕه‌وانه، له رێگای دانوستانی پیشه‌یی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی بڕیاردان ده‌جوڵێته‌وه. كاریگه‌ری ئه‌م ره‌وه‌نده به ره‌وایه‌تی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی پاڵپشتی لێده‌كرێت كه هه‌وڵده‌دات له‌ناو ئۆرگانه‌كانی ده‌وڵه‌ت به شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه و فه‌رمیانه دۆسیه‌كان بخاته‌ڕوو.
ده‌كرێت بڵێین، پێگه‌ی سیاسی ره‌وه‌ندی كورد له هه‌ڵكشانی به‌رده‌وام دایه، له سایه‌ی ئامانجه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌كته‌رێكی به‌كاریگه‌ر و به‌رپرسیار بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئاستی ئسرائیلی و نێوده‌وڵه‌تی.
پ: به گوێره‌ی ژماره‌یه‌ك له چاودێری سیاسی كورد و دۆستانی كورد، په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ ئسرائیل هیچ سوودێكی نابێت. چونكه ئسرائیل وه‌كو مه‌سه‌له‌یه‌كی ته‌كتیكی ره‌ها سه‌یری كێشه‌ی كورد ده‌كات. له روانگه‌ی ئسرائیل شتێك نیه به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كورد؟
وه‌ڵام: ئاساییه ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ما به‌رژه‌وه‌ندی دابڕێژرێن. وڵاتان و رێكخراوه‌كانیش به‌م شێوه‌یه كار ده‌كه‌ن. به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نه‌رێنی نییه، به‌ڵكو به‌شێكه له به‌رپرسیاریه‌تی سیاسه‌تی به‌رنامه بۆ داڕێژراو.
به‌ڵام په‌یوه‌ندی له نێوان ده‌وڵه‌تی ئسرائیل و گه‌لی كورد، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی كوردی په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌كتیكی نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كی مێژینه‌یه، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، به‌های لێكچوو له‌گه‌ڵ هه‌ستی له‌یه‌كتر نزیكی نێوان هه‌ردوو هه‌ردوولا. كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل ئه‌مڕۆ به هه‌مان شێواز كار ده‌كات كه له‌سه‌ری دامه‌زراوه. له رێگای كاری میدیایی، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و چاڵاكی گشتی. كۆمه‌ڵه‌كه‌مان له رۆژانی ته‌نگاسی و به ئازار، له‌وانه رۆژی هێرشكردنه سه‌ر (هه‌ڵه‌بجه) به چه‌كی كیمیاوی، بێده‌نگ نه‌بوو. به‌ڵكو وه‌كو پابه‌ندیه‌كی ئه‌خلاقی ده‌نگی خۆی به‌رز كرده‌وه، به‌و توانایه‌ی له‌ژێر ده‌ستی كۆمه‌ڵه‌كه‌ماندا بوو، دژی هێرشی كیمیاوی وه‌ستاینه‌وه و پشتگیری خۆمان بۆ گه‌لی كورد نیشاندا.
له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوونی سیاسیشماندا، پابه‌ندبوونی قوڵی مرۆڤایه‌تیمان بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌ربڕیووه. هه‌ردوو گه‌لی كورد و ئسرائیل چه‌وسێندراونه‌ته‌وه، تـێكۆشانیان كردووه له پێناو ناسنامه و مافی ژیان به ئارامی و سه‌ربه‌رزی. گه‌لی كورد و جو یه‌كتریان خۆشده‌وێت، ئه‌م خۆشه‌ویستیه‌ش له ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی، هه‌ماهه‌نگی و متمانه‌ی هاوبه‌ش دروست بووه. بۆیه ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا به په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌كتیكی ده‌زانن، بێ ئاگان له قوڵایی مێژوویی و بنه‌مای به‌ها هاوبه‌شه‌كان كه ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵچندراوه. به‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه، به‌ڵام له سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی مه‌ودا درێژ و په‌یوه‌ندی راسته‌قینه هه‌یه له نێوان كورد و جو.
پ:وه‌كو كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران گفتوگۆ كردووه؟
وه‌ڵام: به‌ڵێ، به ساڵانه گفتوگۆ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ناو ده‌وڵه‌تی ئسرائیلدا. به‌و پێیه‌ی ئێمه ره‌وه‌ندێكی رێكخراو و ده‌سته‌یه‌كی نوێنه‌رایه‌تین، گرنگی زۆر به گفتوگۆی راسته‌وخۆ و پیشگه‌ریانه به‌رپرسیارانه ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت، ئه‌ندامانی كه‌نیست و لایه‌نه فه‌رمیه‌كان ده‌رباره‌ی ورد و درشت كه په‌یوه‌ندی به ره‌وه‌ندی كوردی و كێشه‌ی كورده‌وه ئاگادارن.
ئه‌م گفتوگۆیانه له رێگای كه‌ناڵی فه‌رمی و كۆبوونه‌وه و دیاركردنی هه‌ڵوێسته‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت. ته‌نیا پشت به لێدوانی میدیایی نابه‌ستین، به‌ڵكو كار ده‌كه‌ین له چوارچێوه‌ی گفتوگۆی به‌رده‌وامی متانه‌پێكراو، بۆ تێگه‌یشتن له سروشتی رژێمی سیاسی و دامه‌زراوه‌یی ئسرائیلی. ئامانج له سیاسه‌تی په‌یوه‌ندیه‌كان و گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه فه‌رمیه‌كان گه‌یاندنی ده‌نگی ره‌وه‌ندی كورد بۆ سه‌ر مێزی ناوه‌ندی بڕیار به شێوازێكی فه‌رمی هاوسه‌نگ، له پێناو كاریگه‌ری دروستكردن نه‌وه‌كو رووبه‌ڕووبوونه‌وه.
پ: له لێدوانه میدیایه‌كانیدا ده‌رباره‌ی كوردانی رۆژئاوای كوردستان ئسرائیل باش ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام به كرده‌وه هیچ ناكات. له‌وه زیاتر، له رێككه‌وتنی نێوان ئسرائیل و "حكوومه‌تی ئه‌لشه‌رع" له رۆژانی (5/6 شوباتی 2026) كه له فه‌ڕه‌نسا ئه‌نجامدرا، ئسرائیل چاوی خۆی له كورد گرت به‌رامبه‌ر سازشی سوریا. له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
وه‌ڵام: له‌سه‌ره‌تادا گرنگه وریابین له گریمانه‌كان كه پشت به زانیاری فه‌رمی نابه‌ستن. مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی له راگه‌یاندن بڵاوده‌كرێته‌وه ره‌نگدانه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت بێ، له سیاسه‌تدا زۆرجار راستی بڵاوناكرێته‌وه. ده‌وڵه‌تی ئسرائیل به گوێره‌ی ئیعتیباری ئه‌منی و ستراتیژی تایبه‌ت به‌خۆی سیاسه‌ت ده‌كات، له‌مباره‌یه‌شه‌وه هیچ پاساوێك نیه بمانگه‌ینێته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی تا له چوارچێوه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه یان رێككه‌وتنێكی دیكه واز له كورد بێنێت. به تایبه‌تی كه زانیاری فه‌رمی له ئارادانییه ئه‌مه پشتڕاست بكاته‌وه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، جێگای ئاماژه پێكردنه تا به‌بیری بێنینه‌وه كه ده‌وڵه‌تی ئسرائیل تاكه ده‌وڵه‌ت بوو، مه‌سه‌له‌ی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا وروژاند له گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیشدا. له‌مباره‌یه‌وه‌په‌یوه‌ندی سیاسی ئه‌نجامدا، هه‌ڵوێستی دیاری نیشاندا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا و لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، به د‌رك كردن به گرنگی رۆڵی كورد له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌هێزكردنی ئاسایشی ناوچه‌یی.
ده‌كات به پشتبه‌ستن به گفتوگۆی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی بڕیار له ئسرائیلدا.
هه‌ڵوێستمان له‌مباره‌یه‌وه دیار و جێگیره: كورد له رۆژئاوا فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی بووه له جه‌نگی دژ به تیرۆر و هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌مێنێته‌وه. هه‌ر جۆره چاره‌سه‌ریه‌كی داهاتوو له سوریادا، پێویسته ماف، ئاسایش و پێگه‌ی سیاسی ئه‌وان له‌به‌رچاو بگرێت. په‌یوه‌ندی له نێوان كومه‌ڵگای كورد له ئسرائیل و براكانمان له رۆژئاوا له‌سه‌ر به‌یاننامه‌یه‌كی میدیایی بونیاد نه‌نراوه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كی مێژوویی به‌هێزه له‌سه‌ر هاوخه‌می و هاوچاره‌نووسی بونیاد نراوه.
ئه‌م رۆڵه‌ی ئسرائیل به رێككه‌وت نه‌بووه، به‌ڵكو له ئه‌نجامی كاری سیاسی به‌رده‌وام، له سایه‌ی ئه‌و لۆبیه به‌هێزه بووه كه سه‌ركردایه‌تی ره‌وه‌ندی كوردی پێشڕه‌وی بوو.
پ: تا چ ئاستێك په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی كورد و رێكخراوه كوردیه‌كان هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی ئسرائیل؟
وه‌ڵام: په‌یوه‌ندی باش و به‌رده‌وامان هه‌یه له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ند و رێكخراوه كوردیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئسرائیل. ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ش چه‌ند جۆرێكن، گفتوگۆی گشتی، هاوكاری كلتووری و به‌شداریكردن له كۆنگره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كوردی له ئه‌وروپا، ئه‌مریكا و ناوچه‌كه‌دا. (یه‌هوزا بن یوسف) سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له ئسرائیل، ناو به‌ناو به‌شداری له كۆنگره و كۆبوونه‌وه‌ی ره‌وه‌ندی كوردی له جیهاندا ده‌كات، به تایبه‌تی له ئه‌وروپا، كه گفتوگۆی سیاسی و میدیایی به‌رفراوانی لێده‌كرێت ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد. هه‌روه‌ها له‌ناوخۆی ئسرائیلیشدا میوانداری له سه‌ركرده‌ی كورد، رۆژنامه‌نووس و نوێنه‌رانی میدیا ده‌كات.
كۆمه‌ڵه‌ی ره‌وه‌ندی كورد له رووی رێكخراوه‌ییه‌وه سه‌ربه‌خۆیی خۆی ده‌پارێزێت، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه ئسرائیلیه و باڵێك نییه بۆ هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی ئسرائیل. په‌یوه‌ندیه‌كانیشی له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی به‌رامبه‌ر و هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی بونیاد ده‌نێت.
پ: تا ده‌چێت ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندی نێوان ئسرائیل و توركیا زیاتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێك له چاودێران پێیانوایه په‌یوه‌ندی ئسرائیلی توركی گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و به‌رده‌وامه به تایبه‌تی سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی سوریا. له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن، ئایا په‌یوه‌ندی ئه‌م دوو وڵاته له دۆستایه‌تی بۆ دوژمنایه‌تی گۆڕاوه؟
وه‌ڵام: په‌یوه‌ندی نێوان ئسرائیل توركیا تووشی قه‌یرانێكی قوڵ بۆته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی په‌یوه‌ندیه‌كان كۆتاییان پێنه‌هاتووه.
به‌شێكی زۆری قه‌یرانه‌كه په‌یوه‌سته به رووداوه‌كانی ناوخۆی توركیا و ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر هه‌ژموونی توركیا دایه، به تایبه‌تی ئه‌و زوڵم و زۆریه‌ی له كه‌مایه‌تیه‌كانی دروز، عه‌له‌وی، كریستیان و كورد ده‌كرێت. په‌یوه‌ست به ئسرائیل ئه‌م كه‌مایه‌تیانه هاوپه‌یمانی سروشتی ئسرائیلن له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌ر ده‌ستدرێژیه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌وان نیگه‌رانیه‌كی توندی لێده‌كه‌وێته‌وه.
هێرشه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌م كه‌مایه‌تیانه به‌دوای یه‌كتردا هاتن، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌ركه‌وت كه توركیا هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر كورد ئه‌نجامدا، ئه‌م رووداوانه لێكترازانی زیاتر كرد له په‌یوه‌ندی هه‌ردوولادا.
تێكچوونی په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر جوڵه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری هه‌یه كه له رابردوودا زۆر به‌هێزبوو. له ئێستادا ژماره‌ی گه‌شتیاری ئسرائیلی بۆ توركیا به به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوو له 90٪ كه‌م بۆته‌وه. سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی سیاسی و هه‌ڵكشانی شه‌ڕی میدیایی له نێوان هه‌ردوولادا، هێشتا به‌شێك له په‌یوه‌ندیه ئابووریه‌كان درێژه‌یان هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه كه هێشتا په‌یوه‌ندیه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئاستی پچڕانی ته‌واوه‌تی، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كان ئاڵۆزن و سروشتێكی پراگماتیستیانه‌یان وه‌رگرتووه.
پ: به گوێره‌ی به‌رپرسانی ئسرائیلی، (تۆم بارك) نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا وه‌كو نوێنه‌ری توركیا بێت هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. ئایا ئسرائیل هه‌وڵده‌دات باراك له پۆسته‌كه‌ی دووربخاته‌وه؟
وه‌ڵام: دانانی تۆم باراك له‌و پۆسته بڕیارێكی ناوخۆیی ئه‌مریكییه، ئێمه‌ش به‌شێك نین له حكوومه‌تی ئسرائیلی. له‌م سۆنگه‌یه‌وه به‌رده‌وامبوونی یان دوورخستنه‌وه‌ی له پۆسته‌كه‌یدا له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێمه ناڕازاین له به‌شێك له كرده‌وه و هه‌ڵوێسته‌كانی باراك له ماوه‌ی رابردوودا، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بوو بۆ رووداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و ره‌نگدانه‌وه‌كانی بۆ سه‌ر كورد له‌م به‌شه‌دا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ده‌نگۆی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری تۆم باراك له‌گه‌ڵ توركیا، هیچ به‌ڵگه و ئه‌رگومێنتێكمان له ده‌ستدا نییه ئه‌م بانگه‌شه‌یه بسه‌لمێنێت. له هه‌مان كاتدا خۆمان خه‌ریك ناكه‌ین به هه‌ڵوێستی تاكه‌كان، به‌ڵكو جه‌خت له سیاسه‌ت و ئه‌نجامه‌كانی له‌سه‌ر واقیع ده‌كه‌ینه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڵوێستمان روونه: كورد له رۆژئاوا رۆڵێكی سه‌ره‌كی بینیووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و قوربانی زۆریانداوه. ئێمه پشتگیری له رۆژئاوایه‌ك ده‌كه‌ین كه خاوه‌نی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ربێت له چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی سه‌قامگیركه ماف، ئاسایش و توانایان ده‌سته‌به‌ربكات بۆبه‌ڕێوه‌بردنی كاری خۆیان.
له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تیه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا پێویسته مافی چاره‌ی خۆنووسینی كورد له‌به‌رچاوبگرن. به له‌به‌رچاونه‌گرتنی ئه‌م راستیه خزمه‌ت به سه‌قامگیری ناوچه‌یی ناكات.
ئێمه له رێگای كه‌ناڵه سیاسیه‌كان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین، بۆخستنه‌ڕووی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان، به‌ڵام ده‌ستوه‌ردان ناكه‌ین بۆ ناو كاروباری وڵاتانی دیكه.
پ: په‌یامتان چیه بۆگه‌لی كورد له باشووری كوردستان؟
وه‌ڵام: بۆگه‌لی كوردستان په‌یاممان یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی، خۆرێكخستن و به‌رپرسیاریه‌تی مێژووییه.ساڵانێكی درێژه كورد رووبه‌ڕووی زه‌حمه‌تی و مه‌ترسی له‌ناوبردن ده‌بێته‌وه، ساته‌كانی سه‌ركه‌وتنیشی هه‌مووكاتێك په‌یوه‌سته به یه‌كگرتوویی و گردبوونه‌وه‌ی له ده‌وروبه‌ری سه‌ركردایه‌تیەكه‌ی.
به تایبه‌تی بۆباشووری كوردستان ده‌ڵێم: یه‌كێتی ناوخۆییتان بپارێزن، له ده‌وروبه‌ریسه‌ركردایه‌تیتان كۆببنه‌وه، به تایبه‌تی له ده‌وروبه‌ری سه‌رۆك(مه‌سعود بارزانی)، كه به ساڵانه خۆی ته‌رخانكردووه بۆدۆزی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڕێوه‌بردنی به‌رپرسیارانه و بونیادنانی دامه‌زراوه‌كان.
دواڕۆژی كوردستان له‌سه‌رناكۆكی ناوخۆیی بونیادنانرێت، به‌ڵكو له‌سه‌ربنه‌مای یه‌كگرتوویی و په‌ره‌پێدانی دامه‌زراوه‌كان ده‌بێت. جیهان وه‌كو نموونه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی كوردی سه‌یری باشووری كوردستان ده‌كات، كه پێویسته به‌هێز، یه‌كگرتوو و به‌رپرسیارانه هه‌ڵسوكه‌وت بكات.
پ: كۆمه‌ڵه‌كه‌تان چۆن ده‌توانێ پشتگیری كورد بكات له تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رچوار پارچه‌كانی كوردستان؟
وه‌ڵام: هیوادارم له دواڕۆژێكی نزیكدا بتوانین مالێكی كوردی له‌ژێرناوی "مه‌لامسته‌فا بارزانی" دروستبكه‌ین، كه وه‌كو قارمانێكی دیاره له مێژووی هاوچه‌رخی كورد. ئه‌و ماڵه ناوه‌ندێكی كلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی گشتی ده‌بێت، له هه‌مانكات ده‌بێته كونسوڵخانه‌یه‌كی نافه‌رمی بۆ گه‌لی كورد له ئسرائیل. ده‌رگاكانی بۆ هه‌موو كوردێك له‌سه‌ر پشت ده‌بێت كه رووده‌كاته ئسرائیل، بۆ ئه‌وه یپردێكی زیندووبێت له نێوان گه‌لی كورد و ده‌وڵه‌تی ئسرائیل.
پ: ئێوه ده‌زانن، كه هێرشه‌كانی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئسرائیل له مانگی ئۆكتۆبه‌ر، به هێرشی ئسرائیلی زۆر توندوه‌ڵامدرایه‌وه، كه سنووری تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی به‌زاند. له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
وه‌ڵام: ناكرێت ئسرائیل له به‌رامبه‌ر دیفاكتۆیه‌ك بێده‌نگبێت تیایدا رێكخراوێكی چه‌كداری تیرۆریست كۆنتڕۆڵی(غه‌زه) و هاوڵاتیانی بكات. چه‌كداماڵینی حه‌ماس و كۆتایی هێنان به هه‌ژموونی چه‌كداری مه‌رجێكی سه‌ره‌كیه بۆسه‌قامگیری ناوخۆیی له دواڕۆژدا.
لێره‌دا سزادان ئامانجنیه، به‌ڵكو به‌دیهێنانی دیفاكتۆیه‌كی نوێیه كه تیایدا هیچ دیكه (غه‌زه) نابێته ناوه‌ندێكی تیرۆر. هه‌ر چاره‌سه‌ریه‌ك پێویسته مه‌رجی چه‌كداماڵینی ته‌واوی حه‌ماس له‌خۆبگرێت و به‌ڕێوه‌بردنی غه‌زه بدرێته لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیار، كه بونیادنانه‌وه و سه‌قامگیری بۆ هه‌ردوولادا بینابكات.
چۆن دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له رابردوو چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ناوچه‌یی راگه‌یاند بۆ گۆڕینی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وه پێویسته له قۆناخی ئێستاشدا بیرۆكه‌ی چاره‌سه‌ریه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بخرێته‌ڕوو، كه هه‌موو جۆره ده‌سه‌ڵاتێكی رێكخراوی چه‌كداری ره‌تبكاته‌وه.
ئامانج ئارامی درێژه خایه‌نه، نه‌وه‌كو تۆڵه‌كردنه‌وه، ئه‌مه‌ش به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ژێرخانی تیرۆر و دروستكردنی میكانیزمی سه‌قامگیری به‌دیدێت به‌و مه‌رجه‌ی له‌ژێر چاودێری دابێت و رێگا له گه‌ڕانه‌وه‌ی توندوتیژی بگرێت.