کاریگەری جەنگ لەسەر بازاڕی عەلوەی سلێمانی

‌سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی سپی میدیادا سەبارەت بە گۆڕانکاریەکان  و کاریگەری جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و رەنگدانەوەی لە ناو بازاڕی عەلوەی سلێمانی دەڵێت "لە سەرەتای جەنگەوە سنورەکان داخران و نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەرز بوەوە، بەڵام دوای کردنەوەی سنورەکان تا ئێستا  هیچ کێشەیەکمان بۆ بارهەڵگرەکان نییە لەسەر سنور  و لەوێشەوە بۆ ناو عەلوەی سلێمانی".

دوو شەممە، ٦ نیسان ٢٠٢٦، سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، رایگەیاند "لە ئێستادا تەنها گۆڕانکاری لە بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا هەیە ئەویش  پەیوەستە بە بەرزبونەوەی نرخی دۆلار".

سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی سەبارەت بە ڕێژەی بەرهەمە کشتوکاڵیە ئێرانییەکان لە ناو بازاڕدا وتی "لە ٪٧٠ بۆ لە ٪٨٠ بەرهەمەکان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت،  ئەو بەرهەمانە بە هۆی نزیکیمانەوە لە ئێران بەرهەمەکان بە فرێشی دەگەنە دەستمان و لە ١٥ نیسان بە دواوە بەرهەمی خۆمان پێدەگات و رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات".

لە بارەی ئەوەی جەنگ کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەکان هەبوە، سەروەر عەلی ئاشکرایکرد کە "پێش دەستپێکردنی جەنگەکە چی لە بازاڕدا هەبوە ئێستاش بە هەمان شێوە هەیە".

"لە سەرەتایی جەنگەوە ڕێنمایمان دەدا بە هاوڵاتیان کە ڕێگری ناکرێت لە هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی،  چونکە جوتیارەکانی ئێرانیش فشاریان بۆ سەر بەرپرسەکان هێنابوو، بۆیە فشارمان لە لایەن هاوڵاتیانەوە لەسەر نەبوو، چونکە بەرهەمەکانی لای ئێمە لە کۆگادا هەڵناگیرێت و ڕۆژانە بەکاردەهێندرێت"، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی وا دەڵێت.

سەروەر عەلی باسی لە هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە کرد و وتی "ئێستا بە هۆی بەرزبونەوەی نرخی تەماتە لە ئێران و کاریگەری باران بارین،  هەناردەکردنی تەماتە لە لایەن ئێرانەوە قەدەغەکرا و ئێمە وەک لیژنەی سەندیکا سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانمان کرد و داوامانکرد کە ڕێگر نەبن لە هەناردەکردنی تەماتە، چونکە لەم وەرزە هیچ بەرهەم هێنانێکی تەماتە لە کوردستان نییە، ئەوان گوێیان لە ئێمە گرت و ڕێگەیاندا تەماتەی ناو خانوە پلاستیکیەکان هاوردەی هەرێم بکرێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی  دڵنیایی دایە هاوڵاتیان کە "هەتا سنورەکان بمێنن هەموو بەرهەمەکانمان وەک  ئێستایە و پڕە لە بەرهەمی ئێرانی و کێشە نییە، بەڵام ئەگەر سنورەکان دابخرێن ئەوا هیچ لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و دەبێت هەوڵبدەین لە ڕێگایەکی دیەکەوە ئەو بۆشاییە پڕبکەینەوە". 




PM:06:07:06/04/2026