پسپۆری شارسازی و مامۆستای زانکۆ لەبەشی پلانسازی شار، ئاڤان عەلی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی سپی میدیادا، وردەکاری ناو پرۆپۆزەڵی (پێشنیارە ئامادەکراوەکە) سەرای سلێمانی دەخاتە ڕوو.
یەک شەممە، ٢٤ ئایار ٢٠٢٦، ئاڤان عەلی دەڵێت "بەشێوەیەکی گشتی پرۆپۆزەڵی سەرای سلێمانی دوو لایەنەیە، لایەنێک باش کاری تێداکراوە و کۆمەڵێک خاڵی لاوازیشی تێدایە".
لایەنێکی ئەرێنیەکان ئەمانەن:
- ناوچەیەک دروست دەبێت دوور لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و پیادەڕەوی تێدا زیاد دەبێت.
-لایەنێکی دیکەی باش ئەوەیە کە نوێکردنەوەی باڵەخانە و فرۆشتگاکان بەو رەگەزانەی لە ڕوکاری دەرەوەیاندا بەکاردێت.
- دەتواندرێت بۆ نوێکردنەوەی باڵەخانەکان سوود لەو بەڵگەنامانە وەربگیرێت کە پارێزراون سەبارەت بە رووکاری ماڵە کۆنەکانی گەڕەکی سابوکەران.
خاڵە نەرێنییەکانی پرۆژەکە بریتین لە :
-دەکرا سوود لە ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ دانانی پلانەکە و کارکردن لە سەرای سلێمانی وەربگیرایە.
-دەتواندرا بەشێکی زۆری تەرخان بکرایە بۆ سەوزایی، چونکە ناوەندی شار دەبێتە چەقی بەرزی پلەی گەرمی شارەکە.
- پرۆژەکە دوور بینانە نییە و بیر لە گەشەپێدانی داهاتوو نەکراوەتەوە.
- دەتواندرا رێگایەکی میترۆ و بڵاوکردنەوەی تێدا بەکار بهاتایە و ببەسرایەوە بە دەرەوەی سەنتەری شار.
-ناوچەیەک لە ناو پرۆژەکەدا نییە کە بتواندرێت بۆ هەموو وەرزەکان بەکاربهێندرێن.
-خاڵێکی راکێشەری بۆ چالاکی تێدا نییە و چەند کۆشکێک بۆ فرۆشتنی پەرتووک بەس نییە.
سەبارەت بە بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتیشی "بەگشتی دەتواندرێت سود لە وزە و توانای گەنجانی ناو زانکۆ وەربگیرایە بۆ شارسازی و بوارەکانی دیکە. ناوەندە ئەکادیمیەکان نەکراونەتە ناوەندی کار لە کاتێکدایە دەتواندرێت سودی لێببیندرێت".
"سەنتەری شارەکان لە زانستی شارسازی بەپێی کات گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە سەردەمێکدا سەنتەری شار ناوەندی بازرگانی بووە، لە سەردەمی نوێی شارسازیدا دەکرێت ناوەندی بازرگانی و کۆبونەوەی خەڵک و ناوچەی کلتوری بێت"، پسپۆڕی شارسازیەکە وا دەڵێت.
ئاڤان عەلی ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەوەی لە پرۆپۆزەڵ (پێشنیارە ئامادەکراوەکە) بینیومانە و پەیوەسەتە بە رابردووی ئەم شارەوە تەنها نوێکردنەوەی روکاری دەرەوەی فرۆشتگا و باڵەخانەکانە بە دیزاینی کۆن".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ جەخت دەکاتەوە کە "دەبێت بزاندرێت کە هەموو چالاکیەکی بازرگانی بۆ ناوەندی شارەکان نابن، چونکە قەرەباڵغی زۆر دروست دەکات، ئەگەر بشکرێت دەبێت بەشێوازێک ناوچەکە دروست بکرێت کە توانای ئەو قەراباڵغیە زۆرەی لە ڕێگای خزمەتگوزاریەوە هەبێت".
ئاڤان عەلی ئاماژەی بە پێویستیە سەرەکیەکانی ناو پرۆژەی سەرا وەک سەنتەرێک بۆ داهاتوو بەم شێوەیە کرد "باسی چالاکیە ئابورییەکانمان کرد کە کاریگەریی دارایی و راکێشەری هەبێت، بەڵام دەبێت چالاکی کۆمەڵایەتیش تیایدا بەڕێوەبچێت و دەبێت رەچاوی ئەوەش بکرێت لەو گۆڕانکاریانەی لە سەرای سلێمانی ئەنجام دەدرێت و دەبێت مۆزەخانە و گەلەری تێدابێت تا ناسنامەی شارەکەی تێدا بەرجەستەکرابێت و مێژووی شارەکە بپارێزرێت".
لە وەڵامی سپی میدیادا بۆ پرسیاری ئایا لەگەڵ ئەو خاڵانەی سەبارەت بە پرۆژەکە باستکرد بە بینینی پرۆپۆزەڵەکە، لەگەڵ گۆڕانکاریدایت لە سەنتەری شاری سلێمانیدا؟، ئاڤان عەلی پسپۆڕی شارسازی وتی "بێگومان لەگەڵ گۆڕانکاریدام، بەڵام دەبێت ئاوڕێک بدرێتەوە کە پرۆژەکە زۆرباش بەڕێوەبچێت بەو خاڵانەی ئاماژەمان پێکردوە".