بەڤیدیۆ من فڕیم تۆ مایتەوە لە لەندن نمایش دەكرێت

فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەن، بەهاوكاری (پۆرتۆبێلۆ پۆپ ئەپ سینەما) هەڵدەستێت بە نمایشكردنی فیلمی كوردی من فڕیم تۆ مایتەوه‌. 
ئەم فیلمە بەڵگەنامەییە روخسارێكی جەنگ پیشاندەدات لەڕێگای گەشتی خێزانێكی تێكشكاوەوە و لەڕوانگەی كیژێكی گەنجەوە كە بەدوای مێژووی باوكیدا دەگەڕێت.
 فیلمساز (مزگین موژدە ئەرسلان) هەڵدەسێت بە گەشتێك لە ئەستەنبوڵەوە بە كوردستانی باكووردا بەرەوە كوردستانی باشوور و كەمپی مەخموور بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی چیرۆكی ژیانی باوكی كە هەرگیز نەیدیووە.
مزگین دەڵێت: "لەگەڵ نەنكمدا بەدزیوە باسی باوكمم دەكرد، چونكە ئەو لێی قەدەغەكردبووین باسی باوكمان بكەین. هەر وەك ئەوە وابوو ئیدی لە ژیاندا نەمابێت... بەڵام جارێك لە یەرەڤان لە ئەرمەنستان كەسێكم بینی كە لە كەمپی مەخموور ژیابوو، سۆراخی باوكم لێ كرد." مزگین لە گەشتەكەیدا زۆر شتی دەربارەی باوكی بۆ دەردەكەوێت و بە هەندێك لە خزمانیشی ئاشنادەبێت.‌
فیلمی من فڕیم تۆ مایتەوه تائێستا چەند خەڵاتێكی وەرگرتووه، لەوانە خەڵاتی ‌باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی فێستیڤاڵی فیلمی ئامەد هەروەها خەڵاتی تایبەتی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵی فیلمی ڤانگوێلو لە ئیستانبوڵ و خەڵاتی رێزلێنان لە فێستیڤاڵی فیلمی بەڵگەنامەیی بۆستن لە ئەمریكا، خەڵاتی میرێلا گالێتی بوو لە ئیتالیا.
 
فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەن، هەوڵ دەدات سینەمای كوردی بە بەریتانییەكان بناسێنێت، هەڵدەسێت بە رێكخستنی چەند چالاكیەكی دیكە، لەوانە پۆپ ئەپ سینەمادا‌ كه بریتیە لە پیشاندانی فیلم لەشوێنە گشتیەكان و لە دەرەوەی هۆڵی سینەما بازرگانیەكاندا.
 
فیلمی "من فڕیم تۆ مایتەوه"‌ رۆژی پێنجشەممە، 2014 /07 /24  كاتژمێری 7:30 ی ئێوارە لە (پۆرتۆبێلۆ پۆپ ئەپ سینەما) وەك بەشێك لە فێستیڤاڵی (ئین ترانزیت) نمایشدەكرێت و لەپاشانیشدا گفتوگۆیەك لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەكەدا سازدەكرێت.
پۆرتۆبێلۆ پۆپ ئەپ سینەما لەم ئادرێسەی خوارەوەیە:
3 Acklam Road, London W10 5TY
Tube: Ladbroke Grove.
Bus: 7, 23, 52.




PM:04:04:23/07/2014