لە زۆرێک لە دادگاکانی تاڵیبان تەنها پیاوان دەتوانن شایەتی بدەن، لە پارێزگای بەڵخیش مەرج بۆ ئەو پیاوانە دەبێت بستێک ریشیان درێژ بێت.
لە راگەیاندراوێکدا کە میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردۆتەوە، لە شاری دێهدادی سەر بە پارێزگای بەلخ ئەو پیاوانەی ریشیان لە بستێک کورتر بێت، وەک شایەتحاڵ، مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت و رێگەشیان پێنادرێت بچنە دادگاوە.
لە چەند رۆژی ڕابردودا سەرۆکی ئەم دادگایە رێگەی بە چەند پیاوێک نەداوە کە ویستویانە وەک شایەتحاڵ لە دۆسیەی کەسوکار و ناسیاوەکانیاندا ئامادەبن و فەرمانی بە کارمەندە ئەمنییەکان کردوە، هەرکەس ریشی لە بستێک کەمتر بوو نەیکەنە ژوری دادگاوە.
دادوەری ئەو دادگایە ئاگاداریەکی لەسەر دیواری دادگاکە لەسەر ئەم بابەتە داناوە بۆ ئەوەی خەڵک ئاگاداری ئەو بڕیارە بن.
لە ئاگاداریەکەدا ئاماژە بەوە کراوە هەر شایەتێک دێنە دادگا، ئەگەر ریشیان تاشراو بو یاخود کورتتر بوو لە بستێک، ئەوا لەلایەن دادگا و یاسای شەریعەتەوە پەسەند نەکراوە.
ریش هێشتنەوە یەکێکە لە پەسەندکراوەکانی حکومی تاڵیبان و لە چەندان سەکۆی فەرمی ئەو وڵاتە کاری لەسەر دەکرێت و ، هاوڵاتیەک پەسەند نییە کە ریشێکی درێژی نەبێت.