رۆمانێکی بەختیار عەلی دەخرێتە لیستی ١٠٠ باشترین کتێبەکانی جیهان


رۆژنامەی نۆیە زیوریخە تسایتونگ لیستی باشترین ١٠٠ کتێبی سەدەی ٢١ـی بڵاوکردەوە و "دواهەمین هەناری دونیا"ـی بەختیار عەلی یەکێکە لەو کتێبانە.

رۆژنامەی نۆیە زیورخە بۆ باشترین ١٠٠ کتێبی سەدەی ٢١، رۆمانی ئوستەرلیتزی تایبەت بە نووسەری ئەڵمانی، وینفرید گیۆرگ سیباڵد لە ریزبەندی یەکەمدا دانا.

لە ریزبەندی دووەم کتێب، کتێبی "ئازادی" دێت کە لەلایەن جۆناسن فرانزێن، نووسەری ئەمریکییەوە بەرهەمهێنراوە، لە دوای ئەویش کتێبی "کاتی دەستی دوو" دێت کە سڤێتلانە ئەلێکسیڤێچ، رۆژنامەنووسی بێلارووسی نووسراوە.

هەر لە ریزبەندییەکەی نۆیە زیوریخە تسایتونگ کتێبی "دواهەمین هەناری دونیا"ـی بەختیار عەلی ریزبەندی ٨٠ هەمینی مینی وەرگرتووە.

دواهەمین هەناری دونیا، یەکێکە لە دیارترین رۆمانەکانی بەختیار عەلی و لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، بۆسەر حەوت زمانی جیاوازی بیانی وەرگێڕانی بۆ کراوە لەوانە، خراوەتە سەر زمانەکانی «ئەڵمانی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئیتالی، فەرەنسی، ئینگلیزی»، ئەمە جگە لە نوێ نوسینەوە کوردییەکانی بۆ «کرمانجی و بادینی».

لەو بارەیەوە بەختیار عەلی لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، "جێگای شانازییەکی گەورەی ئێمەیە، بڵێین دواهەمین هەناری دونیا لە ناو سەدان هەزار کتێب و دەیان هەزار نووسەری دونیادا، شوێنی خۆی لە ناو ١٠٠باشترین کتێبی سەدەی ٢١دا کردۆتەوە."

بەختیار عەلی لە ساڵی ١٩٦٠ لە گەڕەکی «ئیبراھیم پاشا»[١][٢] لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی «شێخ سەلام» لە سلێمانی تەواو کردووە و پاشان خوێندنی ناوەندی لە «ناوەندی ئەزمەڕ» و خوێندی ئامادەیی لە ئامادەیی «ھەڵکەوت» ی کوڕان تەواو کردووە. پاشان لە ھەردوو زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدین خوێندکاری کۆلیژی زانست بەشی زەویناسی دەبێت، بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ لە ھەولێر بریندار دەبێت و دەست لە خوێندنی زانکۆ ھەڵدەگرێت و بە تەواوی خۆی بۆ کاری نووسین و ئەدەبیات یەکلا دەکاتەوە. ساڵی ١٩٨٥، بەھۆی بارودۆخی نالەباری باشووری کوردستان و بۆ ئەوەی لە سوپای عێراقیدا نەبێتە سەرباز، دەچێت بۆ ئێران و نزیکی ٨ مانگ لە شاری کەرەج لە کامپێکی پەنابەراندا دەژی. بارودۆخی دژواری کەمپەکە و بێ ھیوایی وادەکات بگەڕێتەوە و ماوەیەکی درێژ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بمێنێتەوە. دوای بەجێھێشتنی شاری کەرەج بە ھاورێیەتی ھەردوو نووسەر «فاروق ڕەفیق» و «ڕێبوار سیوەیلی» ڕوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکات و بۆ ماوەیەک لە ناوچەی «چەمپاراو» نیشتەجێدەبن و پاشانیش لەگەڵ ئەو دوو نووسەرە لە شاری بانە دەمێننەوە.[١] پاش سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ، کوردستان بە جێ دەھێڵێت و ڕوودەکاتە سووریا و پاشان ئەڵمانیا. لە ساڵی ١٩٩٩وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت.[٣]

لە ژیانی ئەدەبیدا، یەکەم بەرھەمی بڵاوکراوەی بەختیار عەلی قەسیدەی «نیشتیمان» ـە – کە قەسیدەیەکی دوورودرێژە. لە ساڵانی ھەشتادا بەختیار کۆمەڵێک قەسیدەی درێژ دەنووسێت، وەک «شار»، «گوناھ»، «کەرنەڤاڵ» و چەندانی تر، دەستنووسی یەکەم ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم» یش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە. لە پاییزی ساڵی ١٩٨٩دا، یەکەمین وتاری بە دوو بەش بە ناونیشانی «قسەکردن لە پەراوێزی بێدەنگی» دا لە ڕۆژنامەی «پاشکۆی عێراق» دا بڵاودەبێتەوە. لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا، لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری تردا ژمارە یەکی «گۆڤاری ئازادی» دەردەکەن کە دواتر پێنج ژمارەی لێ بڵاودەبێتەوە. لە ساڵی ١٩٩٢دا، یەکەمین کۆمەڵە شیعری بەناوی «گوناھ و کەرنەڤاڵ» بەجۆرێکی ئێجگار سادە و سەرەتایی و بە تیراژێکی کەم چاپ دەکرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین کۆڕ و سیمینار لە ھەولێر و سلێمانی لەبارەی ئەدەب و فەلسەفەوە پێشکەش دەکات و ئیشەکانی لە پاڵ ئیشی کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیری تردا وەک سەرەتای سەرھەڵدانی جۆرە تێڕوانینێکی جیاواز بۆ ئەدەب و کۆمەڵگا سەیردەکرێن.

دوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ئەیلوولی ١٩٩٤دا کوردستان بەجێدەھێڵێت و ڕوو دەکاتە سووریا، پاش نۆ مانگ ژیان لە دیمەشقدا دەگاتە ئەڵمانیا و تا ساڵی ١٩٩٩ لە فڕانکفورت نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٩٩٧یشدا دەست بە نووسینی ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە» دەکات و لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ تەواوی دەکات. لە ساڵی ١٩٩٩وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت.

پاشان لە ساڵانی نەوەدەکان ھاوشانی «ڕێبین ھەردی»، «ڕێبوار سیوەیلی»، «مەریوان وریا قانع»، «فاروق ڕەفیق»، «ئاراس فەتاح»، «ھەڵکەوت عەبدوڵا» ناوەندی ڕەھەند دادەمەزرێنن، پاشان چەند ژمارەیەک لە گۆڤاری ڕەھەند بڵاو دەکەنەوە – کە گۆڤارێکی ئەدەبی و فیکری بووە.

ژیانی تایبەتی، بەختیار عەلی لەسەر نووسینەکانی خۆی دەڵێت «لە پشت وشەیەکەوە کە خستوومەتە سەر کاغەز خەونێک ھەیە [...] خەونی گۆڕینی دونیا تەنانەت گەر کەمێکیش بێت». بەختیار عەلی لە نووسیندا دەستی ڕاستی بەکاردێنێت و پەنجەیەکی دەستی چەپیشی لەکارکەوتووە بەھۆی برینداربوونی لە خۆپیشاندانی ھەولێری ساڵی ١٩٨٣ی دژی بەعس.

بەختیار عەلی خەونی ئەوە بووە کە ببێتە سینەماکار، و لەبارەیەوە دەڵێت: «ئەو شتەی کە حەزم لێیبووە و ھەرگیز نەشموێراوە باسی بکەم و بیھێنمەدی، حەزم بووە لە بواری سینەما... ئێستا ئەگەر لێمبپرسیت: «گەر نووسەر نەبیت، حەزت دەکرد ببیتە چی؟». بێ دوودڵی وەڵامم دەدایتەوە: «حەزم دەکرد ببمە سینەماکار»

ناوبراو ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و سەرقاڵی پرۆژەکانیەتی لەبواری نووسینی رۆمان و لێکۆڵینەوەدا.






AM:10:08:25/11/2024