بڕیارە سبەینێ یەکشەممە لە شاری سلێمانی پێشانگایەک بە ناونیشانی (تەنیاترین ژن)، بۆ وێنەكانی خانمە هونەرمەندی کۆچکردوو (فەتانەی وەلیدی) بکرێتەوە و بۆماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ڕێكخراوی مەرزییە لە درێژەی كار و چالاكییە هونەرییەكانیدا، پێشانگایەكی فۆتۆگرافی لە ژێر ناونیشانی (تەنیاترین ژن) بۆ وێنەكانی هونەرمەندی كۆچكردوو (فەتانە وەلیدی) دەکاتەوە.
هەروەها ئەم پێشانگایە بۆ هونەرمەند فۆتۆگرافەر بە ناوی ئافشین فەتاحی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە ڕێكخراوە.
پێشانگاکە لە کاتژمێر (١٠:٠٠) بەیانی سبەینێ تا کاتژمێر (٥:٠٠)ی ئێوارە لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەكەی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و تێیدا وێنەکانی خانمە هونەرمەندی کۆچکردوو (فەتانەی وەلیدی) نمایشدەکرێن.
بڕیارە پێشانگاکە تا ڕۆژی سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بەردەوام بێت.
فەتانەی وەلیدی ساڵی (١٩٥٣) لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە خانەوادەیەکی هونەرمەندی ئەو شارە لە دایكبووە، لە خوێندنگەی باڵای میوزیك لە تاران خوێندوویەتی و ساڵانی حەفتاكان لە رێگەی حەسەن كامگار، باوكی گرووپی كامگارەكان و محەمەد شەریف وەلیدی، باوكی خۆی ئاشنای جیهانی گۆرانی و موزیک بووە.
هەروەها ئەم خانمە هونەرمەندە یەکێک لە یەکەمین گۆرانیبێژانی ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە رادیۆی سنە و کرماشان (٥٦) گۆرانی تۆمارکردووە و یەکێکە لە دیارترین گۆرانیبێژەکانی کوردستان.
بۆ ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی، گۆرانی وتن تەنانەت بۆ پیاوانیش وەکو کارێکی نەشیاو سەیردەکرا، بەو ھۆیەوە فەتانە ڕووبەڕووی جۆرەھا ڕەخنە و تانە بوویەوە، بەڵام دواتر فەتانە توانی ببێتە یەکێک لە ژنە ڕەچەشکێنەکان لە مەیدانی ھونەر و مۆسیقای کوردیدا و
بووە ئیلھامبەخشی ژمارەیەک لە ھونەرمەندانی ژن و تەنانەت پیاوی تر لە کوردستان.
فەتانە وەلیدی بە هەژاری ژیانی تێپەڕ دەکرد و لە کاتێکدا چەند ساڵێک بوو تووشی نەخۆشی بوو، لە ڕۆژی ٢٤ی ئەیلولی ئەمساڵ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.