بەپێی زانیاری فەرمی کە (مەڵبەندی هونەری ماملێ) بڵاوی کردووەتەوە، خەڵاتی زێڕینی ساڵانەی محەمەدی ماملێ، بۆ ئەمساڵ دەبەخشرێتە عەلی ئەکبەر مورادی هونەرمەندی ناوداری کوردی کرماشان.
خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١٦ ساڵه لەلایەن ناوەندی ماملێوە چالاکە و هەموو ساڵێک پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا شوێندانەر و کارتێکەر بوون و گەشەیان پێ بەخشیوە.
لە درێژەی چالاکی ساڵانەی ناوەندی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، بڕیاردراوە کە خەڵاتی ساڵانەی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پێشکەش بە هونەرمەند عەلی ئەکبەر مورادی بکرێت.
عەلی ئەکبەر مورادی ساڵی ١٩٥٨ له گوندی بانزلانی ئێلی گۆران لە شاری داڵاهـۆی پارێزگای کرماشان و لە بنەمالەیەکی کوردی یارسان لە دایکبووە.
عەلی ئەکبەر مورادی تەمیرەژەنینی لە تەمەنی شەش ساڵانەوە دەستپێکردووە لەلای مامۆستایانی هەڵکەوتە و دیار وەک دروێش عەلیمیر دەروێش، سەید هاشم، سەید وەلی حسێنی، سەید مەحمود عەلەوی، کاکی ئەڵڵا موراد حەمیدی.
قۆناغەکانی فێربوونی سازی تەمیرەی تا ڕادەیەکی بەرچاو تەواو کرد، لە تەمەنی ٣٠ ساڵەی ژیانیدا، ژەندنی کۆی ۷۲ مەقامی تەمیـرەی فێـر بووە.
مامۆستا عەلی ئەکبەر کە مامۆستای خوێندنگاکانی کرماشان بووە، هاوکات چالاکی هونەری خۆی بە چەشنی پیشەیی و شارەزایانە، لە ساڵی ۱٩٧١ی زایینی بە تاکژەنینی تەمیرە دەسپێکرد و لە ساڵـی ۱٩٧٢ لەگەڵ هونەرمەند و دەستڕەنگینی خۆی ئەلقاسی و خادەمی گرووپی سازی تەمیـرەیان لە کرماشان دامەزراندووە.
عەلی ئەکبەر مورادی لە ساڵی ۱٩٩٣ کەوتە سەر لێکۆڵینەوە لەسەر ملۆدی و گۆرانییەکانی ناوچەی کرماشان و بە کۆکردنەوە و تۆماری مەقامە کۆنەکان توانی گەنجینەیەک لەو میلۆدییانە بپارێزێت.
ئەو لێکۆڵینەوانە دواتـر لەلایەن ماڵی کولتوورەکانی جیهان لە پاریس و، پاشان لە ئێران لەلایەن ڕێـکخراوی ماهوور، لە کۆی چوار (سی دی) بڵاوکرایـەوە.
مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی جگە لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی (راهێنانی سەت دەرسی شێـوازی تەمیرەژەنین) کە وەک سەرچاوە و کۆڵەکەی ئەو ئامێرە کوردییە دەناسرێ، بە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەم گەلێکی تر لە بواری موزیک و گۆرانی کوردیدا توانیوێتی خزمەتێکگی گەورە بە موزیکی نەتەوەی کورد پێشکەش بکات.
ئەو هونەرمەندە کە خاوەنی دوو کوڕە بە ناوەکانی ئاڕەش و کوروش، کاری لەگەڵ کردوون و فێری تان و پۆی موسیقای کردوون، ئێستا هەرکام لەوان مامۆستایەکن لە موزیکی کوردیدا و تەنانەت لە چەندین کۆنسێرتدا لە ئەمریکا و ئەوروپا شانبەشانی باوکیان دەرکەوتوون و بەرهەمگەلێکی کوردییان پێشکەش کردووە.